Accessibility links

هێرشبەرێک کە گوماندەکرێت لایەنگری داعش بێت 10 کەس دەکوژێت لە ویلایەتی لویزیانا


پیاوێکی تەمەن 42 ساڵ لە شاری نیو ئۆرلینز لە ئەمەریکا بە ئۆتۆمبیلێکی جۆری پیکاپ هێرشی کردە سەر ئاهەنگێکی سەری ساڵ و بە هۆیەوە بە لایەنی کەم 10 کەس کوژران و 35 کەسی تر بریندار بوون.

ئێف بی ئای دەڵێت وەکو "کرداری تیرۆر" لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکات و ئاماژە دەکات لە نێو ئۆتۆمبیلەکەدا ئاڵایەکی گرووپی داعش دۆزراوەتەوە.

هەرچەندە ئێف بی ئای ناوی تۆمەتبارەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام کەناڵی ئێن بی سی نیوز بە پشتبەستن بە چوار سەرچاوە دەڵێت هێرشبەرەکە ناوی شەمسوددین جەبارە و تەمەن 42 ساڵە و خەڵکی ویلایەتی تەکساسە.

هێزەکانی ئاسایشی دەڵێن تۆمەتبارەکە بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی کێشاوە بە کۆبوونەوەی کۆمەڵێک هاوڵاتی لە گەڕەکێکی گەشتیاری لە شاری نیو ئۆرلینز، ئەو کاتەی هاوڵاتیان سەرقاڵی ئاهەنگ گێران بوون بە بۆنەی سەری ساڵی نوێوە.

ئاسایشی شارەکە دەڵێت هێرشکارەکە لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ پۆلیسدا کوژراوە.

ئان کیرکپاتریک، بەڕێوەبەری پۆلیسی نیو ئۆرلینز ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، "ئەم پیاوە هەوڵی دەدا بە ئۆتۆمبیلەکەی بەسەر زۆرترین کەسدا بکەوێت. ئەو زۆر سوربوو لەسەر دروستکردنی ئەو کوشتارگەیەی کە خوڵقاندوویەتی."

پۆلیسی شارەکە ڕایگەیاندووە، دوای ئەوەی ئۆتۆمبیلەکە لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانەوە لەکارخراوە، هێرشبەرەکە لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزیوە و تەقەی لە ئەفسەرانی وەڵامدەرەوە کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، ئەفسەرەکان تەقەیان کردووە و بەهۆیەوە تۆمەتبارەکە کوژراوە.

پۆلیسی ڕایگەیاندووە دوو ئەفسەر لە پێکدادانەکەدا برینداربوون، بەڵام باری تەندروستییان جێگیرە.

یاریدەدەری بریکاری تایبەتی ئێف بی ئای، ئەلیسیا دەنکان وتی زیاتر لە 300 ئەفسەر سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە ڕووداوەکە و گوماندەکرێت بە لایەنی کەمەوە کەرەستەیەکی تەقینەوەش لە شوێنەکەدا هەبێت

XS
SM
MD
LG