توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات پەروەردەکردنی منداڵ سوودێکی سەرسوڕهێنەری هەیە کە دەتوانێت ڕووبەڕووی گۆڕانکارییە باوەکانی پەیوەست بە تەمەن لە کارکردنی مێشکدا ببێتەوە و مێشک لە پیربوون بپارێزێت.
بەپێی توێژینەوە نوێیەکە کە لەسەر نزیکەی 37,000 کەس کراوە، مێشکی دایک و باوک ڕەنگە سوودێکی پێشبینیکراو لە پەروەردەکردن و گەورەکردنی منداڵ وەربگرن، ئەویش پارێزگاری کردنییەتی دژی هەندێک کاریگەریی پیربوون.
توێژینەوەکەی ناوەندی تەندروستی ڕوتگەرس و زانکۆی یەیڵ دەریدەخات کە دایک و باوکان شێوازێکی پەیوەندی مێشک پیشان دەدەن کە ڕاستەوخۆ دژی گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە پیربوونەوەن، لەگەڵ هەر منداڵێکی دیکەدا کاریگەرییەکە زیاتر دەبێت.
دۆزینەوەکە بۆ دایکان و باوکانیش وەکو یەکتر بوو، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە سوودەکە لە ئەزموونی دایک و باوکایەتییەوە بووە وەک لەوەی گۆڕانێکی بایۆلۆجی بووبێت لە ماوەی دووگیانیدا.
ئەڤرام هۆڵمزی پرۆفیسۆری یاریدەدەری پزیشکی دەروونی لە کۆلێژی پزیشکی ڕۆبێرت وود جۆنسن و ئەندامی سەرەکی پەیمانگای تەندروستی مێشک و سەنتەری توێژینەوەی پێشکەوتووی وێنەگرتنی مێشکی مرۆڤ دەڵێت " ئەو ناوچانەی کە پەیوەندی کرداری لەگەڵ تەمەنی کەسەکەدا کەم دەبێتەوە ئەو ناوچانەن کە پەیوەندییان بە زیادبوونی پەیوەندیەوە هەیە کاتێک تاکەکان منداڵیان بووە."
توێژینەوەکە پشکنینی مێشک و زانیاری خێزانی لە بانکی بایۆبانکی بەریتانیاییەوە شیکردووەتەوە. شیکردنەوەکە نیشانی دەدات کە چۆن ناوچە جیاوازەکانی مێشک پەیوەندی لەگەڵ یەکتردا دەکەن. تیمەکە بە تایبەتی سەرنجیان خستە سەر ئەو بوارانەی کە پەیوەندی بە جوڵە و هەست و پەیوەندی کۆمەڵایەتیەوە هەیە.
بۆیان دەرکەوت ئەو دایک و باوکانەی منداڵی زۆرییان هەیە پەیوەندییەکی بەهێزتریان هەیە لە تۆڕە سەرەکییەکانی مێشکدا، بەتایبەتی ئەو تۆڕانەی کە پەیوەندییان بە جوڵە و هەستەوە هەیە. هەمان ئەو تۆڕانە بە شێوەیەکی ئاسایی پەیوەندی کەمتر نیشان دەدەن لەگەڵ پیربووندا.
هۆڵمز دەڵێت " شێوازێکی بەربڵاوی گۆڕانکاری ئەرکەکان دەبینین، کە تێیدا ژمارەیەکی زیاتری منداڵانی دایک و باوک پەیوەندی بە زیادبوونی پەیوەندی کرداریەوە هەیە لە نێوان تۆڕەکانی هەستی جەستەیی و جووڵەکاندا."
کاریگەرییەکە وادیارە کە کەڵەکە دەبێت، هەرچەندە دایک و باوک منداڵیان زیاتر بێت، جیاوازییەکانی مێشک بەهێزتر دەبن.
دەرەنجامەکان دژی ئەو گریمانانەن کە دەڵێن منداڵ بوون بە شێوەیەکی سەرەکی دڵەڕاوکێ و فشار دروست دەکات. لە جیاتی ئەوە، توێژینەوەکە پێشنیاری ئەوە دەکات کە دایک و باوکایەتی لەوانەیە جۆرێک لە دەوڵەمەندکردنی ژینگەیی دابین بکات کە دەتوانێت سوود بە تەندروستی مێشک بگەیەنێت لە ڕێگەی چالاکی جەستەیی و کارلێکردنی کۆمەڵایەتی و هاندانی ژیری.
هۆڵمز دەڵێت " ژینگەیەک کە گرنگیدانی تێدا بێت، نەک دووگیانی بە تەنها، گرنگە چونکە ئێمە ئەم کاریگەرییانە لە دایکان و باوکاندا دەبینین."
ئەو دایک و باوکانەی کە لە توێژینەوەکەدا بەشداربوون ئاستی پەیوەندیی کۆمەڵایەتییان زیاتر بووە و سەردانی خێزانییان زیاتر بووە و تۆڕی کۆمەڵایەتییان گەورەتر بووە.
بەڵام توێژەران هۆشداری دەدەن کە کاری زیاتر پێویستە بۆ تێگەیشتن لە چۆنێتی دروستبوونی ئەم گۆڕانکارییانە لە مێشکدا. بەشداربووانی توێژینەوەکە بە شێوەیەکی سەرەکی خەڵکی بەڕیتانیا بوون، لەبەرئەوە لەوانەیە ئەنجامەکان گشتگیر نەبن بۆ هەموو کلتوور و پێکهاتەکانی خێزان.