Accessibility links

پسپۆڕ: بەرژەوەندییەکان عێڕاق و سوریای بێدەنگ کردووە لە ئاست تورکیادا


لە نێوەندی بێدەنگییەکانی حکومەتی نێوەندیی عێراق و هەروەهاش حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، تورکیا بەردەوامە لە بۆردومانکردنی هەرێمی کوردستان. ڕۆژی دووشەممە تۆپباران و هێرشێکی درۆنی تورکیا لە هەرێمی کوردستاندا 6 کەس گیانیان لەدەستدا. تورکیا دەڵێت هێرشەکان بۆ سەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانە.

سۆزان حەمە تاتە، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی دەڵێت "بیانووەکان بۆ هێرش و پێشێلکارییەکانی تورکیا نا لۆژیکین و ئەوەی ئانکەرە دەیکات کوشتنی خەڵکی سیڤیل و ژینۆسایدکردنی ژینگەی کوردستانە. لە هەرێمی کوردستاندا، زۆرینەی لایەنەکان بێدەنگ نین بەرامبەر بەو کارانەی تورکیا بەڵکو بە دیاریکراوی، پارتی دیموکراتی کوردستان بێدەنگە."

سۆزان، داوای هاتنە دەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت "دەبێت حکومەتی هەرێم بە فەرمی سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژیانەی تورکیا بکات، بەڵام نایکات لەبەر ئەو بەرژەوەندییە سیاسیانەیەی نێوانیان کە خزمەت بە هەرێمی کوردستان ناکەن؛ بە هەمان شێوە حکومەتی عێراقیش کۆمەڵێک بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری لەگەڵ تورکیادا هەیە و ئەمەش وەهای کردووە بەغداش بێدەنگی هەڵببژێرێت بەرامبەر کردەوەکانی تورکیا؛ بەغدا بەردانەوەی بەشە ئاوی بەلاوە گرنگترە وەک لە ژیانی مرۆڤی کورد."

دکتۆر جەبار قادر، پسپۆڕی کاروباری سیاسی تورکیایە و ئاماژە بە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەکات بۆ بەغدا و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ وەزیری دەرەوە و سەرەک وەزیر و سەرۆکی کۆماردا و دەڵێت "جۆرێک لە ڕێککەوتن و وەک بڵێی چرای سەوز بۆ تورکیا هەڵکراوە، هەرچەندە ئانکەرە چاوەڕوانی هەڵکردنی چرای سەوزی بەغدا و هەولێر ناکات بۆ ئەو کارانەی چونکە خۆی لەوە بە بەهێزتر دەبینێت؛ هەڵوێستە شەرمنانەکەی هەردوو حکومەتی بەغدا و هەرێمیش مایەی غەمگینییە، کاتێک خەڵکی سیڤیل دەکوژرێن و شەهید دەکرێن؛ خەڵک لەو جۆرە هەڵوێستانەیان تێناگەن و چاوەڕوانی هەڵوێستێکیشن کە دەکرێت بەلانی کەم دەربڕینی نیگەرانیی و سەرکۆنەکردنی ئەو کارانەی تورکیا لە خۆ بگرێت."

ئەم بێدەنگییە هەر لە عێراق و هەرێمدا نییە، بەڵکو لە سوریای نوێشدا بە هەمان شێوەیە. تورکیا ڕۆژانە بۆردومانی ناوچە کورد نشینەکانی سوریا دەکات و لەوێش ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکی سیڤیل دەکوژرێن و بریندار دەبن.

دکتۆر جەبار دەڵێت "دەسەڵاتی نوێی سوریا بەلایەوە گرنگە هەرچی ئەوانەی نەیاری ئەو دەسەڵاتە نوێیەن، لاواز بکرێن و بە کارێکی باشیشی دەزانێت بەتایبەتیش کە بەهێزترینیان هێزەکانی سوریای دیموکراتە؛ ئیتر هەتا چەندێک لایەنی تر ئەو ئەرکە بۆ دەسەڵاتی نوێی سوریا بەجێبگەیەنێت ئەوا پێیان خۆشە و وەهاش چاوەڕوان دەکەن هەموو ئەو لایەنانە لە کۆتاییدا لاواز بن، هەتا پێگەی دەسەڵاتی نوێ بەهێزتر بێت و ناشیەوێت ڕاستەوخۆ بەشداری لەو شەڕ و شۆڕانەدا بکات، چونکە چاوی دنیایان لەسەرە و دەشیەوێت سێوەکە پێبگات، ئەوجا لێی بکاتەوە؛ هەربۆیەشە هیچ لێکدانەوەیەکی ترم نییە بۆ ئەو بێدەنگییەی دەسەڵاتی نوێی سوریا لە هەمەبەر هێرشی ڕێکخراوەکانی سەر بە تورکیا و هێرشی تورکیا خۆیشی."

