وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری نوێی دەرەوەی وڵاتەکە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و هەروەها لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئێران و بارمتە ئیسرائیلییەکان لە غەززە گفتوگۆیان کردووە.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە کە ڕۆژی چوارشەممە 22ی مانگی یەک بە جیا ئەنجامدراوە، یەکەمین گفتوگۆی ڕوبیۆ بووە لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل و سعودیە لەدوای دەستبەکاربوونی لە بەڕێوبەرایەتی نوێی دانۆڵد ترامپدا و لەو گفتوگۆیەشدا لەگەڵ نتانیاهۆ جەختی لەسەر پشتیوانی واشنتن بۆ ئیسرائیل کردوەتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، مارکۆ ڕوبیۆ ڕایگەیاندووە "بەردەوامی پشتیوانی گەرمی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل، ئەولەویەتێکی سەرەکییە بۆ بەڕێوبەرایەتی ترامپ".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە ڕوبیۆ دڵنیایی داوەتە ناتانیاهۆ کە واشنتن بەردەوام دەبێت لە هەوڵە "بێ وەستانەکانی" بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانەی کە لە غەززە ماونەتەوە.
شەڕی ئەم دواییەی غەززە لە 7ی مانگی دەی ساڵی 2023 دەستیپێکرد دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە بە گوتەی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە تێیدا هەزار و 200 کوژراوی لێکەوتەوە. هەروەها چەکدارانی حەماس نزیکەی 250 کەسیان بە بارمتە لەگەڵ خۆیان بردە غەززە.
دوابەدوای ئەم ڕووداوە، ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد، کە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە زیاتر لە 47 هەزار فەلەستینی تێیدا گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندرووستی غەززە لەلایەن حەماسەوە کۆنترۆڵ دەکرێت و ئەم گرووپە لەلایەن ئەمەریکا و زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوایی بە تیرۆریست ناو دەبرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاند کە مارکۆ ڕوبیۆ لە قسەکانیدا لەگەڵ نتانیاهۆ وتویەتی هەوڵی چارەسەرکردنی هەڕەشەکانی ئێران و دەستبەسەرداگرتنی دەرفەتەکانی ئاشتی دەدات.
هاوکات لە پەیوەندییەکی دیکەی تەلەفونیدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەمان ڕۆژ لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە سەبارەت بە "هەڕەشەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە لەناوچەکەدا گفتوگۆی کردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ڕوبیۆ بەشداری و هەوڵەکانی سعودیە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بە بەرز نرخاندووە.
ڕوبیۆ و بن سەلمان هەروەها جەختیان لە گرنگی هاوکاری نێوان واشنتن و ڕیاز کردوەتەوە. ڕوبیۆ ڕایگەیاند کە "بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕوانی پێشخستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانە لە سوریا، لوبنان، غەززە و دەرەوەی وڵات."
ڕوبیۆ و بن سەلمان هەروەها باسیان لە سوودەکانی هاوبەشی ئابووری ئەمەریکا و سعودیە و دەرفەتەکانی گەشەسەندنی ئابووریی هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاکان لەوان زیرەکی دەستکرد کردوەتەوە.
محەممەد بن سەلمان هەروەها ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا قسەی کرد و ڕایگەیاند کە سعودیە بەنیازە وەبەرهێنانەکانی لە ئەمەریکا بۆ 600 ملیار دۆلار لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا زیاد بکات.
ترامپ پێشوازی لەو پلانە کرد و ڕایگەیاند کە بە تامەزرۆییەوە کار لەگەڵ سعودیە دەکات بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان.
سەرچاوەکان/ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوە/ ڕۆیتەرز