Accessibility links

تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان: ژنان لە زیندانەکانی عێراقدا ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی و هەراسانکردن دەبنەوە


سەرۆکی تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان لە عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەشێکی زۆر لە ژنانی زیندانکراو لە بەندینخانەکانی عێراقدا ڕووبەڕووی دەسترێژی سێکسی و هەراسانکردن بوونەتەوە، دەشڵێت،" بەهەزاران ئافرەت بێ ئەوەی دادگای بکرێن لە بەندینخانەکاندان و چارەنوسیان بە نادیاری ماوەتەوە."

شوان سابیر گەردی، سەرۆکی تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان لە عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێمە دەرکەوتووە بەشێکی زۆری ئەو ئافرەتانەی کە لە بەندینخانەکانی عێراقدان لەناو بەندینخانەکان یاخود لەکاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەگوتەی خۆیان ڕووبەڕووی دەسترێژی سێکسی و هەراسانکردن بوونەتەوە."

وتیشی،" ئێمە وەزارەتی دادی عێراقمان ئاگادارکردووەتەوە و لەڕاپۆرتی ساڵانەشماندا ئاماژەمان بە خراپی دۆخی ئافرەتان کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئافرەتان ناتوانن بە بەڵگەوە بیسەلمێنن کە دەسترێژیان کراوەتە سەر دادگا نەیتوانیوە ڕێکار بگرێتە بەر."

دەنگی ئەمەریکا لەبارەی ئەو زانیاریانەی کە باس لە دەستدرێژی سێکسی دەکەن بۆ سەر ئافرەتە زیندانکراوەکان لەناو بەندینخانەکانی عێراق، پەیوەندی بەوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراقەوە کرد کە چ بەدواداچوونێکیان کردووە، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە پەیوەندیەکە بەردەست نەبووە.

بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی دادی عێراق، تا کۆتایی ساڵی 2023 زیاتر لە 65 هەزار زیندانی لە زیندانەکانی عێراقدان و لەو ژمارەیە نزیکەی 8 هەزاریان سزای لە سێدارەدانیان هەیە.

ڕاپۆرتێکی ناوەندی عێراقی بۆ دێکۆمێنتکردنی تاوانەکانیش باسی لەوەکردووە، دەیان هەزار سزادراو لە ژینگەیەکی ناخۆشی نا مرۆڤایەتی لە زیندانەکاندان و لە ڕەوشێکی خراپدان و ڕێژەیان لەچاو ساڵانی پێشووتر لە 300% زیادیکردووە.

یاسین محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ساڵاحەدین بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بەداخەوە دۆخی زیندانیانی عێراق بەگشتی و پارێزگای سەڵاحەدین زۆر خراپە بەهۆی قەرەباڵغیەوە ئێمە داوا دەکەین ئەو قەرەباڵغیە کەمبکرێتەوە، بۆیە بڕیاری یاسای لێبوردنی گشتی لەبەرژەوەندی زیندانیاندایە."

وتیشی،" پەرلەمانتارانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەتایبەت سونە مەزهەبەکان لە سنوری پارێزگای سەڵاحەدین لەنوسینگەکانیان بانگەوازیان بۆ کەسوکاری زیندانیان کردووە کە سەردانیان بکەن، تا لە ڕێگای پارێزەرانیانەوە بتوانن چارەنوسی بەندیەکان بزانن و هەوڵ بۆ ئازادکردنیان بدەن گەر یاسای لێبوردنی گشتی دەیانگرێتەوە."

سەبارەت بە دۆخی ئافرەتە زیندانکراوەکانی سنوری سەڵاحەدین، ئەو ئەندامەی کوردەی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بێ ئاگای خۆیی نیشاندا و وتی،" بەدڵنیایەوە چاودێریەکی وردتریان بۆ دەکەین و گرفتە گەورەکان دەخەینە ڕوو."

