Accessibility links

نوێنەری هەرێم بۆ مادەی 140: پەتخستنە ملی جوتیاری کوردی کەرکوک دەریخست عەقڵیەتی سەدام حسێن بەردەوامە


کۆبوونەوەی چەند هاوڵاتییەکی کەرکوک لەبەردەم پەیکەری پێشمەرگە لە 23ی نۆی 2017. پەیکەرەکە بووەتە هێمایەکی شاری کەرکوک و دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، لە شوێنی ئاڵای کوردستان ئاڵای عێراق هەڵکرا.
کۆبوونەوەی چەند هاوڵاتییەکی کەرکوک لەبەردەم پەیکەری پێشمەرگە لە 23ی نۆی 2017. پەیکەرەکە بووەتە هێمایەکی شاری کەرکوک و دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، لە شوێنی ئاڵای کوردستان ئاڵای عێراق هەڵکرا.

ڕاوێژکارێکی باڵای سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاردانەوەی هێرشی هێزە عێراقییەکان بۆ سەر جوتیارانی کورد لە کەرکوک دەڵێت، "دەریخست سەرباری نەمانی سەدام حسێن و عەبدولسەلام عارف و دارودەستەکانیان، بەڵام بیری شۆڤێنی لای دەسەڵاتداران زیاتر نەبووبێت کەمتر نەبووە."

دژوار فایەق، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری هەرێم لە لیژنەی مادەی 140، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "مامەڵەی خراپی هێزە عێراقییەکان لەگەڵ جوتیارانی کورد پێشێلکاری مافی مرۆڤ و دەستور و سەرجەم ڕێککەوتنەکانە."

ئەمڕۆ دووشەممە، 17ی مانگی دووی 2025، لە سنوری پێنج گوندی سەربە ناحیەی سەرگەڕان لە ڕۆژائاوای کەرکوک گرژی لە نێوان جوتیارانی کورد و سوپای عێراق دروستبوو، بەهۆی ئەوەی هێزە عێراقییەکان ڕێگرییان لە جوتیارە کوردەکان کرد بۆ بەکارهێنانی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان.

سنوری ناحیەی سەرگەڕان لە ڕۆژاوای کەرکوک نزیکەی 42 گوندی تێدایە و گوندنیشینەکان زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بەکار دەهێنن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان. هێزەکانی سوپای عێراق ڕێگرییان لە جوتیارانی شەناغە و چوار گوندی تر کرد کە زەوییەکانیان بۆ کشتوکاڵ ئامادەبکەن.

ڕێگرییەکانی سوپای عێراق پێکدادانی لە نێوان جوتیارانی کورد و سوپای عێراق لێکەوتەوە، بە جۆرێک سوپای عێراق هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی ئامێری کشتوکاڵی جوتیارانی کوردی دا و بەو هۆییەوە گرژی دروستبوو. شایەتحاڵەکان دەڵێن سوکایەتی بە چەند جوتیارێک کراوە.

یەکێک لە دیمەنەکانی ئەو گرژییە کە بە فراوانی لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە بریتییە لە مامەڵەی هێزەکان لەگەڵ جوتیارێک بە ناوی محەمەد ئەمین. لە دیمەنەکەدا دەردەکەوێت دوو سەربازی سوپای عێراق دەیانەوێت جووتیارەکە لەسەر تراکتۆرەکەی بە ملپێچەکەی ملی خۆی رابکێشن و دایبگرن. لەو کاتەدا جوتیارەکە بە هۆی ئازاری ڕاکێشانەکە هاواردەکات و پاشان دەست بۆ ئاسمان بەرزدەکاتەوە و دەڵێت، "خوا لە بانی سەرمانە."

محەمەد ئەمین، کە یەکێکە لە نوێنەرانی جوتیارانی ناوچەی سەرگەڕان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "زۆربەی گوندەکان دەکەونە سنوری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا. جوتیاران کاری خۆیان دەکەن و سوپا بێ دەنگە، بەڵام ئەم پێنج گوندە دەکەونە سنوری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک و ڕێگریمان لێدەکرێت زەوییە کشتوکاڵییەکانمان بەکاربهێنین."

دەشڵێت، "دادگا بڕیاری لەبارەی چارەنوسی 910 دۆنم زەوی لەبەرژەوەندی عەرەبی هاوردە دەرکردووە لە سنوری ئەو پێنج گوندە، کەچی سوپا سزای بە کۆمەڵی جوتیارانی کورد دەدات و ڕێگرە لە بەکارهێنانی 30 هەزار دۆنم زەوی."

ڕێگرییەکانی سوپای عێراق لە جوتیارانی کورد بۆ بەکارهێنانی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان لە کاتێکدایە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە چوارچێوەی پەسەندکردنی یاسای گێڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان، 12 بڕیاری سەردەمی حکومەتی بەعسی تایبەت بە چارەنوسی زەوی کشتوکاڵی کێشە لەسەر لە ناوچە جێناکۆکەکان هەڵوەشاندووەتەوە.

سەباح حەبیب، یەکێک لە نوێنەرانی کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "یاسای گێڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان ماوەی دوو ڕۆژە لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە واژۆی لەسەر کراوە، دوای بڵاوکردنەوەی یاساکە لە وەقائیعدا جوتیاران دەتوانن سکاڵا لەسەر سوپا تۆمار بکەن."

دیمەنی بەردەوامی گردبوونەوەی جوتیارانی کورد لە کێڵگەکانیان دوای ڕێگری هێزە عێراقییەکان.
دیمەنی بەردەوامی گردبوونەوەی جوتیارانی کورد لە کێڵگەکانیان دوای ڕێگری هێزە عێراقییەکان.

دوای بارگرژییەکانی گوندەکانی سنوری ناحیەی سەرگەڕانی کەرکوک، نوسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا وتی، "ڕێگرییەکانی سوپای عێراق لە جوتیارانی کورد لەکاتێکدایە، بەرەو پێشچوون هەبووە لە نەهێشتنی شوێنەواری بڕیارەکانی ڕژێمی پێشوو لە گۆڕینی دیموگرافی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم."

دەشڵێت ،"ئەم هەڵسوکەوتانەی سوپای عێراق پێچەوانەی دەستورە، چونکە بەکارهێنانی سوپا بۆ ئەم مەبەستانە پێچەوانەی یاسا و دەستورە و پێویستە هەرچی زووتر، کۆتایی بەم هەڵسوکەوتانە بهێنرێت."

هەرچەندە شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندووە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە گفتووگۆی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، بەڵام لە ئێستادا جوتیارە کوردەکان لە گوندی شەناغە کۆبوونەتەوە و سوپای عێراقیش هێزی لەناوچەکە جێگیرکردووە.

XS
SM
MD
LG