Accessibility links

ئابوریناسێک: ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم جوڵە دەخاتە بازاڕەوە و هەزاران هەلی کار دەڕەخسێنێت


ئەندامێکی تۆڕی ئابوریناسانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان جوڵەیەکی گەورە دەخاتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و هەلی کار بۆ هەزاران کەس دەڕەخسێنێت.

محەمەد حسێن، ئەندامی تۆڕی ئابوریناسانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم جگە لە ڕەخساندنی هەلی کار، مانگانە دەبێتە هۆی خەرجکردنی بڕی 150 تا 200 ملیۆن دۆلار لە داهاتی کێڵگەکان و جوڵەش دەخاتە بازاڕەکان."

دەشڵێت،"پێگەی هەرێمی کوردستانیش لە کاتی گفتووگۆو دانوستان لەگەڵ عێراق بەهێز دەکات، چونکە لەمەودوا هەرێم بەشداری دەبێت لە بەرهەمهێنانی داهاتی نیشتمانی عێراق، بە پێچەوانەی پێشتر کە تەنها داوای پارەی لە عێراق دەکرد."

لە ڕۆژی 25 ی مانگی 3 ی ساڵی 2023، ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری دادگای نێوبژیوانی پاریس ڕاگیرا، دوای ئەوەی عێراق سکاڵاکەی لەسەر ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم لە تورکیا بردەوە.

هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم بە فشاری ئەمەریکا لەکاتێکدایە، هێشتا کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان ڕازی نەکراون و ڕێککەوتنی کۆتاییان لەگەڵ ئەنجام نەدراوە.

لە حاڵەتی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم، پێدەچێت سەرەتا ئەو نەوتە ڕەوانەی دەرەوە بکرێت کە کۆمپانیای کارگروپ بەرهەمی دەهێنێت و بڕەکەی لە ڕۆژێکدا نزیکەی 110 بەرمیل نەوتە.

کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان کە بەرهەمهێنان لە نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن، دەیانەوێت ڕێککەوتنی نوسراو ئەنجام بدەن و گەرەنتی ئەوە بکەن کام حکومەت پارەیان پێدەدات، هەروەها دەیانەوێت میکانیزمێک دیاری بکرێت بۆ ژماردنی پارەی داهاتی نەوت و پاراستنی مافەکانیان.

شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"یەکێک لە ڕەخنەکانی دەسەڵاتدارانی عێراق و پەرلەمانتارەکانیان ئەوەبوو، گوایە هەرێم نەوت ڕادەست ناکات و داهاتی نییە، کەچی مانگانە تریلیۆنێک دیناری بۆ موچە دەوێ."

دەشڵێت،"ناردنە دەرەوەی نەوت ڕەخنەکانی سەر هەرێمی کوردستان لادەبات، پاساو بەدەست عێراقەوە ناهێڵێت و دەبێت لەکاتی خۆیدا موچەو بودجەی هەرێم ڕەوانە بکات."

ئەوکاتەی لە مانگی 3 ی ساڵی 2023، ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیرا، کۆمپانیا نەوتییەکان توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی 400 هەزار بەرمیل نەوتیان لە ڕۆژێکدا هەبوو، بەڵام لە ئێستادا ڕەنگە پێویستیان بەکات هەبێت بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی نەوتی زیاد بکەن.

سەبارەت بە هۆکاری فشارەکانی ئەمەریکا بۆ دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم، محەمەد حسێن دەڵێت،"ئەمەریکا دەیەوێت لە حاڵەتی وشککردنی ناردنە دەرەوەی نەوتی ئێران لە چوارچێوەی گەمارۆ ئابورییەکان، نەوتی هەرێم بکاتە جێگرەوەی."

دوای فشارەکانی ئەمەریکا لەسەر حکومەتی عێراق بۆ دەست پێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم، جوڵەی سیاسی و دبلۆماسی بەرپرسانی عێراق وهەرێم زیادیکردووەو دەیانەوێت ڕێکبکەون لەسەر ناردنە دەرەوەی نەوت.

XS
SM
MD
LG