سەرچاوەیەکی دیپلۆماتی تورکیا ڕایگەیاند وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان بە نیازە لە کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی ئەوروپادا لە لەندەن جەخت لە پێشنیارەکەی تورکیا بکاتەوە بۆ میوانداریکردنی گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا.
تورکیای ئەندام لە ناتۆ چەند مانگێک دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا میوانداری گفتوگۆ سەرەتاییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەی کرد و بووە نێوەندگر لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکدا بۆ دروستکردنی ڕێڕەوێکی پارێزراو بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵە لە دەریای ڕەشدا. وتوویەتی کە هەر گفتوگۆیەک لە داهاتوودا بکرێت دەبێت هەردوولا بەشداربن تێیدا.
سەرچاوەکە وتی ڕۆژی یەکشەممە وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان لەگەڵ سەرکردەکانی ئەوروپادا باس لە هەوڵەکانی تورکیا دەکات بۆ دۆزینەوەی " ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی، " وتیشی جەخت لە پابەندبوونی تورکیا دەکاتەوە بە یەکپارچەیی و سەروەری خاکی ئۆکرانیاوە.
وتیشی پێشبینی دەکرێت فیدان " جەخت لەوە بکاتەوە تورکیا، کە لە مانگی سێی ساڵی 2022 دا میوانداری گفتوگۆ ڕاستەوخۆکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کرد، ئامادەیە بۆ وەرگرتنی ئەم ڕۆڵە لە ماوەی داهاتوودا،" هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرجەم لایەنەکان دەبێت لە گفتوگۆکاندا پێکەوە سەنگ بخەنە سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و هەروەها خۆشگوزەرانی ئابووریش."
تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیاشدا پاراستووە. لە ماوەی جەنگەکەدا پشتیوانی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا دابین کردووە و لە هەمان کاتیشدا ڕەتی کردووەتەوە بەشدار بێت لە سزاکانی ڕۆژئاوادا دژی مۆسکۆ.
مانگی ڕابردوو سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی سەردانی تورکیای کرد، لە هەمان ڕۆژدا نوێنەرانی ئەمەریکا و ڕووسیا لە سعودیە کۆبوونەوە بەبێ بەشداریی کیێڤ، ئامانج لەو کۆبوونەوەیە کۆتایی هێنان بوو بە جەنگەکە.
ڕۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ لە ئەنکەرە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیادا کۆبووەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە شاندەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا لە ئیستەنبوڵ کۆبوونەوە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکانی نێوان دوو وڵاتەکە سەبارەت بە کارەکانی باڵیۆزخانەکانییان.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز