Accessibility links

 
پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت ماددەی هۆشبەر لە دەروازە نافەرمییەکانی هەرێمەوە هاوردە دەکرێت و دەزگای ئاسایشیش ڕەتیدەکاتەوە

پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت ماددەی هۆشبەر لە دەروازە نافەرمییەکانی هەرێمەوە هاوردە دەکرێت و دەزگای ئاسایشیش ڕەتیدەکاتەوە


وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان – سلێمانی، ڕەتیدەکاتەوە دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بووبێتە سەرچاوەی هاوردەکردنی ماددەی هۆشبەر بۆ عێراق. بەڵام ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات، دۆسیەی هاوردەکردنی ماددەی هۆشبەر و جگەرەی لە دەروازە نافەرمییەکانی هەرێمەوە ئاراستەی لیژنەی دەستپاکی کردووە.

لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە، 24 ی مانگی دووی 2025 بڵاویکردووەتەوە، هادی سەلامی ئەندامی لیژنەی دەستپاکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت،"زیاتر لە 20 دەروازەی نافەرمی لەهەرێمی کوردستان هەن و بۆ قاچاخچێتی نەوت و جگەرەو ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنرێن."

دەشڵێت،"دۆسیەی دەروازە نافەرمییەکانی هەرێم ئاراستەی داواکاری گشتی و دەستەی دەستپاکی عێراق کراون، تا رێکاری فەرمی و یاسایی بگرنە بەر."

ناوهێنانی دەروازە نافەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بە سەرچاوەی هاوردەکردنی ماددەی هۆشبەر لەکاتێکدایە، بەرپرسانی ئەمنی هەرێمی کوردستان ئاماژەبەوە دەکەن ڕێوشوێنی توندیان دژی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر گرتووەتەبەر.

عەقید سەلام عەبدولخاق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان – سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئامێری تۆکمەو پێشکەوتوو لە دەروازە سنورییەکان دانراون و ڕێگە نادرێت ماددەی هۆشبەر هاوردەی هەرێم بکرێت، تا ڕادەیەکی زۆریش توانراوە ڕێگە قاچاخەکانی هێنانی ماددەی هۆشبەر کۆنترۆڵ بکرێن."

دەشڵێت،"لە ساڵی 2024 دا، دەست بەسەر سەرووی سێ تۆن ماددەی هۆشبەردا گیراوەو ئەمە بەڵگەیە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە. ڕێگە نادەین ماددەی هۆشبەر بهێنرێتە ناو شارەکانی هەرێم و ڕێگەش نادەین، هەرێم بکرێتە ناوەندی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر بۆ عێراق و وڵاتانی ئەوروپا."

بەپێی ئامارێکی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، لە مانگی یەکی ساڵی 2025 دا، لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکان 102 بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون.

شەوی ڕابردوو، لە شارۆچکەی پێنجوێن ی سەر سنوری ئێران ڕووبەڕوو بوونەوە لە نێوان دەزگا ئەمنییەکان و پێنج بازرگان و گوازەرەوەی ماددەی هۆشبەر ڕوویداوەو تۆمەتبارەکان دەستگیرکراون.

عەقید سەلام وتی،"لەناو بازاڕی شارۆچکەی پێنجوێن و لەکاتی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەردا، ڕووبەڕوو بوونەوە لەنێوان ئاسایش و 5 بازرگان و گوازەرەوەی ماددەی هۆشبەر ڕوویدا."

هەروەها وتیشی،"پێنج تۆمەتبارەکە دەستگیرکراون و یەکێکیان لەکاتی ڕووبەڕوو بوونەوەی دەزگا ئەمنییەکاندا برینداربووە، بڕی 4 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەریان لە جۆری کریستاڵ پێبووە."

بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمنی، بازرگانانی ماددەی هۆشبەر دەیانەوێت هەرێمی کوردستان وەکو ترانزێتی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لە ئێرانەوە بۆ ئەوروپاو ناوچە جیاجیاکانی عێراق بەکاربهێنن، ئەمە جگە لەوەی هەوڵی ساغکردنەوەی ئەو ماددانە لەناو هەرێمیشدا دەدەن.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەندێکجار بازرگانانی ماددەی هۆشبەر کرێکارە کۆڵبەرەکانی سەر سنور بەکاردەهێنن بۆ ناردنی ماددەی هۆشبەر لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان."

سەرچاوەکە دەڵێت،"زۆرجار کرێکارە کۆڵبەرەکان نازانن بارەکانیان چی تێدایە، چونکە ماددەکان لەگەڵ شتی تردا دەشاردرێنەوە، تەنها ژمارە موبایلیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی لەکاتی گەیشتنیاندا بارەکان ڕادەستی هەڵگری ئەو ژمارانە بکەن."

جەختیشیکردەوە،"ماددەکان لە جۆری کریستاڵن، بەو پێیەی گرامێک کریستاڵ لە ئێران دووهەزارو پێنجسەد دیناری عێراقییە، لەکاتێکدا گرامێکی ئەو ماددەیە لە عێراق بە 35 بۆ 40 هەزار دینار دەفرۆشرێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:05 0:00

XS
SM
MD
LG