دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت "پێم باشە" لەبری هێرشێکی سەربازی گەورەی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، لەگەڵ تاران بگەنە ڕێککەوتنێک کە لەو رێگەیەوە واشنتن بتوانێت چاودێری چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات و لێکۆڵینەوە یان پشکنینیان بۆ بکات و دواتر "لەناویان ببات".
سەرۆک ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فاکس نیوز کە شەوی دووشەممە بڵاوکرایەوە، وتی "هەمووان پێیان وایە ئیسرائیل بە یارمەتی یان ڕەزامەندی ئێمە هەنگاو دەنێت و تا ئاستی دۆزەخ بۆردومانیان دەکات. من پێم باشە ئەوە ڕوونەدات."
سەرۆکی ئەمەریکا وتیشی "زۆر پێم باشە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران هەبێت کە بتوانین ڕێکبکەوین، چاودێری بکەین، پێداچوونەوە بکەین، پشکنین بکەین و دواتر ئەگەر شتێک هەبێت لەناوی بەرین یان دڵنیابین لەوەی چیتر شتێک بە ناوی بەرنامەی ئەتۆمی نەماوە."
پێشکەشکاری بەرنامەی فۆکس نیوز بە ئاماژەدان بە ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015 پرسیاری کرد و وتی "رێکەوتنێکی باشترتان لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی سەردەمی ئۆباما دەوێت؟"
ترامپ لە وەڵامدا وتی "ئەو ڕێککەوتنە گەمژانەترین ڕێککەوتن بوو. ئەگەر هەبا، تا ئێستا بەسەرچووبوو. ئەو ڕێککەوتنە ڕێگایەک بوو کە ئێرانی بەرەو چەکی ئەتۆمی دەبرد. ڕێککەوتنێکی کورتخایەن بوو. ناتوانیت ڕێککەوتنێک واژۆ بکەیت کە تەنها بۆ چەند ساڵێک کارا بێت. ئەو ڕێککەوتنە بەردەوام با تا ئێستا بەسەرچووبوو. بیر لەوە بکەرەوە، ئەوان ئێستا مافی یاسایییان دەبوو چەکی ئەتۆمییان هەبێت."
سەرۆکی ئەمەریکا وتیشی "ئێوە ناتوانن ڕێگە بە ئێران، یان هەر وڵاتێکی تر، بەڵام بە تایبەت ئێران کە زۆر شەڕانگێزە، بدەن کە چەکی ئەتۆمی هەبێت. مەبەستم ئەوەیە زۆر زۆر شەڕانگێزن. ناتوانیت ڕێگەیان پێبدەیت چەکی ئەتۆمییان هەبێت".
ترامپ وتی "بەڵام دوو ڕێگا هەیە بۆ ڕێگریکردنیان، ئەو دوو رێگەیەش بە بۆمب یان بە کاغەزێکی واژۆکراو دەبێت و زۆر پێم باشە ڕێککەوتنێک هەبێت کە زیانیان زۆر بەرنەکەوێت."
دانۆڵد ترمپ وتی پێی وایە کۆماری ئیسلامیش ئەو ڕێککەوتنەی بەدڵە، چونکە زۆر نیگەران بووە "ئەگەر ڕاستگۆ بم، پێموایە کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر ترساوە، چونکە سیستەمی بەرگرییان نزیکە لە لەناوچوون. ڕەنگە لە ئێستادا هەوڵی بەدەستهێنانی سیستەمێکی بەرگری نوێ بدەن، ئەویش بەرگری ئاسمانییە. بەڵام بەرگریەکەیان خەریکە نەمێنێت. بە زەمەنێکی زۆر سەختدا تێپەڕیون. پلانی پەیجێرەکان کارەساتێک بوو بۆ ئەوان."
ترامپ بە ئاماژەدان بە ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل بۆ تەقاندنەوەی پەیجێرەکانی سەر بە هێزەکانی حزبوڵای لوبنان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پاڵپشتی دەکرێت، وتی "کارێکی ترسناک بوو، بەڵام بەشێکی زۆری سەرکردەکانیانی لەناوبرد، شتێک کە پێشتر کەس نەیبینیبوو."
لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ فاکس نیوز، سەرۆکی ئەمەریکا جارێکی دیکە وتی "پێموایە کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر نیگەرانە. پێم وایە ئەوان ترساون. پێموایە حکومەتی ئێران حەز دەکات ڕێککەوتنێک بکات، منیش حەز دەکەم ڕێککەوتنێک لەگەڵیان بکەم بەبێ ئەوەی بۆردومانیان بکەم".
ترامپ: ئێران ترساوە و ئامادەیە دانوستان بکات، من پێم باشە لەبری هێرش، ڕێککەوتن بکەین
