بەرپرسێکی سوریا ڕایگەیاند ئەحمەد شەرع فەرمانڕەوای دیفاکتۆی سوریا سەرەتای ئەم هەفتەیە لەگەڵ نوێنەرانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دانیشتنێکی ئەنجام داوە و دەڵێت گفتوگۆکان "ئەرێنی" بوون.
دانیشتنەکە ڕۆژی دووشەممە ئەنجامدراوە و بە یەکەم دانوستانی فەرمی ئەحمەد شەرع (ئەبو محەمەد جۆلانی) دادەندرێت لەگەڵ هەسەدە لەو کاتەوەی یاخیبووەکانی بە سەرکردایەتی گرووپی ئیسلامی تەحریری شام لە 8ی دوازدەی مانگی ڕابردوو ڕژێمی بەشار ئەسەدیان ڕووخاند.
ئەو بەرپرسە سورییەی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، "رۆژی دووشەممە کۆبوونەوەیەک لە نێوان بەرپرسانی باڵای هێزەکانی سوریای دیموکرات و جۆلانی لە دیمەشق ئەنجامدرا."
وتیشی، "ئەوە کۆبوونەوەیەکی سەرەتایی بوو بۆ دانانی بناغەکانی گفتوگۆی داهاتوو. هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر بەردەوامبوون لەسەر ئەم کۆبوونەوانە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنەکانی داهاتوو."
بەرپرسەکە کۆبوونەوەکەی بە "ئەرێنی" وەسف کرد و وتی "لە داهاتوودا گفتوگۆ و کۆبوونەوەکان چڕتر دەکرێنەوە."
ئەم هەنگاوە لە کاتێدایە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا بەردەوام شەڕ و پێکدادانی کوشندە لە باکوری سوریا لە نێوان لایەنەکانی سەر بە تورکیا و هێزەکانی هەسەدە ڕوویداوە.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە چەکدارانی سەر بە تورکیا سێ کارمەندی ئاسایشی سەر بە کوردیان لە شاری حەلەب کوشتووە.
ڕۆژی یەکشەممە ئەحمەد شەرع لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی ئەلعەرەبییە ڕاگەیاند، پێویستە هێزەکانی هەسەدە بخرێنە ناو سوپای نوێی نیشتمانییەوە.
وتیشی، "چەک دەبێت بەتەنها بەدەست دەوڵەتەوە بێت، هەرکەسێک چەکدار بێت و شایستەی پەیوەندی بە وەزارەتی بەرگرییەوە بێت، ئێمە پێشوازی لێدەکەین. بەپێی ئەم مەرج و ڕێسایانە، ئێمە گفتوگۆیەکی دانوستاندن لەگەڵ هەسەدە دەکەینەوە... بۆ ئەوەی بەڵکو چارەسەرێکی گونجاو بدۆزینەوە."
سەرچاوە: فرانس پرێس