Accessibility links

ڕوانگەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ: لە 2024 زیاتر لە 600 حاڵەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە عەفرین و دەوروبەری ڕوویانداوە


ڕوانگەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاند لە ماوەی ساڵی 2024 دا زیاتر لە 600 حاڵەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی لایەنگری لە عەفرین و دەوروبەری ڕوویانداوە.

ئەم ڕێکخراوە کە تۆڕێکی گەورەی چالاکوانی لە ناو سوریا هەیە، ڕۆژی هەینی ڕاپۆرتێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت هەموو پێشێلکارییەکانی دۆکۆمێنت کردووە و بەدواداچوونیشی بۆ کردوون. دەشڵێت کەم ڕۆژ هەیە لەو ناوچانە پێشێلکاری یان کردنە ئامانج یان تەقینەوە و ڕووداوی لەو جۆرە ڕوونەدەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکە لە 1 ی مانگی یەکی 2024 هەتا 27 ی مانگی دوازدەی 2024 ، لەو ناوچانە 76 کەس بەهۆی پێشێلکارییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، لەوانە 38 کەسیان سیڤیل بوون لە نێویاندا 8 منداڵ و 3 ژن. هەروەها زیاتر لە 57 کەسیش لەو ماوەیەدا برینداربوون.

دەشڵێت ئەو 38 کەسە سیڤیلەی کوژراون، 11 کەسیان بەهۆی تاوانکاری کوشتن بووە، 9 کەسیشیان بە گولـلەی وێڵ و شەڕی نێوان گروپەکان گیانیان لەدەستداوە و 7 کەسیش بە گولـلەی هێزەکانی تورکیا کوژراون و 5 کەسیش بە گولـلە و بۆردومانی ڕژێمی ڕووخاوی بەشار ئەسەد کوژراون و 3 کەسیش کوژراون کە نازانرێت لەسەر چی بووە، 2 کەسیش بە دەستی گروپە چەکدارەکان کوژراون و یەک کەسیش لە ژێر ئەشکەنجەی گروپە چەکدارەکان گیانی لەدەستداوە.

ڕێکخراوەکە لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی وردەکانی کوژراوە ناسیڤیلیەکانیش دەخاتە ڕوو، دەڵێت 16 کەسیان لە شەڕی نێوان گروپەکان کوژراون، 12 کەسیان بە دەستی هێزە کوردییەکان کوژراون و 4 کەسیان تیرۆرکراون و 2 کەسیشیان بە تەقینەوە گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیان لە ژێر ئەشکەنجەی گروپەکان لە زیندان گیانی لەدەستداوە و کەسێکیش بە بۆردومانی ڕژێمی ڕووخاو کوژراوە و کەسێکیش لە پێکدادانێکدا لەگەڵ کەسانی نەناسراو کوژراوە.

ڕاپۆرتەکە باس لەوەش دەکات لە ماوەی ئەمساڵ، 22 حاڵەتی شەڕ لە نێوان گروپەکان یان بنەماڵە و خێڵەکان ڕوویانداوە لەو ناوچەیەی بە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی "چڵی زەیتون" ناسراوە. بەهۆی ئەو شەڕانە 25 کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکە برینداربوون. لەگەڵ ئەوانەشدا 44 حاڵەتی ئازاردان و دەستدرێژیکردن لە لایەن گروپە چەکدارەکانەوە بۆ سەر خەڵکی سیڤیل ڕوویانداوە.

سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی دیکە، ڕاپۆرتەکە دەڵێت 111 حاڵەتی تاڵانیکردن و دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵی خەڵکی لە عەفرین و ناوچەکانی دەوروبەری ڕوویانداوە. دەشڵێت بە دەستی ئەندام و فەرماندەکانی ئەو گروپانەی سەر بە حکومەتی تورکیا کراون و ئەو موڵک و ماڵانە کە باخ و کێڵگەی کشتوکاڵیشیان تێدایە، خاوەنەکانیان ئەو خەڵکانەن کە بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنی چڵی زەیتونەوە ئاوارەبوون. هەروەها 28 حاڵەتی فرۆشتنی فرۆشگە و ماڵی خەڵکی ئاوارە ڕوویانداوە کە بە زەبری چەک دەستیان بەسەریاندا گرتبوو.

ڕوانگەی سوریا لە ڕاپۆرتەکەی باس لەوەش دەکات 124 حاڵەتی بڕینی داری بەردار بە دەستی گروپە چەکدارەکان دەکات و دەڵێت بە هەزاران دار زەیتون لە گوندەکانی عەفرین بڕاونەتەوە. دەشڵێت 243 حاڵەتی وەرگرتنی سەرانەشیان لەو ناوچانە تۆمارکردووە کە لە لایەن گروپە چەکدارەکان و پۆلیس و دادگای سەربازی و ئەنجومەنە خۆجێیەکانەوە کراون. لەگەڵ ئەوانەشدا 61 حاڵەتی دزی ڕوویانداوە کە زۆربەی لە لایەن چەکدارانی ئەو گروپانەوە کراون.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، ئەو گروپانە و حکومەتی تورکیا هیچیان لە بارەی ئەم ڕاپۆرتەوە بڵاونەکردووەتەوە. تورکیا دەڵێت ئۆپەراسیۆنەکانی لەو ناوچەیە بۆ نەهێشتنی تێرۆرزمە کە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی دروستدەکات.

سەرچاوە/ ڕوانگەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ.

XS
SM
MD
LG