ڕۆژی 21ی مانگی یەکی 2024، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری لەسەر سێ پرۆژە یاسای هەستیاردا لە عێراقدا، کە ماوەیەکی زۆرە کێشمەکێشمی لایەنەکانی لەسەرە، یەکێک لەو یاسایانە یاسای لێبووردنی گشتیە، کە سوننەکان بە بەرژەوەندی خۆیانی دەزانن، بەو پێییە لەدوای ڕووخانی دەسەڵاتی سوننە بە سەرۆکایەتی بەعس دەسەڵاتی شیعە ژمارەیەکی زۆر لە سوننەکانی دەستگیرکردووە بە تۆمەتی داعشی بوون.

قبوڵکردنی یاسای لێبووردنی گشتی لە بەرژەوەندی سوننەکان بەرامبەر بە یاسای باری کەسێتی لە بەرژەوەندی شیعەکان و یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس تایبەت بە زەوی و زاری جوتیارانی کورد لە کەرکوک لە بەرژەوەندی کورد دەنگیان پێدراو پەرلەمانتارانی لایەنە جیاوازەکانیش نایشارنەوە کە دەنگدان بە سێ یاساکە بە ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان لایەنەکان کراوە.

شوان سابیر گەردی، سەرۆکی تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان لە عێراق ڕاشیگەیاند،" بەندینخانەکانی عێراق زۆر قەرەباڵغن و لەکاتێکدا پێویستە زیندانیکراو لە دوو مەتری چوار گۆشەدا لە زینداندا بن، بەڵام گەر باسی هەموو بەندینخانەکان بکەین ئەوە سێ بەقەد ئەندازەی خۆیان زیندانکراویان تێدایە، گەر بەتاکیش وەریان بگرین ئەوە بەندینخانەی وا هەیە دە هێندەی خۆیان زیندانیان تێدایە ئەمەش بە پێی پێوە نێودەوڵەتیەکان گونجاو نیە، بۆ نموونە بەندینخانەی ناسریە و بەغداد."

وتیشی،" جگە لەوەی زیندانکراوان لە دۆخێکی زۆر خراپدان بەتایبەت ئافرەتە زیندانکراوەکان، دادگا نەیتوانیوە دۆسیەکانیان بە زووی یەکلا بکاتەوە و بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتیەکان نابێت دۆسیەکانیان دوا بکەوێت و بەهەزاران کەس هەیە دۆسیەکانیان یەکلانەکراوەتەوە."

سەرۆکی تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان لە عێراق ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات هیچ خزمەتگوزاریەکی تەندروستی بۆ ئافرەتان لەناو بەندینخانەکان نیە، دەشڵێت،" زۆرینەی ئەو ئافرەتانەی کە لەبەندینخانەکان دێنە دەرەوە ئەوە پشتراست دەکەنەوە کە لەکاتی وتە لێوەرگرتن لە کاتی لێکۆڵینەوە لەلایەن دەزگای لێکۆڵینەوە دەسترێژیان کراوەتە سەر، بەڵام ناتوانن بە بەڵگەوە بیسەلمێنن."

ڕۆژی 29ی مانگی دوانزەی 2024، ڕێکخراوەکانی چاودێری مافی مرۆڤ دۆخی زیندانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە "کارەساتبار" ناودەبەن و بەڕێوەبەری گشتی چاکسازیەکانی هەرێمی کوردستانیش داوای یەکلایی کردنەوەی چارەنوسی 479 سزادراوی لەسێدارەی کرد و وتی،" زۆری ژمارەی سزادراوانی لەسێدارە بارگرانی بۆ دروستکردووین."

ئیحسان بابان، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازیەکانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو سزادراوانەی کە سزای لەسێدارەدانیان هەیە لە ناو چاکسازیەکان هەمان بەرنامە و خزمەتگوزاریان وەک سزادراوانی دیکە پێشکەشدەکرێت. خۆی لە ڕاستیدا نەدەبوو وابێت، وە ئێمە داوامان لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کردووە هەتا چارەنوسیان یەکلایی بکاتەوە."

وتیشی، "داواکاریەکەی ئێمە ئەوەیە یان سزاکەیان لەسێدارەوە بۆ بکرێت بە هەتاهەتایی یاخود سزاکانیان بەسەردا جێبەجێبکرێت یان لە ئێمە جیابکرێنەوە، چونکە بەڕاستی بوونەتە مایەی بارگرانی بۆمان."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:12 0:00

XS
SM
MD
LG