Accessibility links

لێکۆڵینەوەیەک: میزکردن لای شامپانزییەکان پەیوەستە بە پلەبەندی کۆمەڵایەتییانەوە


هەموومان ئەو ڕاستییە دەزانین کاتێک کەسێک باوێشک دەدات، بە دوایدا کەسەکانی چواردەوری لەگەڵیدا دەست بە باوێشکدان دەکەن. لێکۆڵینەوەیەکی زانستی دەڵێت هەمان دیاردەی کۆمەڵایەتی لە نێو شامپانزییەکاندا هەیە و لە کرداری میزکردنی مەیمونەکانیشدا بەدیدەکرێت، بەڵام بە ڕەچاوکردنی پلەبەندی کۆمەڵایەتی.

لێکۆڵەران لە زانکۆی کیۆتۆ لە ژاپۆن چاودێری هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی 20 شامپانزییان لە باخچەی کومامۆتۆ کردووە و لە ماوەی زیاتر لە 600 کاتژمێردا زیاتر لە هەزار و 300 حاڵەتی میزکردنیان تۆمارکردووە.

گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی میزکردن لە نێو کۆمەڵەی شامپانزییەکان ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتیشی هەیە و گرێدراوە بە پلەبەندی کۆمەڵایەتی، بەو مانایەی کاتێک مەیمونێک کە سەرکردایەتی کۆمەڵەکە دەکات میز دەکات، مەیمونەکانی تر کە لە پلەیەیکی نزمتری کۆمەڵایەتیدان بە دوایدا هەمان کردار دووبارە دەکەنەوە.

ئینا ئۆنیشی، سەرپەرشتیاری ئەو لێکۆڵینەوەیە کە لە جۆرناڵی بایەلۆجی سەردەم بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت، "سەرمان سوڕما کە بۆمان دەرکەوت میزکردنە یەک لەدوای یەکەکەکانیان گرێدراوبوون بە پلەبەندی کۆمەڵایەتییەوە."

لێکۆڵەران دەڵێن هیواخوازن ئەم دۆزینەوەیە ببێتە هۆی تێگەیشتنی زیاتر لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و پاڵنەرە سایکۆلۆجییەکان لە مەیمونی شامپانزی کە بە نزیکترین "ئامۆزای" مرۆڤایەتی دادەنرێت و ڕێژەی 98.8٪ی پێکهاتەی دی ئێن ئەی مرۆڤی تێدایە.

جگە لە میزکردن، زانایان دەڵێن باوێشکدانیش لە کۆمەڵی شامپانزی هاوشێوەی مرۆڤ بڵاودەبێتەوە؛ کاتێک شامپانزییەک باوێشک دەدات، ئەوانی تریش بەدوایدا باوێشک دەدەن.

دیاردەی بڵاوبوونەوەی باوێشکدان لە نێو گیاندارە کۆمەڵایەتییەکانی تری وەکو سەگ و گورگ و شێریش تۆمارکراوە.

دەروونناسەکان هۆکاری بڵاوبوونەوەی باوێشک لە گیاندارە کۆمەڵایەتییەکاندا دەگێڕنەوە بۆ لاساییکردنەوە و "ئاوێنەکردنی کۆمەڵایەتی،" وە دەڵێن بریتییە لە کردارێکی نائاگایی، گرێدراوە بە پاڵنەری هاوسۆزی لەو خانانەی مێشکدا کە ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکان ئاراستەدەکەن.

XS
SM
MD
LG