ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پەیامەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان ی ڕێبەری پەکەکە هاوتەریب بوون لەگەڵ ئەو پەیامانەی پێشتر یەکگرتووی ئیسلامی ئاراستەی خەڵکی ڕۆژاڤاو پەکەکەی کردووە. ئەو ڕەخنانەشی لە حزبەکەی دەگیرێت سەبارەت بە وابەستەبوون بە ئەجێندای تورکیاوە بە ناواقعی وەسف دەکات.
بورهان مزەفەر، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دونیا بینی ئێمە جیاوازەو لەسەر بنەمای دونیا بینی خۆمان چووینە نێو چارەسەرکردنی کێشەی ڕۆژاڤاوە، پێمانوایە کێشەی ڕۆژاڤا لە دیمەشقەوە چارەسەر دەکرێت. ئێمە دەمانەوێت هەموو دیوە کێشەدارەکانی ڕۆژاڤا چارەسەر بکرێت، پێویست دەکات ڕۆژاڤا لەگەڵ تورکیاش بێ کێشە بێت تا کۆتایی بە ئۆپەراسیۆن و هێرش بهێنرێت."
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەسەر ئاستی شەقامی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەتەوە، ئەم هێزە بە نزیکایەتی لەگەڵ ئاکەپە و بە جێبەجێکاری ئەجێندای تورکیا لە بەرامبەر کێشەی کوردستانی سوریا تۆمەتبار دەکرێت.
بورهان موزەفەر سەرجەم ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوەو دەڵێت،"پەیامەکەی ئۆجەلان هاوتەریبە لەگەڵ ئەو پەیامانەی ئێمە ئاراستەی خەڵکی ڕۆژاڤاو پەکەکەشمان کردووە، پەیامەکان گرێدراو بوون بەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ تورکیا و پرۆسەی سیاسی و چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی کورد بکرێت. ئێمە لەگەڵ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانەی دوور لە توندوتیژین بۆ دۆزی کورد."
لەکاتێکدا ناکۆکی نێوان تورکیاو کوردانی سوریا گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز، بەڵام ڕۆژی 17 ی مانگی 12 ی 2024، سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی سەردانی تورکیای کردو لەلایەن جێگری وەزیری دەرەوەو بەرپرسی دۆسیەی عێراقەوە پێشوازی لێکرا.
بورهان مزەفەر دەڵێت،"یەکگرتوو دەیەوێت پەیام بگەیەنێتە تورکیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە شێوازێکی ژیرانەو دوور لە چەک، ئەم پەیامەمان بەڕوون و ڕاشکاو گەیاندووە. دواتریش پەیاممان گەیاندووەتە هەسەدەو ئەنەکەسە بەوەی ریزەکانیان یەکبخەن و پەیامی ئیجابی بۆ تورکیا بنێرن، پاشان هەوڵبدەن لە ڕێگەی دیمەشقەوە کێشەکان چارەسەر بکەن."
هۆکاری تۆمەتبارکردنی یەکگرتووی ئیسلامی بە نزیکایەتی تورکیا بۆ ئەوە دەگێڕدرێتەوە لەگەڵ ئاکەپەی حزبی فەرمانڕەوای تورکیا لە سەر یەک هێڵی فکری و ئایدۆلۆژین، گوایە هەردوو پارتەکە لەسەر هێڵی ئیخوانین.
یەکگرتووی ئیسلامی تەنها هێزی ئیسلامی نییە لە سەر ڕووداوەکانی سوریا لەلایەن شەقامی کوردییەوە ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە، بەڵکو کۆمەڵی دادگەری و بزووتنەوەی ئیسلامیش بەهاوسۆزی لەگەڵ دەستەی تەحریر شام تۆمەتبار دەکرێن بەو پێیەی باکگراوەندێکی جیهادییان هەیە.
عێرفان عەبدولعەزیز، ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی، نایشارێتەوە هاوسۆزن لەگەڵ دەستەی تەحریر شامدا و ئاماژە بەوەشدەکات دۆستایەتی ونزیکایەتییان لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی دەستەکەدا هەیە.
شوان ڕابەر، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، لەبارەی هەڵوێستی حزبەکەی لە بەرامبەر ڕووداوەکانی سوریا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دەستەی تەحریر شام تەیارێکی ئیسلامی سونی جیهادین و پێشتر بەشێک بوون لە ڕێکخراوی قاعیدە، ئێستا کە بە هەوڵ و بەرگری خۆیان و بە ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی دەسەڵاتی سوریایان گرتووەتە دەست، بیروبۆچوونیان گۆڕاوە."
هەروەها وتیشی،"بیروبۆچوونی ئێستای تەحریر شام بۆ سەردەمی حوکمڕانی گونجاوە و دەوڵەت دەبێت بۆ هەمووان بێت، گەر بتوانن بەشێوەیەکی باش سوریا بەڕێوەبەرن و بەشداری بەهەموو پێکهاتەکان بکەن، بە ناحەق توندوتیژی مومارەسە نەکەن، کارێکی باشەو لەدەسەڵات دەمێننەوە، دەبنە نموونیەکی باشیش بۆبزووتنەوە ئیسلامییە جیهادییەکان."
لەکاتێکدا لایەنە ئیسلامییەکان ڕەتیدەکەنەوە هەڵوێستی نەرێنییان بەرامبەر کوردانی سوریا هەبێت، بەڵام لای بەشێکی زۆر لە شەقامی کوردی پاساوەکانیان بەهەند وەرناگیرێت و تۆمەتبار دەکرێن بەوەی ئایدۆلۆژیایان پێش بەرژەوەندی نەتەوە خستووە.
لەتیف فاتیح فەرەج، نوسەرو چاودێری سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لایەنە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی لایەنە عەلمانییەکان بوون بە دارشەقی وڵاتانی دەوروبەرو لە ژێر کاریگەری ناوەندە ئایدۆلۆژییە جیاوازەکاندان، نەیانتوانیووە لە سەر پێی خۆیان ڕاوەستن و لە ژێر کاریگەری ئەواندان."
دەشڵێت،"بۆ لایەنە ئیسلامییەکان نزیکایەتی یەکگرتووی ئیسلامی لە ئاکەپەو بزووتنەوەی ئیسلامی لە دەستی تەحریر شام ئاساییە، چونکە لایەنە ئیسلامییەکان بوون بە بەشێک لەو مەدە ئیسلامییەی لە پێش ساڵی هەشتاکان دروستبووەو دابەشبوون بەسەر دیدە جیاوازەکاندا." تەنها لایەنە ئیسلامییەکان لەسەر ئاستی شەقامی کوردی بە لایەنگیری کردن بۆ هێزە ئیسلامییە دەرەکییەکان و وڵاتان تۆمەتبار ناکرێن، بەڵکو یەکێک لەو ڕەخنانەی هەمیشە لە یەکێتی و پارتی وەکو دوو هێزی حوکمڕانی هەرێم دەگیرێت نزیکایەتییانە لەگەڵ ئێران وتورکیا دا.