Accessibility links

یاسای گێڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانی، کوردی دڵخۆش و عەرەبی نیگەران کرد


ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای گێڕانەوەی موڵکی، بۆ خاوەنەکانیان پەسەند کرد. یاساکە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی 12 بڕیاری ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی سەردەمی بەعس، کە زەوی لە کورد و تورکمان وەرگرتبووەوە و درابوو بە هاووڵاتییە عەرەبەکان.

پەسەندکردنی یاسای گێڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانی داواکاری فراکسیۆنە کوردییەکان بوو، لەکاتێکدا یاسای باری کەسێتی داواکاری شیعەو یاسای لێبوردنی گشتیش داواکاری عەرەبی سونە بوو، کە هەر سێ یاساکە بە ڕێککەوتن پەسەند کران.

دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دوای واژۆکردنی یاسای گێڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان لەلایەن سەرۆک کۆمارو بڵاوکردنەوەی یاساکە لە وەقائیعدا، دەبێت حکومەت رێنمایی بۆ یاساکە دەربکات و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە."

دەشڵێت،"داتای ورد لەبەردەستدا نییە سەبارەت بەو زەوییانەنەی بەعس لە جووتیاری کوردو تورکمانی وەرگرتووەتەوەو لەسەر جوتیاری عەرەب تاپۆی کردوون، هەندێک بە 300 هەزار دۆنم زەوی و هەندێک بە 500 هەزار و هەندێکی تر بە ملیۆنێک دۆنم زەوی ناوی دەبەن."

ئەو 12 بڕیارەی سەردەمی بەعس کە ئەنجومەنی نوێنەران بە یاسا هەڵیوەشاندنەوە، بەشێکیان لە ساڵانی 1976، 1977، 1979 و ساڵانی هەشتاکان دەرکراون. 8 بڕیاریان تایبەت بوو بە کەرکوک، دوو بڕیاریشیان تایبەت بوو بە خانەقین و مەندەلی و دوو بڕیارەکەی تر تایبەت بوو بە ناوچەی دوجەیل.

پەسەندکردنی یاسای گێڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان لەلایەن کوردەوە پێشوازی گەرمی لێکرا، لەکاتێکدا بەرپرسانی عەرەب دژی بڕیارەکە وەستانەوەو هەڕەشەی تانەدان لە یاساکە دەکەن لە دادگای فیدراڵی عێراق.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ساتع کەرکوکی یەکێک لە نوێنەرانی جوتیارە کوردو تورکمانەکانی کەرکوک ڕایگەیاند،"هەرچەندە پەسەندکردنی یاساکە درەنگ وەخت بوو، بەڵام وەکو جوتیاران ئەم هەنگاوە بەرز دەنرخێنین. جێبەجێکردنی یاساکەش سەنگی مەحەکە، چونکە ئەزمونی تاڵمان لەگەڵ خۆ دزینەوەی حکومەتی عێراق لە جێبەجێکردنی یاساکان هەیە."

ترسی جوتیارە کوردو تورکمانەکان لە خۆ دزینەوەی عێراق بۆ جێبەجێکردنی یاسای گێڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان لەکاتێکدایە، حکومەتی عێراق وەک پێویست بڕیاری ژمارە 29 ی ساڵی 2012 ی ئەنجومەنی وەزیرانی جێبەجێ نەکردووە کە تایبەتە بە بڕیارەکانی سەردەمی بەعس و مافی موڵکداری زەوی و زار.

ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی سەردەمی بەعس کە تایبەت بوون بە مافی خاوەندارێتی زەوی و زار، دەبووایە بە یاسا هەڵوەشێنرێنەوەو لە ڕابردوودا هەوڵەکان سەرینەگرت، بەڵام دواجار یاساکە دەرچێنرا."

دەشڵێت،"ئەو زەویانە بەشێکی بەدەست کوردەوەن بەڵام بە یاسا لای عەرەب مابوونەوە، دوای پەسەند کردنی یاساکە ئیتر کوردەکان دەبنەوە خاوەن زەوییەکانیان."

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بە گەرمی پێشوازییان لە پەسەندکردنی یاسای گێڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان کرد، لەو چوارچێوەیەدا مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند،"ئەگەر دادپەروەری هەبوو ئاوەدانی دەبێت، ئەگەر ستەمیش هەبوو وێرانکاری دەبێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:05 0:00

XS
SM
MD
LG