Accessibility links

سکرتێری گشتی ناتۆ بۆ زێڵێنسکی: پێویستە ڕێز لە ترامپ بگرین و پەیوەندییەکان چاک بکەیتەوە


مارک ڕوتە سکرتێری گشتیی ناتۆ ڕۆژی شەممە 1ی مانگی سێ ڕایگەیاند داوای لە ڤۆلۆدیمیر زێڵێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کردووە ڕێگەیەک بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا بدۆزێتەوە.

ئەم لێدوانەی سکرتێری گشتی ناتۆ ڕۆژێک دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە کۆشکی سپی دێت کە تێیدا ترامپ و زێڵینسکی لەسەر پرسی ئاشتی و واژوکردنی ڕێککەوتنی کانزاکان نەیتوانی بگەنە ئەنجام.

ڕوتە ئاماژەی بەوەشکرد کە بە سەرۆکی ئۆکرانیای وتووە گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا "گرنگە" بۆ بەردەوامیی کارەکان.

سکرتێری گشتی ناتۆ لە درێژەی قسەکانیدا وتی بە زێڵێنسکی وتووە "بەڕاستی پێویستە ڕێز لەو کارانە بگرین کە سەرۆک ترامپ بۆ ئۆکرانیا کردوویەتی."

ڕوتە بە سەرۆکی ئۆکرانیای وتووە کە ئەوە ترامپ بوو کە لە ساڵی 2019دا چەکی دژە تانکی جاڤلینی بۆ ئۆکرانیا دابینکرد و ئەمەش وایکرد هێزەکانی ئەو وڵاتە بتوانن بەرپەرچی لەشکرکێشی ڕووسیا بدەنەوە.

سکرتێری گشتی ناتۆ ڕایگەیاند کە بە دەستپێکردنی لەشکرکێشی ڕووسیا لە ساڵی 2022، ئۆکرانیا بەبێ مووشەکی دژە تانکی جاڤلین هیچ چانسێکی نەدەبوو .

مارک ڕوتە وتیشی بە زێلێنسکی وتووە پێویستە دان بە ڕۆڵی کاریگەری ترامپ و ئەمەریکا و ئەوەی کە لە بەرگریکردن لە ئۆکرانیا لەو کاتەدا کردوویانە و دەیکەن، بنێت.

سکرتێری گشتی ناتۆ متمانەی خۆی دەربڕی کە ئەمەریکا داوای ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ئۆکرانیا دەکات و هاوکاریی هەموو ئەندامانی ناتۆش بۆ بەدیهێنانی ئەم کارە زۆر پێویستە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەندامانی دیکەی ناتۆ دەتوانن ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە کە بەهۆی وەستانی ئەگەری یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا بەجێماوە، وتی هێنانەدی ئاشتی بۆ ئۆکرانیا پێویستی بە هاوکاری نێوان ئەمەریکا و ئۆکرانیا و ئەوروپا هەیە و "ئەوە ڕێک ئەوەیە کە سەرۆک ترامپ شەڕی بۆ دەکات".

سەرۆکی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا کۆبوونەوەکەی ڕۆژی هەینی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێڵێنسکی بە "زۆر مانادار" وەسفکرد و ئاماژەی بەوەشکرد زێڵێنسکی ئامادە نییە بۆ ئاشتی، چونکە هەست دەکات دەستوەردانی ئەمەریکا "سودێکی گەورە"ی بۆ ئێمە هەیە لە دانوستانەکاندا.

ترامپ وتی "من سوودم ناوێت، ئاشتیم دەوێت".

سەرۆک ترامپ لە درێژەی قسەکانیدا وتی ڤۆلۆدیمیر زێڵێنسکی لە ئۆفیسی هێلکەیی کۆشکی سپی "بێڕێزی" بە ئەمەریکا کردووە و "هەرکاتێک ئامادەبوو بۆ ئاشتی دەتوانێت بگەڕێتەوە".

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن ڕایگەیاند پێویستە ڤۆلۆدیمیر زێڵێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا داوای لێبوردن بکات بۆ دیدارە گرژەکەی لەگەڵ دانۆڵد ترامپدا لە کۆشکی سپی.

ئەو کۆبوونەوەکەی بە "کارەسات" ناودێر کرد و گومانی خۆی لە خواستی ڕاستەقینەی زێلێنسکی بۆ گەیشتن بە ئاشتی لەگەڵ ڕووسیا دەربڕی.

ڕوبیۆ وتی"کاتێک بە شێوەیەکی هێرشبەرانە قسە دەکەیت- و سەرۆک ترامپ کە هەموو ژیانی بە گرێبەستکردن بەسەر بردووە، ئەمە دەزانێت - ناتوانیت چاوەڕێی ئەوە بکەیت خەڵک بێنە سەر مێزی دانوستانەکان."

ئاماژەی بەوەشکرد "زێلێنسکی بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەدوای ڕێککەوتنی ئاشتیدا دەگەڕێت، بەڵام ڕەنگە بەڕاستی بەنیازی ئەوە نەبێت."

XS
SM
MD
LG