Accessibility links

دوو دیزاینەری ئەڵمانی و مەکسیکی دیزاینێک بۆ مۆنۆمێنتی ئەنفال لە گەرمیان دادەنێن


بەرپرسی پرۆژەکانی ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی ڕایدەگەیەنێت، دوو دیزاینەری جیهانی مەکسیکی و ئەڵمانی دیزاینی دروستکردنی مۆنۆمێنتێکی شایستەیان بۆ ئەنفال کێشاوە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێم ئەو بڕە بودجەیەی بۆ تەرخان نەکردوون کە بڕیاربوو بۆ مۆنۆمێنتەکە تەرخانی بکات.

زیاد فایەق، بەرپرسی پرۆژەکانی رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دروستکردنی مۆنۆمێنتی ئەنفال لە ناحیەی ڕزگاری دوو ملیۆن دۆلاری دەوێت، ئێمە ملیۆنێک دۆلارمان گرتووەتە ئەستۆ."

دەشڵێت،"بڕیاربوو حکومەتی هەرێم خەرجی پێداویستییەکانی تەواوکردنی بینای مۆنۆمێنت بگرێتە ئەستۆ و دوای تەواو بوونی، مۆنۆمێنتەکە ڕادەستی حکومەتی هەرێم بکرێت."

جەختیشیکردەوە،"تا ئێستا لە دیزاینی مۆنۆمێنتەکە 17 هەزار دۆلار خەرجکراوەو دوو دیزاینەری ئەڵمانی و مەکسیکی دیزاینی مۆنۆمێنتەکەیان کێشاوە، ئەو دوو دیزاینەرە چەند جارێک هاتوونەتە گەرمیان تا مۆنۆمێنتێک دروست بکەن لە ئاستی گەورەیی کارەساتی ئەنفال دا بێت."

زیاد وتیشی،"دوو دیزاینەرەکە لەسەر بنەمای گوێگرتن لە رزگاربوانی ئەنفال و چیرۆکە تراژیدییەکانیان، دیزاینی مۆنۆمێنتەکەیان کێشاوەو لەمەدا سودیان لە هۆڵۆکۆست وەرگرتووە."

حکومەتی هەرێمی کوردستان 13 دۆنم زەوی بۆ دروستکردنی مۆنۆمێنت لە ناحیەی رزگاری سنوری گەرمیان تەرخانکردووە، ئەو ڕووبەرە زەوییە لە ئێستادا تەلبەند کراوەو چارەنوسی بە نادیاری ماوەتەوە.

زیاد فایەق دەڵێت،"خێرخوازێکی ئەڵمانی 35 هەزار دۆلاری بۆ مۆنۆمێنتەکە خستە سەر هەژماری بانکی رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی، بەڵام بە هۆی تەرخان نەکردنی پارە لەلایەن حکومەتی هەرێم و دواکەوتنی دروستکردنی مۆنۆمێنتەکە، خێرخوازەکە پارەکەی کێشایەوە."

لەکاتێکدا رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی سەرقاڵی پرۆژەی مۆنۆمێنتی ئەنفالە لە ناحیەی رزگاری، ڕۆژی 26 ی مانگی 1 ی 2025، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی بواری ئەنفال سەبارەت بە دروستکردنی مۆنۆمێنت لە ناحیەی رزگاری کۆبوویەوە.

ئەحمەد مەجید، چالاکوانی بواری ئەنفال، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"چوار دیزاینەر دیزاینی مۆنۆمێنتی ئەنفالیان هێنابوو بۆ ئیدارەی گەرمیان، ئێمە داوامانکرد بیرۆکەکان یەکبخرێت بۆ دروستکردنی مۆنۆمێنتێکی شایستە بۆ ئەنفال."

ئەو وتیشی،"مادام دروستکردنی مۆنۆمێنت بۆ ئەنفال زۆر دوا کەوتووە، دەمانەوێت مۆنۆمێنتێک دروست بکرێت لە ئاست گەورەیی تراژیدیای ئەنفال بێت."

ڕەتیشیکردەوە، بە وردی ئاگاداری پرۆژەکەی رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی بێت بۆ دروستکردنی مۆنۆمێنت لە ناحیەی رزگاری.

لە ئێستادا گۆڕستانی دێبنەی سنوری ناحیەی رزگاری نزیکەی پێنجسەد ڕووفاتی ئەنفالکراوەکانی تێدا نێژراوە، ساڵانە کەس و کاری ئەنفالکراوەکانی گەرمیان لەسەر ئەوگۆڕستانە یادی ئەنفال دەکەنەوە.

هەرچەندە لە ناحیەی رزگاری سیمبولێک بۆ ئەنفال دروستکراوەو بە فەرەنجییەکە ناسراوە، بەڵام کەس و کاری ئەنفالکراوەکان پێیانوایە ئەو سیمبولە گوزارشت لە گەورەیی کارەساتی ئەنفال ناکات.

جەبار عومەر، بەڕێوەبەری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی گەرمیان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەر کەس و لایەنێک مۆنۆمێنت دروست بکات و گوزارشت لە گەورەیی کارەساتی ئەنفال بکات، ئێمە هاوکاری دەبین."

دەشڵێت،"ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی کە 13 دۆنم زەوییان بۆ دروستکردنی مۆنۆمێنت بۆ تەرخانکراوە، دواکەوتوون لە دروستکردنی مۆنۆمێنتەکە، بۆیە حکومەت چاوەڕێ ناکات."

XS
SM
MD
LG