ئەندامێکی ئەنجومەنیی نیشتمانی کورد (سوریا) لە هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبوونەتەوە و جەختیان لەسەر چوار خاڵی تایبەت بە داهاتووی کورد لە سوریا کردووەتەوە. دەشڵێت، ئەو خاڵانەی باسیان لێوە کراوە بریتین لە یەکهەڵوێستی سیاسی کورد، ڕاگرتنی "پێشێلکاریەکان" بەرامبەر ئەنەکەسە لە سوریا، کردنە دەرەوەی پەکەکە و هێزە دەرەکییەکان لە سوریا و قۆزتنەوەی ئەو هەلە مێژووییەی کە بۆ کورد هاتووەتە پێش لەو وڵاتە.
ڕامان مەلا، ئەندامی نوێنەرایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) لە هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لەسەر داخوازی سەرۆک بارزانی ئەمڕۆ کۆبوونەیەک ئەنجامدرا لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی ئەنەکەسە. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چەند تەوەرێکی سەرەکی تایبەت بە مافی کورد لە سوریا کرا، چونکە سەرۆک بارزانی بە گرنگییەوە لە دۆخی سوریا دەڕوانێت."
وتیشی، "باس لەوە کرا چۆن یەکڕیزی ماڵی کورد، یەک هەڵوێست و یەک خیتابی سیاسی کورد هەبێت لەسەر بنەمای پاراستنی مافی کورد؛ وە چۆن دەتوانین چالاکتر لەگەڵ پێکهاتەکانی تر بە جیاجیا پەیوەندی ببەستین. لەلایەکی تر باس لە پێشێلکاریەکانی پەیەدە بەرامبەر ئەنەکەسە کرا، لە دەستگیرکردنی بەرپرسەکان و سووتاندنی بارەگاکانی ئەنەکەسە بۆ پێشێلکردنی مافی ڕاگەیاندن و دەستگیرکراوەکانی لای پەیەدە. خاڵیکی تریش جەختکردنەوە بوو لە قۆستنەوەی ئەو هەلە مێژوویەی کە لە سوریا بۆ کورد هاتۆتە پێش و پێویستە تێیدا کورد یەک ڕیز و یەک هەڵوێست بێت."
بەرپرسەکەی ئەنەکەسە ئاماژە بەوەش دەکات، "خاڵی هەرە گرنگ باسی ئەوە کرا چۆن بتواندرێت پەکەکە بە زووترین کات لە سوریا بچێتە دەرەوە و هاوکات هێزە دەرەکیەکان لە سوریا هەمووی بچنە دەرەوە. ئەوەش گرنگی تایبەتی خۆی هەیە و بتوانین ڕێگە لە بیانووی هێرشی دەرەکی بگرین بۆسەر ڕۆژئاوا؛ خەڵکی ئێمە و وڵاتەکەمان ئارام بێت، نەک بیانوو بدەینە وڵاتانی دەرەوە ئارامی ڕۆژئاوا تێکبدەن."
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، ئەمڕچوارشەممە، 8ی مانگی یەکی 2025، لە سەڵاحەددین مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانیدا هاتووە، "لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا و هەروەها هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لەمەڕ گۆڕانکارییە هەنووکەییەکان ئاڵوگۆڕ کرا. هەر لەو دیدارەدا، سەرۆک بارزانی جەختی لە پشتیوانیکردنی دۆزی گەلی کورد لە سووریا و پێویستیی یەکڕیزیی و یەکهەڵویستیی لایەنە کوردییەکان و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد لە سووریا و پشتبەستن بە دیالۆگ و ڕێکاری ئاشتییانە کردەوە."
ئەمە لە کاتێکداتێکدایە، دوو هەفتە بەر لە ئێستا لە دیمانەیەکی فەرمیدا، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە جەختی لەوە کردەوە هیچ گرێدراوێکی فەرمیان بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە نییە و ئامادەن دەستبەرداری هێزە دەرەکیەکانیش ببن لە ناو ڕیزەکانی هەسەدەدا.
هاوکات پەیەدەش کە پارتی سیاسی باڵادەستە لە ناو سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتدا لە ڕۆژئاوا، بە هۆکاری نزیکی لە تورکیا و پارتی چەندین جار ئەندامانی ئەنەکەسەی بەوە تۆمەتبارکردووە کە لەژێر هەژموون و کاریگەری تورکیادان و ئەجێندای ئەو دوو لایەنە جێبەجێ دەکەن لە سوریا.
وێڕای ناکۆکیەکانی نێوانیان، ڕۆژی 23ی مانگی 12 بە نێوەندگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەی نێوان لایەنە ناکۆکەکانی ڕۆژئاوا ئەنجامدرا.
دوای کۆبوونەوەکەش هەریەک لە هەسەدە و ئەنەکەسە کۆبوونەوەکەیان بە ئەرێنی ناوبرد و جەختیا لە گرنگی بەردەوامی کۆبوونەوەی هاوبەش کردەوە بە مەبەستی گەشتن بە ڕێککەوتن و بە هاوبەشی بەشداریکردنیان لە دانوستانەکان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سوریا.
ڕامان مەلا، ئەندامی نوێنەرایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە)، سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی نێوان هەسەدە و ئەنەکەسە بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "هاوپەیمانان یەک داواکارییان لە ئەندامانی کۆبوونەوەکە هەبوو کە بریتی بوو لەوەی، یەکەم، بە یەک لیژنە بچینە نێو گفتۆگۆکان لەگەڵ دیمەشق؛ دووەم، هەڵوێستی سیاسییمان سەبارەت بە مافی کورد لە چوارچێوەی سوریادا یەک بێت."