Accessibility links

دوو سەرچاوەی سەربازی: چەکدارەکانی داعش جلی سەربازی دەپۆشن و چەکی پێشکەوتوویان پێیە


دوو سەرچاوەی باڵای ئاسایشی و سەربازی لە پارێزگای سەڵاحەدین دەڵێن، جم و جۆڵی چەکدارانی داعش لە سنوری کەرکوک و سەڵاحەدین زۆر زیادیکردووە، بە جۆرێک چەکدارەکان جلی سەربازی دەپۆشن و چەکی پێشکەوتووشیان پێیە.

دوو سەرچاوە باڵا سەربازییەکە کە بەهۆی ئەوەی مافی قسەکردنیان بۆ میدیا نییە، داوایان کرد ناوەکانیان ئاشکرا نەکرێت، بۆ دەنگ ئەمەریکایان پشتڕاستکردەوە ،چەکدارەکان بەڕێگەی نێوان کەرکوک و سەڵاحەدین دا هاتووچۆ دەکەن، سەرچاوەی یەکەم گوتی " بەشێکی تریان لە پارێزگای دیالەوە دەپەڕنەوە بۆ ناوچەی تاوێر کەوەی سنوری قەزای خورماتوو."

ناوچەی تاوێر کەوە، ناوچەیەکی شاخاوی و پڕ لە حەشارگەی سەختی چەکدارانی داعشە، بە پێی وتەی بەرپرسانی ئاسایشی و سەربازی، ئەم ناوچەیە هیچ جوڵەیەکی سەربازی عێراقی تێدا نییەو لە ژێر کۆنترۆڵی داعشدایە، بەڵام ناو بە ناو لەلایەن فڕۆکە عێراقییەکانەوە بۆردومان دەکرێت.

سەرچاوەکەی تر (سەرچاوەی دووهەم) بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "بەشێک لە چەکدارانی داعش و سەرکردەکانیان ناسنامەیان لای دەزگا ئاسایشییەکان ڕوونە، ئەوان لەسەردەمی بەعسدا کاری قاچاخچێتیان کردووە. داعش ناو بە ناو گۆڕانکاری لەسەرکردەکانی دەکات و جێگۆڕکێ بە هێزەکانیش دەکات."

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، فڕۆکە عێراقییەکان ناوچەی غەڕەو پەڵکانەی نزیک قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدینیان بۆردومان کرد بەهۆی بوونی جم و جۆڵی داعشەوە، بەو هۆیەوە چەند چەکدارێکی ئەو ڕێکخراوە کوژران.

ڕۆژی 8 ی 2 ی 2025، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر حەشارگەیەک لە ناوچەی زەرگەی سنوری قەزای خورماتوو، حەوت چەکداری داعش کوژراون، یەکێک لە کوژراوەکان ئەبو سەعید ئەلدەندوسی والی کەرکوکی ڕێکخراوەکە بووە.

نازم کەهیە، ڕێکخەری پێشووی پەیوەندییەکانی نێوان پێشمەرگەو حەشدی شەعبی لە باشوری کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"جم و جۆڵی داعش زۆر زیادیکردووە، چەکدارانی داعش لە گوندە عەرەب نیشینەکان حەشارگەیان هەیە."

جم و جۆڵی چەکدارانی داعش کە بەچڕی لەلایەن دەزگا ئاسایشی و سەربازییەکانی عێراقەوە چاودێری دەکرێت لەکاتێکدایە، بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراقیش پێیانوایە هێشتا داعش مایەی مەترسییە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

دەزگا ئاسایشی و سەربازییەکانی عێراق ڕێوشوێنی سەربازی توندیان لە ناوچە سنورییەکانی نێوان عێراق و سوریا گرتووەتەبەر، بەردەوام ئۆپەراسیۆنی سەربازیش لە پارێزگا سونەنیشینەکانی عێراق ئەنجام دەدەن بۆ ڕێگرتن لە بەهێزبوونەوەو خۆ ڕێکخستنەوەی داعش.

ڕۆژی 8 ی دووی 2025، دکتۆر فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند،"جوڵەی داعش لە سنوری عێراق و سوریا جێگەی نیگەرانییەو پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی ئەو سنورانە بکرێت، چونکە داعش هەڕەشەیەکی ئاسایشی مەترسیدارە بۆ سەر ناوچەکە."

عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پێشووتری پۆلیسی قەزاو ناحیەکانی کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەرکاتێک ناکۆکی سیاسی لە عێراق سەریهەڵدا، جم و جۆڵ و ئامادەکاری داعش زیاد دەبێت و خۆیان بۆ قۆستنەوەی دەرفەت ئامادە دەکەن. جم و جۆڵی ئێستای داعش پەیوەندی بە گۆڕانکارییەکانی سوریاو ناکۆکی نێوان پێکهاتەکانی عێراق هەیە."

دەشڵێت،"داعش مەفرەزەکانی بڵاوە پێکردووە، شانە نوستووەکانی خستووەتەگەڕ، هەوڵی خۆ ڕێکخستنەوەو تەنانەت دەستپێکردنەوەی چالاکی سەربازیش دەدات."

ڕۆژی 23 ی مانگی 11 ی 2024، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، دەستگیرکردنی ئەمیرێکی کوردی داعش و شەش کەسی تری لە شاری کەرکوک ڕاگەیاند، لە کاتی دەستگیرکردنیاندا نوسراوی نهێنی و بڵاوکراوەی داعشیان پێبووە.

XS
SM
MD
LG