هێزەکانی ئاسایشی کوردستان لە 28 ی مانگی دوودا لە شاری سلێمانی چوار ڕۆژنامەنووسیان دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر مۆبایلەکانیاندا گرت و لە ماڵەکانیان بردیانن.
ڕۆژنامەنووسەکان بریتی بوون لە بەشدار بازیانی، دانا ساڵح، سەردەشت حەمەساڵح و نەبەز شێخانی.
بەپێی دوو سەرچاوە کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت و قسەیان بۆ کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان CPJ کردووە، هێزەکانی ئاسایش لە 1 ی مانگی سێدا ئۆفیسی ئەو دەزگایەیان لە سلێمانی داخستووە و دەڵێن مۆڵەتی نییە، دەستیان بەسەر چەند کۆمپیوتەرێکدا گرتووە و داوایان لە کارمەندەکانی کردووە نەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
سێ سەرچاوە بە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانییان وت کە بەرپرسان ڕۆژی یەکشەممە سێ ڕۆژنامەنووسیان بە کەفالەت ئازاد کردووە. بەشدار بازیانی هەتاوەکو ڕۆژی دووشەممەش هەر لە دەستبەسەریدا مابووەوە.
بەڕێوبەری پڕۆگرامەکانی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان کارلۆس مارتینێز دێ لا سێرنا لە نیویۆرک وتی " دەستگیرکردنی چوار ڕۆژنامەنووس و داخستنی ئۆفیسی میدیا 21 لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئازادی ڕۆژنامەگەری لە کوردستانی عێراقدا. دەبێت بەرپرسان دەستبەجێ ڕۆژنامەنووس بەشدار بازیانی ئازاد بکەن و تۆمەتەکانی دژی هەر چوار ڕۆژنامەنووسەکە هەڵبوەشێننەوە و ڕێگە بدەن دەست بە کارەکانیان بکەنەوە."
دوو سەرچاوە بە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانییان وت کە دەستگیرکردنەکان و داخستنەکە پەیوەندی بە چاوپێکەوتنێکی میدیا 21 ەوە هەبووە لەگەڵ خوشکی بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا سەبارەت بە کێشەیەکی خێزانی. ئەو بەرپرسە سکاڵای تۆمار کردووە دوای ئەوەی بازیانی پێش بڵاوکردنەوەی چاوپێکەوتنەکە نامەیەکی بۆ ناردووە.
کاروان ئەنوەری سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانی وت کە ڕۆژنامەنووسان بە پێی ماددەی 433 لە یاسای سزادان بە تۆمەتی ناوزڕاندن تۆمەتبار کراون کە سزای زیندانی و غەرامەکەی دیاری نەکراوە، دەتوانرێت " سزای توندتر " بەسەر دەزگاکانی ڕاگەیاندندا بسەپێنرێت.
میدیا 21 کە لە 21 ی مانگی دووی ئەم ساڵدا دەستی بە کارەکانی کرد، سەرکۆنەی دەستگیرکردنەکانی کرد و بە " نادادپەروەرانە و نایاسایی " ناویبردن. هەروەها دەڵێت " ئەم کەسانە ئەندامی سەرەکی تیمی لێکۆڵینەوەکەمانن و لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکی ڕۆژنامەوانیدا دەستگیرکراون."
نامەکانی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان بۆ بەرپرسەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامییان نەبووە. پەیوەندییە تەلەفونییەکانی کۆمیتەکە بۆ سەلام عەبدولخالقی وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بێ وەڵام بوون.
دەزگای میدیا21 دادەخرێت و هێزەکانی ئاسایشی کوردستان 4 ڕۆژنامەنووس دەستگیر دەکەن
