Accessibility links

راوێژکاری سەرۆک کۆمار: پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ کەسوکاری پێشمەرگە دیلەکانی لای داعش دەکرێت


راوێژکارێکی سەرۆک کۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕووفاتی 17 پێشمەرگەی دیلکراوی لای داعش دۆزراونەتەوەو سامپڵی خوێن لەکەس و کاری پێشمەرگەکان وەرگیراوە، تا ناسنامەی ڕووفاتەکان ئاشکرا ببن.

پەری نوری، ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"برای یەکێک لە پێشمەرگە دیلەکانی لای داعش پەیوەندی پێوەکردم و دیکۆمێنتەکانی بۆ ناردم، منیش دامەزراوەی شەهیدانی عێراق و پزیشکی دادم لە مەسەلەکە ئاگادار کردەوە، ئەوانیش بەڵێنیان دا ئیش لەسەر بابەتەکە بکەن."

ئەو وتیشی،"17 ڕووفاتی پێشمەرگە دیلەکان هەڵگیراوەتەوە، سامپڵی خوێن لەکەس و کاری پێشمەرگەکان وەرگیراوە، ئەمڕۆ لەکاتێکدا سامپڵی خوێنمان لەکەسوکاری ئەنفالکراوەکان وەردەگرت، سێ خێزان لەکەسوکاری پێشمەرگە دیلەکانیش هاتنە لامان و سامپڵی خوێنمان لێوەرگرتن."

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13 ی مانگی دووی 2025، بەڕێوەبەرایەتی گشتی فەرمانگەی پزیشکی دادی عێراق، دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی لە ناوچەی حەویجەی ڕۆژاوای کەرکوک ڕاگەیاند، گوایە گۆڕە بە کۆمەڵەکە ڕووفاتی 17 پێشمەرگەی دیلی لای داعشی تێدابووە.

شاهێن نەبیل، برای یەکێک لە پێشمەرگە دیلەکانی لای داعش کە تا ئێستا چارەنوسی نادیارە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"تا ئێستا نازانین ڕووفاتی براکەم لەو گۆڕە بەکۆمەڵەدایە کە دۆزراوەتەوە یاخود نە."

هەروەها وتیشی،"پەیوەندیمان پێوە کراوە تا پشکنینی دی ئێن ئەیمان بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی بزانرێت ڕووفاتی براکەمان دۆزراوەتەوە یاخود نە."

لەدوای بەرپابوونی شەڕ لە نێوان هێزی پێشمەرگەو چەکدارانی داعش لە ساڵی 2014، ژمارەیەک پێشمەرگە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بەدیل گیران، دواتر ژمارەیەکیان لە شارۆچکەی حەویجەی ڕۆژاوای کەرکوک لەلایەن داعشەوە بە نێو شەقامەکاندا گێڕدران و پیشانی خەڵک دران.

جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"چارەنوس نادیارەکانی هێزە چەکدارەکانی هەرێم لە کاتی شەڕی داعش ژمارەیان 65 کەس بوو،بەڵام دواتر هەندێکیان تەرمەکانیان دۆزرایەوەو چارەنوسیان زانرا، بۆیە ژمارەی چارەنوس نادیارەکان دابەزی بۆ 42 کەس."

دەشڵێت،"ژمارەیەک هاوڵاتی تریش کە وەکو خۆبەخش بەشداری شەڕی داعشیان کردووە، چارەنوسیان نادیارەو ڕەنگە بە پێشمەرگەو خۆبەخشەکانەوە ژمارەی چارەنوس نادیارەکان بگاتە 105 کەس."

دۆزینەوەی ڕووفاتی 17 پێشمەرگەی دیلکراوی لای داعش لەکاتێکدایە، کەس و کاری ئەو پێشمەرگانە ماوەی 10 ساڵە سەرقاڵی گەڕانن بە دوای چارەنووسی ڕۆڵەکانیان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:53 0:00

XS
SM
MD
LG