Accessibility links

پەکەکە بە ئەرێنی وەڵامی داواکاریی سەرکردە زیندانیکراوەکەی دەداتەوە و ئاگربەست ڕادەگەیەنێت


پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند بانگەوازی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری زیندانیکراوی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری قبوڵ دەکات و ئاگربەست ڕادەگەیەنێت.

دەستەی کارگێڕی پارتی کرێکارانی کوردستان لە بەیاننامەکەیدا لە ژێر ناوی "بۆ گەلی نیشتمانپەروەر و ڕای گشتی دیموکراتمان" بە فەرمی ڕایگەیاند ڕۆژی شەممە 1ی مانگی سێ ئاگربەستی دەستبەجێ ڕادەگەیەنن.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە "ئێمە ئاگربەست ڕادەگەیەنین بۆ ئەوەی ڕێگە خۆشبکەین بۆ جێبەجێکردنی بانگەوازەکەی ئاپو سەرۆکی پەکەکە بۆ ئاشتی و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات. "هیچ هێزێکمان ئۆپەراسیۆنی چەکداری ئەنجام نادات، مەگەر هێرش نەکرێتە سەریان".

پەکەکە مەرجی پێشوەختەی بۆ جێبەجێکردنی تەواوی داواکارییەکەی ئۆجەلان داناوە. ئەو گرووپە ڕایگەیاندووە بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت، ئۆجالان دەبێت بتوانێت لە ژینگەیەکی ئازاددا بژیت و چالاکی بکات و هەلومەرجی سیاسی و دیموکراسی پێویست بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی دروستبکرێت.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە بەدڵنیاییەوە داواکەی ئۆجەلان کۆتایی نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە سەرەتایەکی تەواو نوێیە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕۆژی پێنجشەممە لە پەیامێکدا داوای لە ئەندامانی ئەو حزبە کرد چەکەکانیان دابنێن و پارتەکە هەڵبوەشێننەوە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی نەتەوە یەکگرتووەکان، وتەبێژی ڕێکخراوەکە لە زاری گۆتێرێسەوە ڕایگەیاندووە کە ئەمە نیشانەی ئومێدە کە پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجالان بتوانێت چارەسەرێک بۆ ململانێی لەمێژینەی تورکیا بهێنێتە ئاراوە.

پێشتریش ڕۆژی پێنجشەممە وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی پێشوازی لە لێدوانەکەی عەبدوڵڵا ئۆجالان کرد و بە "پێشکەوتنێکی گرنگ" ناوی برد کە سوودی ئەگەری هەیە لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی دەنگی ئەمەریکا، برایان هیوز ڕایگەیاندووە کە هیوادارە ئەم هەنگاوە نیگەرانییەکانی هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لە تورکیا سەبارەت بە هاوبەشەکانی ئەمەریکا لە شەڕی دژی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کەم بکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد پێمان وایە ئەم کارە یارمەتیدەر دەبێت بۆ دامەزراندنی ئاشتی لەم هەرێمەکەدا.

ئەمەریکا هاوکارە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی کورد لە شەڕی دژی داعش. به ڵام تورکیا هێزه کوردییه کانی سوریای به هاوکاری لەگەڵ پەکەکە تۆمەتبار کردووه .

پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا دەیان ساڵە لەگەڵ حکومەتی تورکیا لە شەڕدایە. شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هەردوولا بە دەیان هەزار کەس کوژراوی لێکەوتووەتەوە. حکومەتی تورکیا بەردەوام بۆردومانی ئەو ناوچانە دەکات کە ئەندامانی پەکەکە تێیدان.

XS
SM
MD
LG