دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە داخستنی چوار ناوەندی هونەری و ڕاگەیاندن لە سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە داخستنەکە لەسەر بڕیارێکی ئەنجومەنی دادوەری عێراقەوە بووە، بەڵام بەرپرسانی ئەو ناوەندانە دەڵێن لە ژێر فشاری سیاسی تورکیا بووە.
دوێنێ 31ی مانگی دوازدەی 2024، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان چووە سەر بارەگای ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان و کۆمپانیای گزنگی بەرەبەیان کە بەرنامە بۆ تەلەفزیۆنی ژن تیڤی بەرهەم دەهێنێت و دوو ڕێکخراوی هونەری بەناوی نوێگەر و مەرزیە بە مەبەستی داخستنیان.
عەقید سەلام عەبدولخالق لێپرسراوی ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە لایەنی جێبەجێکارین؛ بڕیارەکە لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەری عێراقەو دراوە کە مۆڵەتیان نەماوە بۆ کارکردن لە عێراقدا."
وتیشی، "مۆڵەتیان تەواو بووە؛ کاتەکە دیارە هەتا کۆتایی ئەمساڵ بووە. بڕیارەکە دەرکراوە و ئێمە جێبەجێکارین چونکە لەو شوێنانەیە کە سنوری ئێمەن."
بەڵام بەڕێوەبەرانی ئەو ناوەندانە داخستنەکە بە سیاسی ناودەبەن و دەڵێن بڕیارێکی هاوبەشە لەنێوان تورکیا و عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ڕووناک مەجید، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دوێنێ ئاسایش بەبێ ئاگادارکردنەوە یاخود بڕیاری دادوەر هاتە سەر بارەگاکەمان و ئاگاداریان کردین کە دەبێت بارەگاکەمان دابخەین."
وتی، "درێژکراوەی ئەو بڕیارەیە کە لە مانگی هەشتدا درا و سێ پارتی سیاسیان لە هەرێم قەدەغەکرد. بۆ ئەمەش ڕێککەوتنی هاوبەش ئەنجامدراوە لە نێوان عێراق و تورکیا؛ فشار لە بەرپرسانی سلێمانیش کراوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە؛ بۆیە بڕیارەکە سیاسییە."
هەرچەندە ئەو ناوەندانە جەخت لە بوونی مۆڵەتی فەرمی دەکەنەوە، بەڵام دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت بە پێی بڕیارەکە هۆکاری داخستنیان دەگەڕیتەوە بۆ تەواوبوونی مۆڵەتی فەرمی.
هەریەکە لە ڕێکخراوی نوێگەر و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان و کۆمپانیای گزنگی بەربەیان ماوەی چەند ساڵێکە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن لە بوارە جیاوازەکاندا و بە وتەی بەڕێوەبەرانیشیان خاوەنی مۆڵەتی فەرمین لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق. هەرچی ڕێکخراوی مەرزیەی هونەرییە، چەند مانگێک بەسەر دامەزراندنیدا تێپەڕیوە و خاوەنی تەنها یەک بەرهەمی هونەریە بەناوی ئەگریجە.
بەرپرسانی ئەو ناوەندانە ڕایدەگەیەنن هەتا ئێستا هیچ ئاگادارکردنەوەیەکیان لەلایەن حکومەتی عێراق و هیچ نوسراوێکی فەرمی دادگایان سەبارەت بە بڕیاری داخستنەکە پێنەگەیشتووە.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی کە ئاڕاستەی ڕای گشتی کراوە و کۆپیەکی بۆ دەنگی ئەمەریکا نێردراوە، کۆمپانیای گزنگی بەربەیان بڕیارەکە بە پێشێلكردنی ئازادی ڕۆژنامهگهری له ههرێمی كوردستان ناودەبات و جەختدەکاتەوە لە گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی و دەڵێت "هەتا كۆتایی بهردهوام دهبین."
لە ڕاگەیەنداوەکەی کۆمپانیای گزنگی بەربەیاندا هاتووە، "وهک كۆمپانیای گزنگی بهربهیان، كه ماوهی 7 ساڵه له باشووری كوردستان كار دهكهین و دهنگ و ڕهنگی ژنانی باشووری كوردستانین، به ههموو شێوهیهك ئیدانهی ئهو ههوڵه دهكهین و ڕایدهگهیهنین، بڕیارهكه پێچهوانهی ههموو قوربانیدانهكانی ژنانی باشووره له كایهكانی ژیاندا. ئەم ههوڵه له كاتێكدایه كه تێكۆشانی ژنان له چوار پارچهی كوردستان گهیشتووهته قۆناغێكی بێ وێنه و له جیهانیشدا باس له پێشهنگایهتی ژنانی كورد دهكرێت."
هەروەها دەشڵێت، "بەڵام به سیاسهتێك كه له بهرژهوهندی دهسهڵات و داگیركهراندایه و له ههرێمێكی سهربهخۆی كوردستانیدا كه ماوهی 33 ساڵه فهرمانڕهوایی كوردیی تیایدا بهڕێوه دهچێت، بڕیاری ڕاگرتنی كۆمپانیایهكی میدیای دەدرێت."
بڕیاری داخستنی ئەم ناوەندانە لە کاتێکدایە، ڕۆژی 1ی مانگی هەشتی 2024 دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان لە ئەنجوومەنی دادوەری عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەى سێ حزبی کوردی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەرکرد کە بریتیبوون لە تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی كوردستان و پارتی ئازادی دیموكراتی ئێزدی و بەرەی تێكۆشانی دیموكراتی.