Accessibility links

پرسی کورد لە تورکیا بە چارەسەر دەگات؟


جارێکی دیکە باس لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکرێت و حکومەتی تورکیا دوای نزیکەی 10 ساڵ ڕێگە دەدات بۆ مەبەستی سیاسی سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان بکرێت. لای خۆیانەوە ئەندامانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم)، ئەوانیش بەردەوامن لە سەردانی کەسایەتی و لایەنە سیاسییە جیاوازەکان بۆ وتووێژکردن و ئاڵوگۆڕکردنی بیروبۆچوونەکان لەسەر پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا.

دەپرسین:

چۆن و لەبەر چی بابەتی چارەسەرکردنی پرسی کورد جارێکی دیکە هێنراوەتەوە بەر باس؟

مەرج و داخوازییەکانی پەکەکە چین لە تورکیا؟

ئایە هیچ جیاوازییەک هەیە لە نێوان داخوازییەکانی پارتی دەم لەگەڵ داخوازییەکانی پەکەکە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد؟

تورکیا کام داخوازییانە قبوڵ دەکات و کام داخوازییانە ڕەتدەکاتەوە؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:

موسا خالید، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە جۆلەمێرگ.

فەخری ڕۆنی، سیاسەتمەدار.

محەمەد ئەمین پێنجوێنی، نووسەر و شیکاری سیاسی.

please wait

No media source currently available

0:00 0:54:30 0:00

فەخری ڕۆنی:

وەک دەزانرێت لە دوای ڕوخانی ڕژێمی سوریاوە کە دەرفەت بۆ کوردی ڕۆژئاوا زیاتر هاتووەتە پێش بۆ ئەوەی ئیدارەیەکی خۆسەری بۆ خۆیان بچەسپێنن، ماوەی دە ساڵە تورکیا نەیتوانیووە شکست بە بەرخۆدانیان بدات، ئێستا تورکیا تەنگاو بووە، بۆیە هەوڵدەدات بەناو چارەسەر دابنێت بۆ پرسی کورد، لەکاتێکدا ئەوە لە ناوەڕۆکدا چارەسەر نییە، چونکە بە هیچ شێوازێک بەرنامەی چارەسەری نییە.

پرسی کورد لە تورکیا بە ڕێگای دیموکراسی چارەسەردەکرێت. تورکیا بانگەشەی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕێگا بە زمانی کوردی نادات لە دەزگا فەرمییەکان بەکاربهێنرێت، سەرۆک شارەوانیە کوردەکان دەخاتە زیندانەوە، خەڵکی کورد بە درۆن دەکوژێت و هەڕەشە لە کوردی ڕۆژئاوا دەکات، ئێ خۆ ئێمەی کورد عەقڵ و چاومان هەیە کە بەڕاستی ئەوانە هەمووی دەریدەخات کە تورکیا ئامادەی پڕۆسەی ئاشتی نییە لەگەڵ کورددا، ئێستا کە تورکیا بیانوو بە ڕۆژئاوا دەگرێت، سبەی بۆ کوردی ڕۆژهەڵاتیش لە ئێران دەرفەت بێتە ئاراوە، تورکیا دژی مافەکانی کوردی ڕۆژهەڵات دەوەستێتەوە بە بیانووی بوونی پەکەکە، واتە تورکیا دژی مافی کوردە نەک تەنیا پەکەکە.

ئێستا هەموو دنیا باسی غەززە و وێرانبوونی دەکات، کەچی تورکیا پێنج شاری باکوری کوردستانی وەک غەززە لێکرد یەک کەس و یەک دەوڵەت قسەی لەسەر کورد و ئەو وێڕانکارییانە نەکرد.

موسا خالید:

لە سەروبەندی داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تورکیا بە چڕی هەوڵدەدات، کوردی ڕۆژئاوا لە سوریا نەبێتە خاوەنی ئیدارەی خۆسەری، لەلایەک هێرش دەکاتە سەریان، لەلایەکی دێکە لە تورکیا باس لە پڕۆسەی ئاشتی دەکات. ئەو دەرفەتەی بۆ کورد لە ڕۆژئاوا هاتووەتە ئاراوە تورکیای ناچارکردووە بە گفتوگۆکردن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان. تورکیا پەیوەستی کردووە بە هاتنی ترەمپ و بەردەوامی هاوکاریکردنی ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و ئیسڕائیل بۆ کورد بەتایبەت ڕۆژئاوا، ئەگەر ئەو وڵاتانە بەردەوام بون لە هاوکاری ڕۆژئاوا ئەوا تورکیا ئەم پڕۆسەیە بەردەوامی پێدەدات بەس بەپێدانی هەندێک مافی ئاسایی و زۆر سادە بەکورد.

محەمەد ئەمین پێنجوێنی:

یەکەم ڕۆژ موراد قەرەیلان لە تەلەفزیۆنەکەی خۆیان وتی، ئەم بەرنامەیەی تورکیا پیلانێکی فریودانە هیوادارم پەکەکە و میلـلەتی کورد فریو نەخۆن، بەڕێز ئۆجەلانیش گومانی هەیە لەم پڕۆسەیەی تورکیا لە ئێستادا. هەتا ئێستا دەیانوت ئێمە قسە لەگەڵ تیرۆریست ناکەین کەچی ئێستا هەموو ڕۆژێک پەنای بۆ دەبەن، ڕەنگە بەڕێوەبەری هەواڵگری و ئیبراهیم کاڵن و هاکان فیدان بچنە ئیمڕاڵی بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان بکەن و قسە بهێنن و قسە ببەن، هەتا بەڕێز ئۆجەلانیش گومانی هەیە لەم بەرنامەیەی تورکیا، بۆیە داوای لە شاندی ئیمڕاڵی کرد کە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات و کەسایەتی کورد و تورک کۆببنەوە، بۆیە بەڕێز ئۆجەلان تەنانەت دەم پارتیش، دۆسێیەکەی خستووەتە پەرلەمان و تۆپەکەیان هەڵداوەتە پەرلەمان و لایەن و کەسایەتییەکان، چونکە گومانی هەیە وە دەیەوێت شتەکان لە ڕێگای یاسا و پەرلەمانەوە بێت نەک لە ڕێگای ئەردۆغان و باخچەلی. من بۆخۆم گومانم لەم پڕۆسە ئاشتییەی تورکیا هەیە. لە شۆڕشی ئاگری داخ چوونە لای شێخ سەعیدی پیران وتیان وەرن داواکارییەکانتان جێبەجێدەکەین، دواتر داواکارییەکانیشیان جێبەجێنەکرد و شێخ سەعیدیان لە سێدارە دا.

داواکاری پەکەکە ئەوەیە کە کێشەی کورد بێتە پەرلەمان و لە پەرلەمان لە دەستور و یاسا چارەسەر بکرێت. کوردی تورکیا داوای ئیدارەیەکی سەربەخۆ هاوشێوەی ئەوەی ڕۆژئاوا دەکات لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیا. تورکیا وەک بیانوو بە پەکەکە دەڵێت جوداخوازن.

XS
SM
MD
LG