قایمقامی پێشووی خورماتوو ئاماژە بۆ ئەوەدەکات بوونی چەند بارەگایەکی حەشدی شەعبی لەسنورەکە بووەتە مایەی کێشە و گرفت بۆ کوردەکانی سنورەکە و دەشڵێت،" جێگیربوونیان لەسنورەکە مەبەست لێی پاراستنی ئەمنی نیە، بەڵکو کاریان سەرانە وەرگرتن و قاچاخی کردنە بە مادەی هۆشبەر و خواردەمەنی بەسەرچوو و خواردنەوە کحولیەکان."
شەلال عەبدول، قایمقامی پێشووی خورماتوو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئامانجی ئەو هێزەی حەشدی شەعبی لەسنوری خورماتوو بە وتەی خۆیان پاراستنی ئەمنیەتی ناوچەکەیە، بەڵام خۆیی لەڕاستیدا وانیە و ئامانجەکەیان دەستگرتنە بەسەر موڵک و ماڵ و زەوی زاری هاوڵاتیانی کورد و لەهەمانکاتدا هێزەکە بوونەتە مایەی مەترسی بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر."
وتیشی،" سەرەڕایی ئەوەی ڕەزامەندی نیە بۆ مانەوەی ئەو هێزەی حەشدی شەعبی کە نابێت خاڵیان هەبێت لەو سنورە، بەڵام خاڵیان تائێستا ماوە و خاڵەکەشیان دەکەوێت نێوان گوندەکانی خدر وەلی و سنبوورەوە و لەسەر تەپەیەکی بەرزادان."
قایمقامی پێشووی خورماتوو باس لەوەش دەکات ئەم هێزە بەشەوان جموجۆڵیان زۆرە و کاری قاچاخ دەکەن، دەشڵێت،" قاچیاخیەکە بریتیە لە هێنان و بردنی مادەی هۆشبەر و مەوادی بەسەرچووی خواردەمەنی و مەشروبات و زۆر کاری دیکە، هەروەها سەرانە وەرگرتن لەوانەی کە هاتوچۆ دەکەن بەو سنورەدا و ئامانجەکەیان پاراستنی ئەمنیەت نیە، بەڵکو نانەوەی پشێوی و قاچاخە."
وتیشی،" ئەم هێزەی حەشدی شەعبی نائارامیان دروستکردووە لەناوچەکە، خەڵکی ئازاد نیە لە هاتوچۆ کردن و ڕێگا نادەن خەڵکی بچنە سەر زەویە کشتوکاڵیەکانیان، بۆیە پێویستە بەزووترین کات ئەو هێزەی حەشد کە ئامانجەکەیان دیارە لەو سنورانە نەمێنن."
دەنگی ئەمەریکا ویستی ڕای حەشدی شەعبی وەربگرێت لەسەر ئەوەی بۆ چ مەبەستێک هاتوونەتە سنورەکە پەیوەندی بە سەید عەلی حوسێن، وتەبێژی حەشدی شەعبی لەسنوری پارێزگای سەڵاحەدین کرد، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەکە پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە دراون بە دەنگی ئەمەریکا لەمانگی 10ی ساڵی 2024، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی سەڵاحەدین داوای لە فەرماندەی گشتی هاوبەشەکانی عێراق لە بەغدا کردووە کە پێنج خاڵی حەشدی شەعبی لە نێوان گوندەکانی خدروەلی و سنبور و شۆراو بکرێتەوە بۆ لیوای 63ی حەشدی شەعبی و سنوری دەسەڵاتەکەیان دوزخورماتوو بێت، بەڵام فەرماندەی گشتی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدین دانانی ئەو خاڵانەی ڕەتکردووەتەوە کە ڕازیی نین لەسەر کردنەوەیان و توویەتی ئەو ناوچانە پێویستی بەحەشدی شەعبی نیە.
کوردنشینانی سنوری خورماتوو نیگەرانن لە بوونی بارەگا و فەوجی حەشدی شەعبی و دەڵێن هیچ ئازاد نین لە هاتوچۆ کردنمان و تەنانەت بوونەتە مایەی سەرئێشە لە ڕایی کردنی ئیش و کارەکانی ڕۆژانەمان.
لوقمان نازم، موختاری گوندی خدر وەلی لەسنوری قەزای خورماتوو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەو هێزەی حەشدی شەعبی لەسنوری گوندەکەی ئێمەدان نازانین بۆ چی لەوێن و چی دەکەن من خۆم سەردانیانم کرد و پێم ڕاگەیاندن کە من موختارم، بەڵام ئەوان پێشوازیان لێمنەکرد و ڕیگەیان نەدا بچمە پێشەوە، لە دوورەوە ڕایان گەیاند کە هیچ فەرمانێکیان نیە بۆ بینینمان."
وتیشی،" ئێمە تەواو بێزارین، چونکە ئاژەڵدارەکان ناتوانن لەو سنورە بن و کیلۆمەتریک کەمتر نزیکیان بیتەوە تەقە دەکەن، لەهەمان کاتدا ناشزانین بەشەوان ئەمانە چی دەکەن، ئایا مەبەستیان پاراستنی ئەمنیەتە یان نا."
سەرباری ئەوەی ئەرکی پاراستنی ئەمنیەتی ناوچەکان لە ئەستۆی هێزەکانی پۆلیسی ناوخۆدایە، بەڵام ساڵانێکە ناو بەناو گروپە جیاوازەکانی حەشدی شەعبی دابەشکراون بەسەر ناوچەکاندا بەمەبەستی پاراستنی دۆخی ئەمنی، کەچی بەشێک لە بەرپرسان دەڵێن، بەهۆی ئەوەی گروپەکانی حەشدی شەعبی نیزامی نین و هەر کەس بۆ خۆیەتی و سەرقاڵی چەندین کاری نایاسایین.
دەنگی ئەمەریکا بەمەبەستی زیاتر بەدواداچوون بۆ جێگیربوونی ئەو گروپەی حەشدی شەعبی لەسنوری خورماتوو، پەیوەندی بەپۆلیسی خورماتووەوە کرد، بەهەمان شێوە وەڵامی پەیوەندیەکەیان نەدایەوە.
حەشدی شەعبی لە 70 گروپی جیاواز پێکهاتوون، هەندێکیان پێشتر ڕێکخراوی سەربەخۆبوون و لە چالاکیدا بوون، هەندێکی دیکەیان دوای فەتواکەی عەلی سیستانی لە ساڵی 2014 دا دروست بوون.
حەشدی شەعبی 10 ساڵ لەمەوبەر کە دروست بوو، ژمارەیان تەنها 60 هەزار چەکدار بوو، دوای دوو ساڵ واتە 2016 ژمارەیان زیادیکرد بۆ 140 هەزار چەکدار، بەپێی لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ژمارەی کارمەند و چەکدارانی حەشدی شەعبی بەسەرجەم گروپە جیاوازەکانیانەوە لە ساڵی 2023دا گەیشتووەتە 200 هەزار چەکدار، بەڵام لەڕاستیدا ژمارەیان زۆر لەوە زیاترە.
شەلال عەبدل: حەشدی شەعبی لەسنوری خورماتوو سەرقاڵی قاچاخی تلیاک و خواردنەوەی کحولی و خۆراکی بەسەرچوون
