فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕۆژی پێنجشەممە،23ی مانگی یەک لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس ڕایگەیاند هێرشی تورکیا بۆ سەر هێزە کوردییەکان لە باکوری سوریا مەترسیدارە و دەبێتە هۆی ئەوەی پەنابەری زیاتر لەو ناوچانەوە ڕوو لە عێراقی دراوسێ بکەن.
وەزیری دەرەوەی عێراق هەروەها لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ باراک ڕەڤید، پەیامنێری ئاکسیۆس ڕایگەیاند کە ئەلیزابێت تسورکۆڤ، لێکۆڵەری ئیسرائیلی- ڕووسی کە لەلایەن میلیشیایەکی عێراقییەوە بە بارمتە گیراوە، لە ژیاندایە و وتی سەرۆکوەزیرانی عێراق کار لەسەر ئازادکردنی دەکات.
نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل مانگی حەوتی ساڵی رابردوو بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە ئەلیزابێت تسورکۆف، لێکۆڵەرێکی ڕووسی-ئیسڕائیلی کە لە عێراق بێسەروشوێن بووە، لە بەغدا لەلایەن گرووپی حزبوڵای عێراقەوە ڕفێندراوە و ئیسرائیلیش عێراق بە بەرپرسیار دەزانێت لە پاراستنی ژیانی ئەو لێکۆلەرە.
ئەلیزابێت تسورکۆڤ لە زانکۆی پرینستۆن خەریکی نووسینی نامەی دکتۆراکەی بووە لەسەر گروپە چەکدارە شیعەکان و لە زمانی عەرەبی شارەزایە و بابەتی لەسەر گروپە میلیشیا شیعەکان نووسیوە، هەروەها بە پسپۆڕێکی ئەکادیمی و میدیایی دادەنرێت لە بابەتەکانی پەیوەست بە سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، تسورکۆڤ بە پاسپۆرتی ڕووسییەکەی گەشتی بۆ عێراق کردبوو بۆ ئەوەی بتوانێت ڕاستەوخۆ لە ناوخۆی وڵاتدا لەسەر نامەی دکتۆراکە کار بکات.
پێشتریش بەرپرسی کاروباری ئەمنی ئەم گرووپە میلیشیاییەی سەر بە ئێران ڕۆڵی خۆی لە ڕفاندنی ئەلیزابێت تسورکۆڤ لە بەغدا ڕەتکردبووەوە.
گرووپی حیزبوڵای عێراق لقێکی هێزەکانی حەشدی شەعبیە لە عێراق کە بە پاڵپشتی دارایی و سەربازی کۆماری ئیسلامی پێکهاتووە.
فوئاد حسێن هەروەها لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی وڵاتەکەی ئامادەیە نێوەندگیری لە نێوان بەرێوبەرایەتی نوێی ئەمەریکا و ئێران بکات ئەگەر داوای لێبکرێت.
سەرچاوە/بەشێک لەم هەواڵە لە ڕۆیتەرز وەرگیراوە