دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا شەوی سێشەممە وتارێکی لە کۆنگرێس پێشکەش کرد و تیایدا جەختی کردەوە لەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکەی لە ماوەی ئەم چەند هەفتەیەی دەستبەکاربووە توانیویەتی کاری زۆر مەزن ئەنجام بدات و دووپاتیکردەوە کە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکی ئەمەریکای داوە.
سەرۆک ترامپ وتارەکەی پێشکەش کرد لە بەردەم هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و سینات و هەروەها ئەندامانی دادگای باڵا و فەرماندە باڵاکانی لەشکر و کۆمەڵێک میوان کە بانگهێشت کرابوون. وتی شەش هەفتە لەمەوبەر و لەم شوێنەدا کە ڕایگەیاند سەردەمی زێڕینی ئەمەریکا دەستپێدەکات، بێ وچانانە بەڕێوەبەرایەتییەکەی کاری کردووە بۆ ئەوەی مەزنترین و سەرکەوتووترین سەردەم لە مێژووی وڵاتەکە دەستپێبکات. وتیشی لە ماوەی 43 ڕۆژی بەڕێوەبەرایەتییەکەی زۆر زیاتر ئەنجام دراوە لەوەی زۆربەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پێشوو لە ماوەی 4 یان 8 ساڵ ئەنجامیان دابوو.
سەرۆکی ئەمەریکا وتیشی بۆ یەکەم جار لە مێژووی نوێدا زۆرێک لە ئەمەریکاییەکان لەو بڕوایەدان وڵاتەکە بە ئاڕاستەیەکی دروستدا هەنگاو دەنێت، وە تەنیا لەو ماوە کورتدا 27 خاڵی تۆمارکردووە، ئەمەش بێ وێنەیە. هەروەها کۆمپانیا بچوکەکان گەشبینن و زۆرترین دەستکەوتیان لە یەک مانگدا هەبووە و گەیشتووەتە 41 خاڵ. ئاماژەی بەوە کرد لە ماوەی شەش هەفتەی ڕابردوو نزیکەی 100 بڕیاری جێبەجێکاری و زیاتر لە 400 بڕیاری کرداری واژوکردووە. وتیشی زۆرێک لە خەڵکی پێیان وتووە لە یەکەم مانگی سەرۆکایەتییەکەی سەرکەوتووترین مانگ بووە لە مێژووی ئەمەریکادا.
سەرۆک دانۆڵد ترامپ باسی لە دۆخی ئابوری کرد و وتی ڕزگارکردنی ئابوری و بەهاناچوونی خێزانە کاردارەکان لە سەرووی کارەکانی دەبن. وتیشی لە بەڕێوەبەرایەتی پێشوو کارەساتێکی ئابوری و هەڵئاوسانیان بۆ ماوەتەوە و سیاسەتەکانی بوونەتەوە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و خۆراک و بە ملیۆنان ئەمەریکایی دەستیان نەگەیشتووە بە پێداویستییەکانی ژیان. وتیشی لەوەتای 48 ساڵە ئەمەریکا دووچاری خراپترین هەڵئاوسان بووە، وە ئێستا ئەو ڕۆژانە هەوڵ دەدات ئەو زیانە کەمبکاتەوە و ئابورییەکە باشبکاتەوە.
ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی نرخی هێلکە لە بازاڕەکانی ئەمەریکا کرد و وتی جۆو بایدن سەرۆکی پێشوو وەهای کرد دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت، وە ئێستا بەڕێوەبەرایەتییەکەی کاردەکات بۆ دابەزینی نرخەکەی. باسی لە سیاسەتی بەڕێوەبەرایەتییەکەی سەبارەت بە وزە کرد و وتی یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی بۆ نەهێشتنی هەڵئاوسانی ئابوری ئەوە دەبێت بە خێرایی کاربکات بۆ دابەزینی نرخی سووتەمەنی. ڕەخنەی لە بەڕێوەبەرایەتی پێشوو گرت و وتی بە ڕێژەی 95% گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی کەمکردبووەوە و پرسی ڕاکێشانی لولەی سووتەمەتنی خاوکردبووەوە و زیاتر لە 100 وێستگەی وزەی داخست. وتیشی پێشتر دۆخی بەو شێوەیە نەبووە، بۆیە لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونیەوە باری نائاسایی لە کەرتی وزەی وڵاتەکە ڕاگەیاند.
سەرۆک ترامپ وتی بەڕێوەبەرایەتییەکەی کاردەکات بۆ ڕاکێشانی لولەی گازی سرووشتی لە ئالاسکا کە دەبێتە یەکێک لە درێژترین لولەی گاز لە جیهاندا ، بۆیە ژاپۆن و کۆریای باشور و وڵاتی دیکە دەیانەوێت ببنە هاوبەش، وە ئەم وڵاتانە بە تریلیۆنان دۆلار خەرج دەکەن. وتیشی هەر لەم هەفتەیەدا ڕێوشوێنێکی مێژوویی دەگرێتەبەر بۆ فراوانکردنی پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی کانزا و بەردە دەگمەنەکان لە ناو ئەمەریکادا.
یەکێک لە هەوڵەکانی سەرۆک ترامپ بۆ کەمکردنەوەی هەڵئاوسانی ئابوری لە وڵاتەکە، زیادکردنی ڕێژەی گومرگە لەسەر کاڵا بیانییەکان، بەڵام وڵاتانیش هەڕەشە دەکەن بەوەی ئەوانیش لە بەرامبەردا ڕێژەی گومرگ لە دژی کاڵا ئەمەریکاییەکان بەرزدەکەنەوە. سەرۆک ترامپ لەم بارەیەوە وتی چەندە گومرگ لەسەر کاڵا ئەمەریکاییەکان زیادبکەن، ئەمەریکا هێندەی دیکە گومرگ لەسەر کاڵاکانیان زیادەکات.
سەبارەت بە ڕێگەگرتن لە کۆچبەری نایاسایی، سەرۆک ترامپ وتی بەڕێوەبەرایەتییە نوێیەکەی گەورەترین هەڵمەتی لە مێژووی ئەمەریکا لەسەر سنوورەکان دەستپێکردووە و بە شێویەکی بێ وێنە کۆچبەرانی نایاسایی بۆ وڵاتەکە کەمکراوەتەوە. هەروەها وتی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دۆستەکانمان لە دیموکراتەکان بەردەوامبوون لە وتنەوەی ئەوەی پێویستمان بە یاسایەکی نوێیە بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی سنوورەکان، بەڵام دەرکەوت ئەوەی وڵاتەکە پێویستی پێی بوو سەرۆکێکی نوێ بوو.