فەرماندەی میحوەری 'قەرەتەپە- حەمرین'ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لیوا هاوبەشە پێکهێنراوەکان لە پێشمەرگەو سوپای عێراق توانای کۆنترۆڵکردنی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەیان نییە کە بوون بە مۆڵگەی داعش، چونکە ناوچەکە فراوانە و بە دوو لیوای هاوبەش کۆنترۆڵ ناکرێت.
لیوا مەردان چاوشین، فەرماندەی میحوەری 'قەرەتەپە- حەمرین' ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق لە خانەقینەوە تا سنوری موسڵ بەسەدان کیلۆمەترەو بە دوو لیوا کۆنترۆڵ ناکرێت."
دەشڵێت،"لە خانەقینەوە هەتا نزیک کەرکوک، چوار میحوەری پێشمەرگەو سێ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی عێراقییان تێدایە و هەر هێزە و سنوری خۆی دەپارێزێت، بۆیە لۆژیک نییە بۆشایی ئەمنی نێوان ئەم هێزانە بە لیوایەکی هاوبەش کۆنترۆڵ بکرێت."
جەختیشیکردەوە،"ئێمە چەندین جار داوای هەماهەنگی و کۆنترۆڵکردنی بۆشایی ئەمنیمان لە سوپای عێراق کردووە، بەڵام ئەوان بڕیار لای خۆیان نییە."
بۆشایی ئەمنی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنوری ناوچە کێشە لەسەرەکان، لە 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە دروست بووە، لەوکاتەوە تا ئێستا ئەو ناوچانە بوون بە مۆڵگەی داعش و بەو بۆشاییانەی نێوان سوپاو پێشمەرگەدا داعش جم و جۆڵ ئەنجام دەدات.
حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی چەند لیوایەکی هاوبەش لە پێشمەرگەو سوپا بۆ کۆنترۆڵکردنی بۆشایی ئەمنی نێوان هێزەکانی پێشمەرگەو هێزە عێراقییەکان، بەڵام ناوچەکان فراوانن و ژمارەی لیواکان زۆر کەمن.
فەرماندەیەکی سەربازی لە لیوا هاوبەشە پێکهێنراوەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پێکهاتەی لیوا هاوبەشەکان تێکەڵەن لە پێشمەرگەو سەربازی عێراقی و لە هەندێک ناوچە خاڵی سەربازییان داناوە، بەڵام ناوچەکان فراوانن."
هێزەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ناوبە ناو ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەو ناوچانە ئەنجام دەدەن کە بە بۆشایی ئەمنی ناسراون و هیچ هێزێکی عێراقی و کوردییان تێدا جێگیرنەکراوە، بەڵام دوای تەواو بوونی ئۆپەراسیۆنەکان هەردوولا دەکشێنەوە.
ئەو ناوچانەی بە بۆشایی ئەمنی ناسراون لەلایەن داعشەوە کراون بە پێگەو مۆڵگە، لەو ناوچانەوە هێرش بۆ سەر هێزە عێراقی و کوردییەکان ئەنجام دەدەن، ئەمە جگە لەوەی ناوبەناو شوانکارەکان دەڕفێنن.
جیاواز لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزی ئەمنی هەرێم و عێراق لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە، ناو بەناو فڕۆکە عێراقییەکان چەکدارانی داعش بۆردومان دەکەن کاتێک جم و جۆڵیان هەیە.
لیوا مەردان چاوشین دەڵێت،"هێزی دژە تیرۆری عێراق و هەرێم ناو بەناو لەکاتی بوونی زانیاری هەواڵگیری ئۆپەراسیۆن لە بۆشاییە ئەمنییەکان ئەنجام دەدەن، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکان بۆ ئامانجێکی دیاریکراون و دواتر دەکشێنەوە."
دەشڵێت،"گەر ڕێککەوتن بکرێت، پێشمەرگەو سوپای عێراق هەردوولا هێزیان هەیەو دەتوانن بە هەماهەنگی یەکتری بۆشاییە ئەمنییەکان پڕ بکەنەوە، بەڵام تا ئێستا ئەمە نەکراوە."
لە دوای 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، ڕێگەی سەرەکی نێوان قەزاکانی کفری ناوچەی گەرمیان و قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین هیچ هێزێکی کوردی و عێراقی تێدا نەبوو، بەڵام دواتر عێراق و هەرێم بە ڕێککەوتن ڕێگەکەیان بە خاڵی سوپا و پێشمەرگە تەنی.