مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی The Sun ی بەریتانی ڕایگەیاند "داعش هێشتا مەترسییە لەسەر سوریا و هەموو جیهان،"
فەرماندەی گشتی هەسەدە گوتیشی" لە ئێستادا 10 هەزار چەکداری داعش لە زیندانەکاندان، ئامادەن وێرانکاری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێننەوە."
دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا نزیکەی 2000 چەکداری زیندانیکراوی داعش بە "زۆر مەترسیدار" ناو دەبەن.
زیندانی پانۆراما لە حەسەکە و زیندانی کەمپی ئەلچینی لە شەدادی، کە هەردووکیان هەزاران چەکداری داعشی تێدایە و پاش هێرشی باخۆز، لە کۆتایی مانگی سێی 2019 خۆیان ڕادەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کرد، بە زیندانە مەترسیدارەکان لە قەڵەم دەدرێت.
کە ئەم دوو زیندانە لەلایەن هەسەدە و هاوپەیمانانەوە بەڕێوە دەبرێن.
بێجگە لە زیندانەکان کەمپی هۆل و کەمپی ڕۆژیش هەن کە کەمپی هۆل گەورەترین کەمپی دەستبەسەرکردنە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، زیاتر لە 43 هەزار کەس لە 47 وڵاتەوە لەو کەمپەدان و بەشێکیشیان کەسوکاری جیهادییەکانی داعشن.
دەسەڵاتدارانی کورد لە مێژە داوایان لە حکومەتە بیانییەکان کردووە کە هاووڵاتیەکانیان بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان بەڵام حکومەتەکانی ڕۆژئاوا لە ترسی کاردانەوەی ناوخۆیی زۆر بە خاوی بە دەنگ ئەم داواکارییەوە هاتوون.
بە پێی ڕاپۆرتێکی مانگی چواری ڕابردووی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی نزیکەی لەسەدا 94 دانیشتوانی هۆل و ڕۆژ ژن و منداڵن.
مەزڵوم عەبدی لە لێدوانەکەیدا ئەوەشی خستەڕوو کە "مەترسی داعش لە کەمپەکان و گرتووخانەکاندا بەردەوام لە زیادبووندایە و جموجۆڵیان زیادی کردووە. پێویستە هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ شەڕکردن دژی داعش، ئەگەر بمانەوێت ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەیان بکەین."
عەبدی گوتیشی" مەترسی گروپە جیهادییەکان، نەک تەنها داعش بوونیان دەبێت هەتا ئەو بنەمایانەی کە لەسەری دامەزراون لەناو دەچن."
"دەبێت درێژە بە خەباتی خۆمان بدەین".
مەزڵوم عەبدی سەبارەت بە هاوکارییەکانی ئەمەریکا لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ تورکیا و دەسەلاتدارانی نوێی سوریا گوتی " ئەمەریکا هاوکاریانە لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ تورکیا، دەستەی تەحریر شام و سوپای نیشتمانی سوریا، بۆئەوەی بتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن لەپێناو داهاتووی سوریادا."
هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە سەرکردایەتی کورد، ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە شکستهێنانی داعش لە ماوەی ساڵانی 2014 بۆ 2017 بە پشتیوانی ئاسمانی ئەمەریکا، هێشتاش پاسەوانی ئەو زیندانانە دەکەن کە هەزاران چەکداری داعشییان تێدا زیندانی کراوە.