پەرەسەندنەکان و ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک زۆرێک لە چاودێر باسی دەکەن "بوونەتە دەرفەتێک بۆ تورکیا هەتا هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا فراوانتر بکات."

سۆزان، هاوڕایە و دەشڵێت بەدڵنیاییەوە ئەو ڕەوشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یارمەتیدەرە بۆ تورکیا و "کورد دۆستی ڕاستەقینەی نییە و هەر وڵاتێکیش وەک کارتێکی فشار دژی ئەوی تریان بەکاریدەهێنێت؛ ئێران، سوریا، تورکیا، تەنانەت عێراقیش لەسەر بێهێزکردنی کورد هاوهەڵوێستن. ڕوسیا و چین، کەمتر لەسەر مافە نەتەوەییەکانی کورد دێنە دەنگ، ئیسرائیلیش بە هەمان شێوە هەڵوێستەکانی جێی متمانە نیین؛ ئەمەریکاش، تورکیا لە کورد بە گرنگتر دەزانێت."

دکتۆر جەبار، دەڵێت "ژینگەی پڕ لە پێکدادان و ئاڵۆزی و کوشتن و ئاوارەکردنی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، زەمینەیەکی ڕەخساوە بۆ تورکیا تا کردەکانی خۆی بکات و کەسیش باسی نەکات؛ لە ڕووداوەکانی سوریادا، یان پەرەسەندنەکان لە غەززە، یان لە شەڕی سوداندا کە لە هەرسێکیاندا دەیان و بگرە سەدان هەزار کەس کوژراون، دەبینیت لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا زانیارییەکی زۆر کەم لەسەریان پێشکەش دەکرێت؛ جا پێموایە تورکیا باش لەوە تێگەیشتووە کە لە سێبەری ئەم هەموو تاوانە گەورە و کوشتارە گەورانەی لە ناوچەکەدا دەکرێن و هەر کاتێک بارەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لار ببیتەوە ئەوا بە دەرفەتی دەزانێت و چەندێکیش پێی بکرێت دەست لە کورد دەوەشێنێت و زەبری لێدەدات."

هەرچۆنێک بێت، لە تورکیادا دەسەڵاتداران پرۆسەیەکیان بۆ ئاشتی لەگەڵ کورددا ڕاگەیاندووە و لەناو تورکیاوە دەگوترێت لە ناوەڕاستی ئەم مانگی دووەدا هەواڵی گرنگ دەبیسترێت لەسەر ئەو پرۆسەیە.
سۆزان حەمە تاتە، نوسەر و شیکەرەوە دەڵێت " ئەم دوو دژەبەرە، پرۆسەی ئاشتی و درێژەدان بە هێرش و بۆردومانەکانیش؛ لای دەوڵەتی تورکیا یەکدەگرنەوە چونکە ئەوەی تورکیا دەیکات سەپاندنی هەژموونی خۆیەتی بەسەر کورددا، بەسەر کورد و لایەنی تریشدا و ڕاگەیاندنی ئاشتەوایی لە ئێستادا بۆ بەکارهێنانی ئۆجەلانە بە مەبەستی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان و کوشتنی خواستی کوردە، چونکە تورکیا نایەوێت کورد لە هیچ شوێنێکدا خاوەنی ئیرادەبێت."

تورکیا، پارتی کرێکارانی کوردستان بە ڕێکخراوێکی تێرۆریست دەناسێنێت و تەواوی بۆردومان و هێرشەکانیشی بۆ سەر ناوچە کوردییەکان لە عێراق و لە سوریاشدا بەناوی شەڕی دژی تێرۆریزمەوە دەکات و لەوەتای ئەو پرۆسەیەی بۆ ئاشتی لەگەڵ کورددا ڕاگەیاندووە، جەخت دەکاتەوە لەوەی وەک دەڵێت "لە پێناو نەمانی تێرۆرە لە تورکیادا."

XS
SM
MD
LG