Accessibility links

پارێزگاری هەولێر: زۆرێک لە بەرپرسانی عێراق لە هەولێر دەژین و لێرە منداڵەکانیان خستووەتە بەر خوێندن


پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، زۆرێک لە بەرپرسانی عێراق کە ئێستا حوکمڕانن، لە هەولێر دەژین و منداڵەکانیان لە هەولێر خستووەتە بەر خوێندن، پشووەکانیشیان هەر لە هەولێر بەسەر دەبەن، بەڵام بوونی سەرکردەی بەعسی لە هەولێر ڕاست نییە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لە هەولێر پانتاییەکی فراوانی ئازادی هەیە، بۆیە ژمارەیەکی زۆر لە خوشک و برایانی عەرەب لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق لە هەولێر دەژین. بە تایبەت ئەو بەرپرسانەی ئێستا حوکمڕانن لە عێراق کەمیان هەیە لە کوردستان نەژین و منداڵەکانیان لێرە نەخوێنن، هەروەها پشووەکانیشیان لە هەولێر بەسەر دەبەن."

دەشڵێت،"ئەو کرانەوەو ئازادی و سەقامگیرییەی لە هەولێر هەیە، وایکردووە سەرکردەکانی عێراق پێی سەرسام بن و زۆربەیان لێرە بژین، بەڵام باسکردن لە هەبوونی بەعسی لە هەولێر ڕاست نییە."

جەختکردنەوەی پارێزگاری هەولێر لەسەر بوونی سەرکردە عێراقییەکانیان و خێزانەکانیان لە هەولێر لەکاتێکدایە، لە زۆر پرسی گرێدراو بە بودجەو ناوچە کێشە لەسەرەکان و شێوازی حوکمڕانی لە عێراق ناکۆکی قوڵ لە نێوان بەرپرسانی عێراق و هەرێم هەیە.

بەشێک لە بەرپرسانی عێراق بەتایبەت هێزە شیعەکان هەرێمی کوردستان بە داڵدەدانی بەرپرسانی رژێمی بەعس و نەیارانی عێراق تۆمەتبار دەکەن، ئەمە جگە لەوەی لە ڕابردوودا هەولێر لەلایەن ئێران وبەشێک لە هێزە شیعەکان بە هەبوونی بنکەی ئیسرائیلی تێیدا تۆمەتبار دەکرا.

پارێزگاری هەولێر، لە بارەی تۆمەتبارکردنی پارێزگاکەی بە داڵدەدانی سەرکردەکانی بەعس، دەڵێت،"تۆمەتبارکردنی هەولێر لە چوارچێوەی دژایەتیکردنی هەرێم و کێشەی قوڵی خۆیانە لە شێوازی حوکمڕانی، ئەوان فشاریان لەسەرەو حکومەت ناتوانێت باشتر خزمەتی هاوڵاتییان بکات و کێشەکانیان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەزیادبووندایە، بۆیە لەلایەن پەنا بۆ بڕینی بودجەی هەرێم و لەلاکەی تر تۆمەت دەدەنە پاڵ هەرێم، دەیانەوێت پەردەپۆشی خراپی حوکمڕانییان بکەن."

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، وێنەی کەسایەتییەکی عەرەب لە سۆشیال میدیا بڵاوکرایەوە گوایە زاوای سەدام حسێن بووە و لە هەولێر کۆچی دوایی کردووە، ئەمە جگە لە بڵاوبوونەوەی وێنەی دوو کوڕی سوڵتان هاشم وەزیری بەرگری عێراق لەسەردەمی بەعس، گوایە وێنەکان لەهەولێر گیراون.

ئومێد خۆشناو دەڵێت،"ئەمانە بەشێکن لە ململانێی نێوخۆییەکان و بۆ یەکترشکاندنن، ئەگینا هیچی تر نین."

لە کاتێکدا پارێزگاری هەولێر ئاماژەبەوەدەکات کە زۆربەی بەرپرسانی عێراق لە هەولێر دەژین، بەڵام حکومەتی عێراق و بەرپرسەکانی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بە دروستکردنی سەرئێشە بۆ هەرێم و هەوڵدان بۆ لە قاڵبدانی تۆمەتبار دەکرێن.

رەجەب کاکەیی، چالاکوانی کورد لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بوونی بەرپرسانی عێراق و خێزانەکانیان لە هەولێر لە ڕووی مرۆڤایەتی و یاساییەوە حاڵەتێکی ئاساییە، بەڵام گەر بە دیدێکی تر لە مەسەلە بڕوانین بەشێک لەو بەرپرسانە لە ئێستاو ڕابردوودا ئازاری کوردیان داوە."

هەروەها وتیشی،"بەشێک لەو بەرپرسانە دێن لە هەرێم دەژین، بەڵام لەبەغدا ڕێوشوێنی جیاواز دژی هەرێم دەگرنە بەر."

بەپێی دەستوری عێراق، هاووڵاتییانی هەرێم و عێراقی دەتوانن لە هەر شوێنێک بژین کە خۆیان دەیانەوێت، بەڵام ناکۆکی نێوان سیاسییەکانی هەرێم و بەغدا تا ئاستێکی زۆر بۆ نێو شەقام گواستراوەتەوەو ئەمەش جۆرێک لە هەستیاری دروستکردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:49 0:00

XS
SM
MD
LG