جێگری پێشووتری سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت نزیکەی 60 بۆ 70 هەزار عەرەبی سونە لە زیندانەکانی عێراقدان و بەشێکی زۆریان لەژێر فشاردا دانیان پێنراوە بە تاوان دا و دەڵێت هەر بەم هۆکارەش ئەگەر یاسای لێبوردنی گشتی جێبەجێ نەکرێت توڕەیی گەورە شەقام دەگرێتەوە.
ساڵح موتڵەگ، جێگری پێشووتری سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرکردەی دیاری عەرەبی سونە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"60 بۆ 70 هەزار دەستگیرکراو ژمارەیەکی زۆر گەورەیە، بڕیاری ڕاگرتنی یاسای لێبوردنی گشتی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە هەرچەندە کاتییە، بەڵام خەڵک پەلەی ئازادکردنی ڕۆڵەکانیەتی چونکە دەستگیرکراوەکان لە دۆخێکی خراپدان."
دەشڵێت،"خەڵک زۆر توڕەیەو توڕەییەکە پەنگی خواردووەتەوە، لەسەر حسابی یاسای لێبوردنی گشتی خەڵکی تریش ئازاد دەکرێت، لە ڕاستیشدا ئەو کەسانەی بە یاسای لێبوردنی گشتی ئازاد دەکرێن لەبنەمادا تاوانبار نین."
ڕۆژی 21 ی مانگی یەکی 2025، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای لێبوردنی گشتی کە خواستی عەرەبی سونە بوو، یاسای هەمواری باری کەسێتی کە خواستی شیعەو یاسای گێڕانەوەی موڵکی بۆ خاوەنەکانیانی پەسەندکرد کە خواستی کوردبوو، بەڵام دادگای فیدراڵی عێراق بە فەرمانێکی سالاری کارکردنی بەو سێ یاسایە ڕاگرت.
فەرمانە سالارییەکەی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ ڕاگرتنی کارکردن بەو سێ یاسایە، پەردەی لەسەر ناکۆکی نێوان دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق هەڵدایەوە، بەتایبەت ئەنجومەنی دادوەری دادگاکانی پابەندکرد بە جێبەجێکردنی هەر سێ یاساکە، لەکاتێکدا دادگای فیدراڵی فەرمانە سالارییەکەی بە پابەندکەر ناوبرد.
ساڵح موتڵەک وتی،"زۆربەی خەڵک پێیانوایە ڕۆڵەکانیان لە دۆخێکی تەم و مژاویدا دەستگیرکراون و لەژێر فشاردا دانیان پێنراوە بە تاواندا، دان پێدانانەکانیان ڕاست نین و لەسەر ئەم بنەمایە دادگایی کراون، بەشێکی زۆریان سزای لەسێدارەدان و بەشێکی تریان سزای زیندانیکردنی هەمیشەییان بۆ دەرکراوە، ئەم سزایانە زۆر قورسن."
هەروەها وتیشی،"خەڵک پێیانوایە زوڵمێکی گەورە لە ڕۆڵە زیندانیکراوەکانیان کراوەو چەندین ساڵە لە دۆخێکی خراپ و کارەستباردان لە نێو زیندان، زیندانییەکان ڕووبەڕووی سوکایەتی پێکردن بوونەتەوە."
ڕاگرتنی جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵی عێراقەوە لایەنە سونەکانی توڕەکرد، بۆیە ڕۆژی چوارشەممە، 5 ی مانگی دووی 2025، دەوام لە پارێزگا سونەنیشینەکان ڕاگیرا.
ساڵح موتڵەگ، سەرکردەی دیاری عەرەبی سونە دەڵێت،"گەر یاسای لێبوردنی گشتی جێبەجێ نەکرێت، خۆپیشاندانی زۆر گەورە ئەنجام دەدرێت دژی ڕاگرتنی یاساکە، ئەمەش لە قازانجی سەقامگیری عێراق و پرۆسی سیاسی نییە."
دەشڵێت،"دەبێت بە عەقڵ و سیاسەت و حیکمەت کار بۆ پاراستنی سەقامگیری عێراق بکەین."
لەکاتێکدا عەرەبی سونە هەڵوێستیان بەرامبەر ڕاگرتنی یاسای لێبوردنی گشتی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە وەرگرتووە، بەڵام هێشتا لایەنە کوردییەکان وەک پێویست بە دەنگ نەهاتوون لەبەرامبەر ڕاگرتنی یاسای گێڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان.
شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گەر لە داهاتوودا بزانرێت کارکردن بەو سێ یاسایەی دەکراوە ڕادەگیرێت، بێگومان کوردیش بەدەنگ دێت."
هەرچەندە پێشتر بەشێک لەپەرلەمانتارانی شیعەی عێراق داوای هەڵوێست وەرگرتنیان بەرامبەر هەندێک بەرپرسی عەرەبی سونە کرد، گوایە بەرامبەر
دادگا وەستاونەتەوە، بەڵام بە ڕای چاودێران لە ئێستادا لایەنە شیعەکان هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدەن.
ساڵح موتڵەگ: 60 بۆ 70 هەزار کەس لەزینداندان و زۆربەیان سزای لەسێدارەدان و زیندانیکردنی هەمیشەییان بۆ دەرکراوە
