وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان ڕۆژی یەکشەممە سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکەدا کۆبووەوە.
فیدان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی فواد حسێندا جەختی لەوە کردووەتەوە کە "پەکەکە، تورکیا و عێراق و سوریا دەکاتە ئامانج، بۆ داهاتووی ناوچەکەمان و خۆشگوزەرانی گەلانمان، دەبێت شەڕێکی هاوبەش دژی تیرۆر بکەین."
لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا گرژییان تێدا بووە، ئەوەش بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیاوە دژی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەرێم و حکومەتی عێراقیش ئەمە بە پێشێلکردنی سەروەری خاکی وڵاتەکەی ناودەبات.
بەڵام پەیوەندییەکان باشتر بوون دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو بەغداد پارتی کرێکارانی کوردستانی بە " ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو " ناساند، دوو وڵاتەکەش ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی گفتوگۆی ئاست بەرزی ئاسایشی لە نێوانییاندا.
سەردانەکەی فیدان بۆ عێراق لە کاتێکدایە کە تورکیا داوای لە یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد لە سوریا کردووە چەک دابنێن، ئەوەش دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد.
یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەکەن کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی دەکرێت و ڕۆڵێکی سەرەکی و گەورەیان هەبووە لە شکستهێنان بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشدا. تورکیا دەڵێت یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد درێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستانە و ئەوانیش ئەمە ڕەتدەکەنەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز