Accessibility links

 
گوندنشینانی هەرێمی کوردستان هیواخوازن بگەڕێنەوە گوندەکانیان دوای پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ ئاشتی لەگەڵ تورکیا

گوندنشینانی هەرێمی کوردستان هیواخوازن بگەڕێنەوە گوندەکانیان دوای پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ ئاشتی لەگەڵ تورکیا


گوندنیشنە کوردەکانی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی شەڕەکەی نێوان هێزەکانی تورکیا و پەکەکەوە ئاوارەبوون، لە کۆتاییدا هیواخواز ن بەمزووانە بتوانن بگەڕێنەوە گوندەکانیان.

هیواکانی گوندنشینان دوای ئەوە بوو کە پارتی کرێکارانی کوردستان ' پەکەکە ' ڕۆژی شەممە ئاگربەستێکی ڕاگەیاند کە کۆتایی بە ململانێ چل ساڵەییەکەی لەگەڵ حکومەتی تورکیا هێنا و وەڵامی داواکەی سەرکردەی پەکەکە عەبدوڵا ئۆجەلانییان دایەوە کە لە ساڵی 1999 ەوە لە زینداندایە و داوای دانانی چەکی لە پارتەکەی کرد.

ئاگربەستەکە ئەگەر جێبەجێ بکرێت ئەوا گۆڕانکارییەکی گرنگ دەبێت لە تورکیادا، بەڵام دەکرێت سەقامگیرییەکی زیاتر بهێنێت بۆ ناوچەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.

هێزەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار هێرشییان ئەنجامداوە و لەو ناوچەیەشدا بنکەی سەربازییان دامەزراندووە. گوندێکی زۆر لەو ناوچانەدا چۆڵ کراون.

عادل تاهیر قادر لە ساڵی 1988 دا گوندی بەرچی جێهێشت کە دەکەوێتە باشووری چیای مەتینەوە، کاتێک سەدام حسێنی دیکتاتۆر کەمپینێکی دڕندەی دژی دانیشتووانە کوردەکەی ناوچەکە دەستپێکرد.

ئێستا ئەو لە گوندێکی تازەدا دەژی، کە ئەویش ناوی بەرچییە. هەندێک جار چووەتەوە بۆ گوندە کۆنەکەی بۆ مەبەستی جووتیاری. بەڵام لە ساڵی 2015 دا ئەوە وەستا کاتێک هێزەکانی تورکیا هاتنە گوندەکەوە و بنکەیان لەوێ دامەزراند لە شەڕییان دژی پەکەکەدا.

جووتیارانی کورد و خاکەکانییان زیانییان بەرکەوت بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە. هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا و لەشکرکێشییەکانی دژی شوێنەکانی پەکەکە بووە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران کورد و زۆربەیانییان لە خاکەکانییان دابڕاند.

قادر وتی " بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە، سەرجەم زەوییە کشتووکاڵییەکانمان و درەختەکانمان سوتان."

وتی ئەگەر ئاشتی بکەوێتەوە ئەوا دەستبەجێ دەگەڕێمەوە. " هیوادارین ئەوە ببێت بۆ ئەوەی بتوانین بگەڕێینەوە."

لە ئامێدی پارێزگای دهۆک، نزیکەی 200 گوند بەهۆی شەڕەکەوە چۆڵکراون، ئەمەش بەپێی توێژینەوەیەکی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵی 2020 دا.

ساڵح شینۆ کە ئەویش ئاوارە بووە بۆ بەرچی نوێ و لە چیای مەتین بووە وتی " بنکەی سەربازیی تورکیایی زۆر هەن لە دەوروبەری ئەم ناوچەیەدا."

وتی " هەموو دوانیوەڕوانێک بۆردومانەکە دەستپێدەکات و هەتاوەکو شەو زیاتر دەبێت. بۆمبەکان زۆر لە نزیک ئێمەوە دەکەونە خوارەوە، ناتوانین بە هیچ جۆرێک بجووڵێین."

وتی هێرشە ئاسمانییەکان لە بیری ئاوی بەرچییان داوە و بۆمبەکانیش لە نزیک قوتابخانەی گوندەکەوە کەوتوونەتە خوارەوە.

نەجیب خالید ڕەشید لە گوندی بیلاڤای دراوسێی بەرچی وتی لە ترسدا دەژی. وتی ڕۆژانە بۆردومانکردن هەیە، هەندێک جار 40-50 جار لە ناوچەکانی دەوروبەر دەدەن.

وتی " تەنانەت ناتوانین مەڕوماڵاتەکانیشمان ببەینە دەرەوە یاخود کشتوکاڵ بکەین لەسەر خاکەکەمان."

ئەحمەد سەعدوڵا لە گوندی گوهارزە باسی کۆنی دەکرد کاتێکی ناوچەکە لە ڕووی ئابوورییەوە توانایەکی باشی هەبووە.

وتی " پێشتر بژێوی ژیانمان لە جوتیاری و ئاژەڵداری و کشتوکاڵەوە پەیدا دەکرد. لە ساڵەکانی حەفتاکاندا سەرجەم گردەکانی سەر ئەم چیایە پڕبوون لە مێو و درەختی هەنجیر. گەنم و برنجمان دەکرد. هەرچی دەمانخوارد لە خاکەکەمانەوە بوو."

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە زەوییە کشتوکاڵییەکانییان دابڕاون و دانیشتوانی ناوچەکەش پشتییان بە یارمەتییەکانی حکومەت و " کاری وەرزی و ناجێگیر " بەستووە. وتی " ئەمڕۆ لەگەڵ فڕۆکەی جەنگی و دڕۆن و بۆردوماندا دەژین."

فارووق سەفەر کە دانیشتویەکی دیکەی گوندی گوهارزەیە، باسی لەوە کرد کە چەند مانگێک لەمەوبەر درۆنێک داوییەتی لە حەوشەی دواوەیان.

وتی " درەنگانێکی دوانیوەڕۆ بوو نانمان دەخوارد، لە ناکاو هەموو پەنجەرەکانمان تەقینەوە. هەموو گوندەکە لەرییەوە، بەختمان هەبوو ڕزگارمان بوو."

بەڵام هاوشێوەی ئەوانی دیکە، فارووق زۆر متمانەی بە ئاگربەستەکان نیە، دەڵێت لە ڕابردوودا ئاگربەستەکان شکستییان هێناوە. بەڵام وتی " هیوادارین ئەم جارە جیاواز بێت."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG