وتەبێژی یەکێتی خانەنشیانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت بەهۆی هاوتاکردنی تەمەنی خانەنشینی کوردستان و عێراق زیاتر لە 25 هەزار فەرمانبەر لە کوردستان خانەنشین دەبن و بەو هۆیەوە مەترسیەکی گەورە لە بەڕێوەبەردنی کاروباری دەوڵەت دروست دەبێت، دەشڵێت،" فەرمانگەی وا هەیە 250 فەرمانبەری تێدایە 170یان خانەنشینی دەیانگرێتەوە و شوێنەکانیان بۆشایی دروست دەکات."
سادق عوسمان وتەبێژی یەکێتی خانەنشیانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەم بڕیارە بڕیارێکی بەپەلەیە و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشووتر خۆی بۆ ئامادەنەکردبوو، بۆیە لێکەوتە خراپەکانی سێ شتە، یەکەم لە ئاستی موئەسەساتی دەوڵەتدا فەرمانگەیەکی زۆر لە هەرێمی کوردستاندا چۆڵ دەبێت، بۆ نموونە من ئاگام لێیە فەرمانگەی وایە کە 250 فەرمانبەری تێدایە 170 کەسیان خانەنشین دەبن بە پێ تەمەنی خانەنشینی، ئەمە بۆشایەکی گەورە لە فەرمانگەکان دروست دەکات."
وتیشی،" سێکتەری پەروەردە و تەندروستی دوو سێکتەری گرنگن و بەم بڕیارە زیانێکی زۆر بەو دوو وەزارەتەش دەگات و بۆشایان تێدا دروست دەبێت، هەروەها دوو خاڵی دیکەش هەیە گەر چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوە ئەوە زیان بە خانەنشینان دەگات لەوانە پلە بەرزکردنەوە کە لە 2026 ەوە ڕاگیراوە، هەروەها لەبری شەش موچەی بنەڕەتی 12 موچەی تەواویان پێبدرێت وەک خانەنشیانی عێراق."
وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەگەر چارەسەری پێویست بۆ شوێنی خانەنشیان نەدۆزرێتەوە دەرهاویشتەی خراپی دەبێت بۆ سەر کاروباری دەوڵەت.
ڕۆژی 15ی مانگی یەکی 2025 ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نوسراوێکی لەبارەی تەمەنی خانەنشیبوونی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و نوسراوەکە واژووی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی لەسەرە و هاتووە لەبەر ڕۆژشنایی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 259 لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ژمارە 135 لە 3ی مانگی حەوتی 2024ی هەموارکراو، ئاماژە بە ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی وردبینی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم لە ڕۆژی 17 مانگی دەی 2023 تایبەت بە ئەنجامدانی چاودێری وردبینی، ژمارەی فەرمانبەران و خانەنشینی و سودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی هەرێم بڕیاردرا تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵییەوە کەمبکرێتەوە بۆ 60 ساڵ، ئەمەش پاڵپشت بە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە 9ی هەموارکراو پاڵپشت بە بڕیاری دادگای فیدراڵ.
لەبڕیارەکەدا ئەوەش هاتووە چەند جۆرێک فەرمانبەر بڕیارەکە نایانگرێتەوە، وەک هەڵگرانی ناونیشانی پرۆفیسۆر و پزیشکانی دادوەری و ڕاوێژکارانی یاریدەدەر لەشوورای هەرێم و فڕۆکەوانی مەدەنی و چەند جۆرێک پلەی تر لە فەرمانبەری و هاوکات ئەو فەرمانبەرانەشی دەیانەوێت لەسەر ویستی خۆیان خانەنشین بکرێن ئەوە دەبێت تەمەنیان 50 ساڵ کەمتر نەبێت و خزمەتیشیان 25 ساڵ بێت.
بەپێی بڕیارەکە بێت لە دایکبووانی 1962 و 1963 و 1964 گەر 60 ساڵی تەمەنیان تەواوکردووە ئەوە دەست لەکارهەڵگرتنیان بۆ دەکرێت و خانەنشین دەبن و بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون تا کۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵ زیاتر لە 25 هەزار موچەخۆر خانەنشین دەبن و بۆشایی گەورە لە شوێنەکانیان دروست دەبێت و هێشتا حکومەت پلانی بۆ پڕکردنەوەی شوێنەکانیانی نیە و لەو ژمارەیەش کە خانەنشین دەبن پشکی شێر بەر وەزارەتی پەروەردە دەکەوێت و لەکاتێکدا پرۆسەی خوێندن لە ناوەڕاستی ساڵی خوێندن دایە و بەنەمانی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە شوێنەکانیان بە ئاسانی پڕناکرێتەوە.
سامان سیوەلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمەش هێشتا پێش چاومان ڕوون نیە و نازانین چەند کەس خانەنشینی دەیگەرێتەوە و حکومەت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ژمارانە دەکات."
وتیشی،" بڕیارەکە سەرەتایەتی بە دڵنیایەوە هەنگاوی تر دەگیرێتە بەر بۆ چەرەسەرکردنی و جەنابی وەزیر کەسی یەکەمی وەزارەتەکەتەیە بەدڵنیایەوە بیری لە بەدیل کردووەتەوە."
دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە وەزارەتی پلاندانانەوە کرد، لەبارەی ئەوەی چ پلانێک هەیە بۆ پڕکردنەوەی شوێنی خانەنشینبوان، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.
هێشتا لە هەرێمی کوردستان موچەی مانگی 12ی ساڵی 2024 دابەشنەکراوە و یەکێک لە مەرجەکانی حکومەتی عێراقیش بۆ ناردنی موچەی ساڵی 2025 ئەوەیە دەبێت بە خێرای تەمەنی خانەنشینی هەرێم هاوتای عێراق بکرێت.
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەو بڕیارەی کە حکومەتی هەرێم داوێتی لەبارەی تەمەنی خانەنشینی، مەرجی حکومەتی فیدراڵە و وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت نابێت موالیدەکانی ئەو سی ساڵە لە لیستی موچەی مانگی یەکی 2025 دا هەبێت، بەپێچەوانەوە موچە بۆ خەڵکی کوردستان نانێرێت."
گەرمیانی وتیشی،" بەپێشبینی ئێمە سەرووی 10 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر لە وەزارەتی پەروەردە خانەنشینی دەیانگرێتەوە و لەو ژمارەیەش لە 75%ی مامۆستایە و ئەوەش کاریگەری گەورە و مەترسی لەسەر پرۆسەی پەروەردە دروست دەکات گەر بێت و بەپەلە حکومەتی هەرێم و عێراق چارەسەری پێویستی بۆ نەدۆزنەوە."
سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان باسی لەوەشکرد، جگە لەلایەنی خراپەی ئەو خانەنشین بوونەی کە دەکرێت، لایەنێکی باشەشی ئەوەیە چۆڵبوونی شوێنی ئەو خانەنشیانە دەرفەتێک دەدات بە گەنجانی دانەمەزراو بەتایبەت ئەوانەی کە وانەبێژبوونە پێشووتر لە ناوەندەکانی خوێندن و شارەزاییان هەیە و بیانگەڕێنەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن.