هەرچەندە هێشتا رەوتی سەدر خواستی خۆی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕانەگەیاندووە، بەڵام چاودێران پێیانوایە گەڕانەوەی ئەو رەوتە بۆ نێو گۆڕەپانی سیاسی جارێکی تر دۆخی سیاسی دەشڵەقێنێت، بەو پێیەی سەدر دەستبەرداری خواستی حکومەتی زۆرینە نابێت.
دوای هەڵبژاردنی ساڵی 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ناکۆکی نێوان رەوتی سەدرو لایەنە شیعەکان گەیشتە لوتکە، کاتێک سەدر هەوڵی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی داو لایەنە شیعەکان ڕێگرییان لێکرد، دواجار سەدر بە کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی و کێشانەوەی پەرلەمانتارەکانی و ڕەتکردنەوەی کۆبوونەوە لەگەڵ "گەندەڵکاران" عێراقییەکانی شۆک کرد.
هەرچەندە لە نێو ئەدەبیاتی سیاسی عێراقیدا بڵاوە گوایە متمانە بە هەنگاوەکانی رێبەری رەوتی سەدر ناکرێت و خێرا گۆڕانکاری لە بڕیارەکانیدا دەکات، بەڵام لە ئێستادا چاوەکان لەسەر جوڵەی سەدرن بەوەی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە مانگی 10 ی ئەمساڵ دەکات یاخود نە.
بورهان محەمەد فەرەج، چاودێری سیاسی و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەل و مەرجی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایکردووە ئەو لایەنانەی لە دەسەڵات نەبوون خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادە بکەن، لە نێویاندا رەوتی سەدرو ئەیاد عەلاوی، چونکە دۆخێک هاتووتە ئاراوە پێشبینی گۆڕانکاری لە عێراقیش دەکرێت."
هەروەها وتی،"مەرج نییە گۆڕانکارییەکان لە عێراق هاوشێوەی لوبنان و سوریا بێت، ڕەنگە هەوڵی گۆڕانکاری نەرم لە رێگەی هەڵبژاردن و هێنانە پێشەوەی ئەو هێزانە بدرێت لە ئێرانەوە نزیک نین. سەدر وادەریدەخات گوایە لەگەڵ ئێران پەیوەندی نییەو لە جەمسەری عەرەبییەوە نزیکە."
جەختیشیکردەوە،"داواکارییەکەی سەدر بۆ نوێکردنەوەی کارتی دەنگدان ئاماژەیە بۆ ئەوەی خۆی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن ئامادە دەکات."
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕەوتی سەدر 73 کورسی لە کۆی 329 کورسی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستهێناو بووە لایەنی براوە، بەڵام سەرجەم لایەنە شیعەکان لەژێر چەتری چوارچێوەی هەماهەنگیدا یەکیانگرت و ڕێگەیان نەدا حکومەتی زۆرینە لەگەڵ عەرەبی سونەو پارتی دیموکراتی کوردستان پێکبهێنێت.
ڕێگری لایەنە شیعەکان لە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە وایکرد سەدر سەرجەم پەرلەمانتارەکانی بکێشێتەوەو بایکۆتی پرۆسەی سیاسی بکات، ئەمەش گۆڕەپانەکەی بۆ لایەنە شیعە رکابەرەکانی واڵا کرد تا حکومەت پێکبهێنن.
بەڕای چاودێران، لەئەگەری گەڕانەوەی سەدر بۆ نێو گۆڕەپانی سیاسی عێراق گۆڕانکاری لە سیاسەتی خۆیدا دەکات، ئەمجارە نایەوێت سەنگەر لە سەرجەم هێزە شیعەکان بگرێت بەڵکو دەیەوێت بەشێکیان بەلای خۆیدا رابکێشێت.
سەرچاوەکانی ئاگادار لە جوڵەکانی رەوتی سەدر کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گەر سەدر بگەڕێتەوەو بەشداری هەڵبژاردن بکات، دەستبەرداری خواستە لە مێژینەکەی نابێت کە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەیە، بەڵام ڕەنگە هەنگاوەکانی ئەمجارەی جیاوازتر بێت لە هەنگاوەکانی جاری پێشوو کە سەنگەری لەسەرجەم هێزە شیعەکان گرتبوو."
سەرچاوەکە دەڵێت،"پێدەچێت سەدر بیەوێت ئەمجارە درز بخاتە نێو لایەنە شیعەکان و بەشێکیان بباتە لای خۆی، هەموو ئامانجێکیشی ئەوەیە حکومەتی داهاتوو لەدەستی خۆیدا بێت."
ڕۆژی 19 ی مانگی دووی 2025، وابڵاوکرایەوە گوایە ڕێبەری ڕەوتی سەدر داوای لەلایەنگرانی کردبێت کارتی دەنگدان نوێ بکەنەوە،بەڵام هێشتا بە فەرمی خواستی خۆی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران نەخستووەتەڕوو.
بڕیارە لە مانگی 10 ی ساڵی 2025، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێت، لە ئێستاوە حزب و لایەنە سیاسییەکان سەرقاڵی خۆ ئامادەکردن و پێکهێنانی هاوپەیمانێتین بۆ بەشداریکردن لەو پرۆسەیە، چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا هەڵوێستی رەوتی سەدر لە بارەی پرۆسەکەوە ڕوونترببێتەوە.
ئیسماعیل حەدیدی، راوێژکاری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گەر سەدر بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمان بکات ئامانجی بەدەستهێنانی پۆستی
سەرۆک وەزیرانی عێراقە، چونکە ئەم پۆستە پشکی شیعەیەو هەمیشە رەوتی سەدر زۆرترین کورسی پەرلەمان بەدەست دەهێنێت."
دەشڵێت،"لایەنە شیعەکان هەوڵی ڕێگری دەدەن لەوەی سەدر پۆستی سەرۆکوەزیران ببات، چونکە جاری پێشووتر دژایەتی سەدر یەکیخستن."
سەرباری دوورکەوتنەوەی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق، بەڵام رێبەری ڕەوتی سەدر ناو بەناو لە ڕێگەی تۆڕی ئێکسەوە، پەیام و هەڵوێستە نوێیەکانی ئاراستەی ئەو لایەنگرانەی دەکات کە بە گوتارێک بەکۆمەڵ ڕەوانەی سەر شەقامیان دەکات و دەیانکێشێتەوە.