Accessibility links

وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی: ئۆجەلان و پەکەکە و ئاکپارتی و مەهەپە جدین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەسەر مێزی گفتووگۆ


وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، عەبدوڵا ئۆجەلان و سەرکردایەتی پەکەکە، لەگەڵ تورکیا، ئاکپارتی و مەهەپە جدین و دەیانەوێت کێشەی کورد لەسەر مێزی گفتووگۆ چارەسەر بکەن.

سەڵاحەدین بابەکر، وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەلی جێبەجێکردنی ڕێککەوتن لە نێوان تورکیاو پەکەکە لە جارەکانی تر باشترە، چونکە بارودۆخ و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە وا دەخوازن پرسی کورد لە تورکیا بە ئاشتی چارەسەر بکرێن."

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27 ی مانگی دووی 2025، عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە ڕێگەی شاندی دەم پارتی پەیامەکەی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند،"من بانگەوازی چەک دانان لە پەکەکە دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەو بانگەوازەش لە ئەستۆ دەگرم."

بانگەوازەکەی ڕێبەری پەکەکە کە بە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان قەندیل و تورکیا دادەنرێت، لەلایەن حزب و لایەنە کوردییەکانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند،"داواکارین پەکەکە پابەندبێت و گوێڕایەڵی پەیامەکە بێت و جێبەجێی بکات."

بارزانی دەڵێت،"بە گەرمی پێشوازی لە پەیامی بەڕێز ئۆجەلان و بانگەوازەکەی بۆ چەکدانان و خۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەکەین. ئێمە لە هەرێمی کوردستان پشتیوانی تەواو لە پرۆسەی ئاشتی دەکەین و هەرچی بکەوێتە سەر شانمان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، ئامادەین ڕۆڵی یارمەتیدان و هاریکاری بگێڕین."

لەکاردانەوەیەکی دیکەدا بۆ پەیامەکەی ئۆجەلان، بزووتنەوەی ئیسلامی لە ڕاگەیاندراوێکدا پەیامەکەی ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بە مێژووی ناودێر دەکات و دەڵێت "پەیامەکە کاریگەری گەورەی دەبێت بە ئاڕاستەی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە بە گشتی و تورکیا بە تایبەتی، چونکە ئەم پەیامەی بەڕێز ئۆجەلان بانگەوازێکی سیاسیی و لۆژیکیە بۆ ئاشتی و ئارامی و بنیاتنانەوەی سەرلەنوێی ڕێڕەوی خەبات و تێکۆشانی ئاشتیانە، بە دەستبەرداربوونی چەک بۆ دەستپێکی خەباتێکی نوێی سیاسی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە."

بزووتنەوەی ئیسلامی لە راگەیاندراوەکەیدا هەروەها داوا لە ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دەکات پڕۆسەی ئاشتی بە شێوازێکی فراوانتر دەست پێبکاتەوە و بە شێوەیەکی ڕیشەیی بیکاتە بنەمایەک بۆ بەیەکەوە ژیانی ئاشتیانەی گەلان لە تورکیا و بەرقەراری ئارامی و ئاسایشی هاووڵاتیان بۆ ئەوەی تورکیا ببێتە نموونەیەکی باش بۆ بەیەکەوە ژیان و ئەم کێشەیە لە ڕەگەوە چارەسەر بکات.

سەرباری پێشوازیکردن لە بانگەوازەکەی ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە لایەن حزب و لایەنە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیانوایە هێشتا لەمپەری زۆر لەبەردەم سەرکەوتنی پرۆسەکە لە ئارادایە.

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند،"پەیامەکەی ئۆجەلان پەیامێکی بەرپرسیارانەو پێویستی ئەم قۆناغەیە بۆ یەکخستنی ریزەکانی کوردایەتی و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەی کورد."

پێش بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، شاندی دەم پارتی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردو لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی ئۆجەلان، گفتووگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و یەکێتی کرد.

سەڵاحەدین بابەکر دەڵێت،"گەر پەیامەکەی ئۆجەلان جێبەجێ بکرێت، خزمەت بەچارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیاو خزمەت بە خودی تورکیاش دەکات، پەیامەکە خزمەت بە ناوچەکەو هەرێمی کوردستانیش دەکات."

هەرچەندە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە لایەن تورکیاوە بە نزیکایەتی پەکەکە تۆمەتبار دەکرێن، بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیانوایە پەیامەکەی ئۆجەلان ئاراستەی ئەو هێزە نەکراوەو تەنها بۆ پەکەکە بووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:20 0:00
XS
SM
MD
LG