سەرکردەکان و سەرۆکەکانی پێشووی ئەمەریکا دڵگرانی خۆیان دەربڕی بەرامبەر کۆچی دوایی جیمی کارتەر سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا کە بە هەوڵە سەرکەوتووەکانی بۆ ئاشتی نێوان ئیسرائیل و میسر ناسراو و دواتر بۆ کارە مرۆییەکانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێنا.
جیمی کارتەر 39 هەمین سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە لە تەمەنی 100 ساڵێدا کۆچی دوایی کرد.
سەرۆک بایدن
سەرۆک بایدن ڕۆژی یەکشەممە لە پەیامێکدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ ئەمەریکا و جیهان سەرکردەیەکی نائاسایی و دەوڵەتمەدار و مرۆڤدۆستێکیان لەدەستدا".
سەرۆک بایدن و جیل بایدنی خامی یەکەم لە بەیاننامەکەیاندا دەڵێن بۆ ماوەی زیاتر لە "شەش دەیەی ڕابردوو ئەو شەرەفەمان پێبەخشرا کە جیمی کارتەرمان بە هاوڕێیەکی ئازیز ناودەبرد. بەڵام، ئەوەی نائاساییە لەبارەی جیمی کارتەرەوە، ئەوەیە ملیۆنان کەس لە سەرانسەری ئەمەریکا و جیهاندا کە هەرگیز نەشیان بینیوە، بە هاوڕێیەکی ئازیزی خۆیانیان دەزانی."
کامڵا هێرس، جێگری سەرۆک
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامڵا هێرس لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند "سەرۆک جیمی کارتەر بە باوەڕێکی قووڵ و بەردەوامی هەبوو بە یەزدان، ئەمەریکا و مرۆڤایەتی."
خانم هێرس دەشڵێت "ژیانی جیمی کارتەر بەڵگەیەکە لەسەر هێزی خزمەتکردن، وەک سەرکردەیەک لە هێزی دەریایی ئەمەریکا، 76هەمین فەرمانڕەوای جۆرجیا، و 39هەمین سەرۆکی ئەمەریکا. بیری ئەمەریکا و جیهانی خستەوە کە هێز لە ڕەوشت و هاوسۆزیدایە."
دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی هەڵبژێردراو
دانۆڵد ترامپ سەرۆکی هەڵبژێردراو بە ناوی خۆی و میلانیای هاوسەری ڕایگەیاند "ئەو ئاستەنگانەی جیمی وەک سەرۆک کۆمار ڕووبەڕووی بووەوە، لە کاتێکی زۆر گرنگدا بوو لە وڵاتەکەماندا و هەموو شتێکی لە توانای خۆیدا کرد بۆ باشترکردنی ژیانی هەموو ئەمەریکاییەکان. بۆ ئەوەش هەموومان سوپاسیگوزاری پێ قەرزدارین".
دەشڵێت "من و میلانیا لەم کاتە سەختەدا بنەماڵەی کارتەر و ئازیزانیانمان لە یادە. داوا لە هەمووان دەکەین لە دڵ و نزاکانیاندا جێگەیان بکەنەوە."
باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا
باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە ڕاگەیاندنێکیدا لە تۆڕی ئێکس (تویتەر) دەڵێت " سەرۆک کارتەر هەموومانی فێرکرد ژیانێکی شەرەفمەندانە و کەرامەت و دادپەروەری و خزمەتکردن مانای چییە. میشێڵ و خۆم، هاوخەمی و نزاکانمان بۆ بنەماڵەی کارتەر و هەموو ئەوانە دەنێرین کە ئەم پیاوە مەزنەیان خۆشویستووە و لێوەی فێربوون."
جۆرج بوش، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا
سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا جۆرج بوش دەڵێت "من و لۆرا پرسە و سەرەخۆشی لە دڵەوە ئاراستەی جاک، چیپ، جێف، ئیمی و تەواوی خێزانی کارتەر دەکەین."
گوتیشی "جەیمس ئێرل کارتەر جونیەر، پیاوێک بوو خاوەن بڕوایەکی قووڵ. دڵسۆزی خێزانەکەی و کۆمەڵگاکەی و وڵاتەکەی بوو. سەرۆک کارتەر کەرامەتی بە کارەکەی بەخشی. وە هەوڵەکانی بۆ بەدیهێنانی جیهانێکی باشتر لە پاش سەرۆکایەتییەکەشی کۆتاییپێنەهات. کارەکانی لەگەڵ (ڕێکخراوی) هابیتات بۆ مرۆڤایەتی و سەنتەری کارتەر نموونەی خزمەتگوزاریە کە بۆ چەندین نەوە ئیلهامبەخش دەبێت بۆ ئەمەریکییەکان."
بیڵ کڵنتن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا
سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بیڵ کڵنتن و هیلاری کڵنتن، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا لە سەر جیمی کارتەر دەڵێن " هەر لە پابەندبوونی بە مافە مەدەنییەکان وەک سیناتۆرێکی ویلایەت و فەرمانڕەوای جۆرجیاوە بگرە بۆ هەوڵەکانی وەک سەرۆک بۆ پاراستنی پەناگەی نیشتمانی گیانلەبەرە کێوییەکانی جەمسەری باکوور و ئەولەویەتدان بە پاراستنی وزە، تا دەگاتە گەڕاندنەوەی کەناڵی پەنەما بۆ پەنەما و دەستەبەرکردنی ئاشتی لە نێوان میسر و ئیسرائیل لە کامپ دەیڤد و کارەکانی لە سەنتەری کارتەر بۆ پێشخستنی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە و ئاشتی و بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی و پشتگیریکردنی دیموکراسی، و خۆبەخشی ئەو و ڕۆزالین بۆ هابیتات بۆ مرۆڤایەتی- ئەو ماندونەناسانە کاری کرد بۆ جیهانێکی باشتر و ڕەواتر."
جیمی کارتەر 39 هەمین سەرۆکی ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بوو.
لە 1ی مانگی دەی ساڵی 1924 لە پلەینس، شارۆچکەیەکی بچووکی ویلایەتی جۆرجیا لە دایک بوو. باوکی جوتیار و کاردار بوو و دایکیشی پەرستاربوو.
لە 12ی یەکی ساڵی 1974 کاندیدبوونی خۆی بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕاگەیاند و لە ساڵی 1976 لە کۆنگرەی دیموکراتەکاندا دەنگی پێدرا بۆ بوون بە کاندیدی سەرەکی ئەو حزبە لە هەڵبژاردنەکانی ئەو ساڵەدا. و لە 2ی مانگی یازدەی ساڵی 1976 وەک 39 هەمین سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرا.
ڕۆژی یەکشەممە لە ماڵەکی خۆی لە جۆرجیا لە تەمەنی 100 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.