وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان- سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، چاوەڕوان دەکرێت ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دا ڕوو لە کەمبوونەوە بکات، بەو پێیەی بەشێکی زۆر لەو ماددانەی لە ڕابردوودا دەستیان بەسەردا گیراوە لە جۆری حەبی کاپتاگۆن بووە و لە سوریاوە هاوردە کراوە.
عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم-سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ساڵی رابردوو دەزگا ئەمنییەکان دەستیان بەسەر دوو تۆن حەبی کاپتاگۆن دا گرتووەوهۆکارەکەشی دەبەسترێتەوە بە دۆخی سوریاوە، بەو پێیەی سوریای سەردەمی رژێمی ئەسەد هەناردەکاری ماددەی هۆشبەر بوو بۆ عێراق و وڵاتانی کەنداو."
دەشڵێت،"پێشبینی کەمبوونەوەی ماددەی هۆشبەر دەکەین، بەو پێیەی دەستگیراوە بەسەر کارگەکانی سەردەمی ئەسەددا."
لەسەردەمی رژێمی بەشار ئەسەد دا، سوریا یەکێکبوو لە وڵاتانی هەناردەکاری ماددەی هۆشبەر بە تایبەت حەبی جۆری کاپتاگۆن، کە قەبارەی بازرگانیکردنی ئەو وڵاتە بەو ماددەیەوە ساڵانە بە بەهای پێنج ملیار دۆلار دەخەمڵێنرا.
لەکاتێکدا ساڵانە بڕێکی زۆر حەبی کاپتاگۆن لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە دەستی بەسەردا دەگیرا، بەڵام دوای ڕووخانی رژێمی ئەسەد ئاشکرابوو، بەشێکی زۆر لەو ماددەیە لە بارەگا سەربازییەکانی سوریا بەرهەم هێنراون.
عەقید سەلام دەڵێت،"هەوڵەکانمان زیاتر چڕکردووەتەوە بۆ دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، دەزگا ئەمنییەکان بە وردی بەدوای ئەو کەسانەوەن کە بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن."
بەپێی وتەی بەرپرسانی عێراق، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا 40 هەزارکەس لە عێراق بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون، ئەمە جگە لە دەستگیرکردنی 230 تۆڕی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.
لە ساڵی 2024 دا، 1019 بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە ناوچەی سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکان دەستگیرکراون و دەستیشگیراوە بەسەر 3 تۆن و 24 کیلۆ ماددەی هۆشبەردا، ئەمە جگە لەوەی دەزگا ئەمنییەکانی هەولێرو دهۆکیش ژمارەیەکی زۆر بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس لە پارێزگای کەرکوک کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لە ئێستادا ماددەی هۆشبەر بە ئەستەم دەست ئالوودەبووان دەکەوێت و نرخیش گرانبووە، پێدەچێت مەسەلەکە پەیوەندی بە ڕووخانی ئەسەد و دەستگیرکردنی ئەو هەموو باندەوە هەبێت لە ڕابردوودا دەستگیرکراون."
لە کۆتایی مانگی 4 ی ساڵی 2024، دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەستگرتنیان بەسەر کارگەیەکی ماددەی هۆشبەردا لە سنوری قەزای دەربەندیخان ڕاگەیاند، دامەزرێنەری کارگەکە هاوڵاتییەکی سوری و چەند کەسێکی تری دانیشتووی هەرێمی کوردستان بوون.
چالاک محیەدین، شارەزای بواری ماددە هۆشبەرەکان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەستەمە بتوانرێت ئاماری ڕاستەقینەی بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر دەست بخرێت، بەو پێیەی پرۆسەکە بە نهێنی ئەنجام دەدرێت، پێدەچێت سەدان هێندەی ئەوانەی دەستگیرکراون بازرگان و ئالوودەبووی تر هەبێت."
دەشڵێت،"کەس و کاری ئالوودەبووان لە ڕێگەی ئەکاونتی فەیسبوکی ساختەو ڕێگەی جۆراو جۆرەوە داوای ڕێنماییمان لێدەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئالوودەبوو، بەو پێیەی لە هەرێم سەنتەری چارەسەرکردن نییە، زۆرجار ئالوودەبووان دەبرێنە دەرەوەی وڵات بە تایبەت ئێران."
ڕووبەری سنوری عێراق لەگەڵ سوریا نزیکەی 600 کیلۆمەترە، زۆربەی ئەو کەسانەش کە ساڵی ڕابردوو دەستگیرکراون، تۆمەتی بازرگانیکردنیان بە حەبی کاپتاگۆن دراوەتە پاڵ کە سوریای سەردەمی ئەسەد بە سەرچاوەی دادەنرا.
عەقید سەلام دەڵێت،"ئەمساڵ هەوڵەکانمان چڕدەکەینەوە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و ناساندنی مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر، هەوڵ دەدەین لە خوێندنگاو ناوەندە تەندروستی و کەرتەکانی تر مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر و سزاکانی ڕوون بکەینەوە."
وەکچۆن وڵاتان بە چڕی چاودێری دۆخی سیاسی و ئەمنی سوریا لە دوای کەوتنی رژێمی ئەسەد دەکەن، هاوکات چاودێری ئەوەش دەکەن کە سوریای دوای ئەسەد بەردەوام دەبێت لە
بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر یاخود دەسەڵاتدارانی نوێی ئەو وڵاتە دۆخەکە کۆنترۆڵ دەکەن.