Accessibility links

چاودێران: میلیشیاکانی عێراق چەک دانەنێن گورزی گەورەیان بەردەکەوێت


لەکاتێکدا داماڵینی گروپە میلیشیا شیعەکانی عێراق لەچەک یەکێکە لە داواکارییەکانی ئەمەریکا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵام تا ئێستا ئەو گروپانە ئامادەی چەک دانان نین، هەرچەندە چالاکییە سەربازییەکانیان هەڵپەساردووەو چاودێری دۆخەکە دەکەن.

گروپە میلیشیا شیعەکانی عێراق کە نزیکن لە ئێرانەوەو لە ژێر ناوی بەرەی موقاوەمەدا چالاکی سەربازی ئەنجام دەدەن، لە ڕابردوودا بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەنجامدانی چەندین هێرشی سەربازی بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکاو ئیسرائیل لە عێراق و ناوچەکە ڕاگەیاندووە.

هەرچەندە ئەمەریکا داوای کۆنترۆڵکردنی میلیشیا شیعەکانی عێراق لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران دەکات، بەڵام چاودێران پێیانوایە بڕیاردان لەبارەی چارەنوسی ئەو گروپانە لای ئێرانەو ئەوان جێبەجێکاری بڕیارەکانی ئەو وڵاتەن.

دکتۆر سەردار عەزیز، لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەمەریکا دەیەوێت لە ڕێگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پرسی گروپە میلیشیاکان چارەسەر بکات، چونکە حکومەتی عێراق کەناڵی فەرمییەو ئەمەریکا مامەڵەی لەگەڵ دەکات."

دەشڵێت،"گروپەکان نایانەوێت چەک دابنێن، خۆشیان وەکو بەشێک لە حکومەتی عێراق نابینن، بەڵکو خۆیان بە بەشێک لە سیستەمێکی هەرێمایەتی دەزانن. ئەوەی بڕیار لەبارەی گروپەکانەوە دەدات ئێرانەو حکومەتی عێراق ناتوانێت فشار بخاتە سەر ئەو گروپانە."

گروپە میلیشیا شیعەکان وێڕای ئەوەی گوێڕایەڵی بڕیارەکانی حکومەتی عێراق نابن، هاوکات حکومەتی عێراقیان توشی ئیحراجی گەورە کردووە، بەو پێیەی بە چەک و پارەی عێراق چالاکییان لەدەرەوەی سنورەکان ئەنجامداوەو هەندێکجار خاکی عێراقیشیان بۆ چالاکییە سەربازییەکانیان بەکارهێناوە.

داماڵینی ئەو گروپە میلیشیا شیعانە لە چەک یەکێکە لە داواکارییەکانی ئەمەریکایە لە عێراق، لەکاتێکدا ئەو گروپانە رێنمایی لە عێراق وەرناگرن و لە ڕابردووشدا بەرەنگاری هەندێک بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بوونەتەوە.

شوان داودی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ڕەنگە لە کۆتاییدا بەشێک لە گروپە میلیشیاکان بێنە ژێر باری خواستەکانی ئەمەریکا، ئەگینا گورزی گەورەیان بەردەکەوێت."

بەپێی یاسای پەسەندکراو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەستەی حەشدی شەعبی بەشێکە لە سیستەمی سەربازی عێراق، گوتاری بەشێک لە سەرکردە شیعەکانیش بەو ئاراستەیە، گروپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بەشێک نین لە حەشدی شەعبی، بەڵام بەشێک لە چاودێران گومانیان لەم پۆلێن بەندییە هەیە.

ڕۆژی 19 ی مانگی یەکی 2025، دکتۆر فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند،"پێشنیارێک هەیە گروپە چەکدارەکان بکرێنە بەشێک لە حەشدی شەعبی، پێشنیارێکی تر ئەوەیە چەکەکانیان ڕادەستی حەشدی شەعبی بکەن و تەنها کاری سیاسی بکەن."

هەرچەندە بەرپرسانی عێراق ئەو گروپانە لە حەشدی شەعبی جیا دەکەنەوە، بەڵام چاودێران پێیانوایە ئەو گروپانە لەگەڵ حەشدی شەعبیدا تێهەڵکێشی یەکترین و ئاگاداری هەندێک پلان و جوڵەی یەکترین، سەرکردەکانیشیان نزیکایەتییان لەگەڵ یەکتری هەیە.

گروپە میلیشیا شیعەکان کە لە نێوان ئەمەریکا و عێراق گفتووگۆ لەبارەی چارەنوسیان دەکرێت، لە ئێستادا جم و جۆڵ و چالاکییە سەربازییەکانیان هەڵپەساردووەو چاودێری گفتووگۆو دانوستان یاخود ناکۆکی نێوان ئێران و ئەمەریکا دەکەن.

شوان داودی دەڵێت،"گروپەکان تەماشای دۆخی ئێران دەکەن و چارەنوسیان بە ئێرانەوە گرێدراوە بۆیە بێدەنگن، دڵنیان لەوەی دۆخەکە لە بەرژەوەندییان نیە."

بەڕای چاودێرانی سیاسی، ئێران گروپە میلیشیاکان وەکو کارت بەکاردەهێنێت و نایەوێت بە ئاسان دەستبەرداریان ببێت، بەڵکو لە حاڵەتی گفتووگۆو دانوستان دا دەیەوێت وەکو کارتی گفتووگۆ بەکاریان بهێنێت.

XS
SM
MD
LG