وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، یەکێتی لە گفتووگۆکانی لەگەڵ پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم هیچ شتێک بۆ قەدەر بەجێ ناهێڵێت، دەبێت پێکەوە کارکردنی هەردوولا و دەسەڵاتەکان ڕوون بکرێتەوە.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گفتووگۆی نێوان یەکێتی و پارتی تەکنیکین، بۆ ئەوەی پێناسەی بەرپرسیارێتییەکان بکرێت و پێناسەی شێوەی پێکەوە کارکردنی هەردوولا بکرێت."
دەشڵێت،" لە ڕابردوودا کاتێک شتێک باس دەکرا، پارتی دەیگوت ئەوەمان باس نەکردووە لە کاتی گفتووگۆدا، بۆیە ئێستا هەرچی هەیەو هەرچی بە خەیاڵدا بێت باس دەکرێت."
بڕیارە سبەینێ چوارشەممە، 29 ی مانگی 1ی 2025، وەفدی تەکنیکی یەکێتی و پارتی بۆ سێیەم جار کۆببنەوە، گفتووگۆ لە بارەی چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت و چۆنیەتی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بکەن.
سەعدی پیرە دەڵێت،"یەکێتی دەیەوێت حکومەت زوو پێکبهێنرێت، بەڵام حکومەتێکی دروست بە بەرنامەیەکی دروست."
هەروەها وتیشی،"لە ڕابردوودا کێشەمان هەبووە لە مەسەلەی متمانە لە نێوان خۆمان و لەگەڵ خەڵکیش، هۆکارەکەی گفتووگۆ نەکردنی تێرو تەسەل بوو لەسەر چۆنیەتی پێکەوە کارکردن، گفتووگۆ نەکردن بوو لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان کە قابیلی لێکدانەوە بۆ نەکردن بێت."
لە ڕۆژی 20 ی مانگی دەی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا، سەرباری تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ مانگ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دا، بەڵام هێشتا حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهێنراوە.
سەبارەت بەوەی گفتووگۆکانی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم زۆری ماوە یان کەم، سەعدی پیرە وتی،"پێکهێنانی حکومەت زۆری ماوە یان کەم، ئەم پرسیارە وەڵامی نییە، چونکە گفتووگۆکان بەردەوامن و وەڵامی پرسیارەکەش پەیوەندی بە ڕەوتی گفتووگۆکانەوە هەیە."
گفتووگۆی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دا ناکۆکی قوڵ لە نێوان ئەو دوو لایەنە دروستبوو، بەجۆرێک دروشمی یەکێتی بریتی بوو لە "کۆتایی پێ دەهێنین."
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕەوتی گفتووگۆکانی نێوان یەکێتی و پارتی کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"فشاری هاوپەیمانان بۆ پێکهێنانی حکومەت، لەگەڵ فشارەکانی حکومەتی عێراق لەسەر هەرێم، یەکێتی و پارتی ناچارکردووە پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەت."
سەرچاوەکە دەڵێت،"گفتووگۆکانی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت قۆناغی پێشکەوتووی نەبڕیووە، بەڵام گفتووگۆکان بەردەوامن. یەکێتی دەیەوێت جێگری حکومەت هاوشێوەی سەرۆکی حکومەت لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، پارتیش دەیەوێت راوێژکار بۆ وەزارەت و دەزگا حکومییەکان دابنێت و یەکێتی ئەمە بە پلانگێڕی دادەنێت."
بەڵام سەعدی پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، زانیارییەکانی سەرچاوەکەی ڕەتکردەوەو وتی،"ڕاست نین."
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی 7 کورسی، ڕەوتی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، سۆشیالیست 1 کورسی و بزووتنەوەی گۆڕانیش کورسییەکی بەدەستهێناوە، ئەمە جگە لەو 5 کورسییەکەی لە کۆی 100 کورسی دراوە بە پێکهاتەکان.