Accessibility links

وەڵامی پارتی دیموکرات بۆ وتارەکەی ترامپ لە کۆنگرێس


دوابەدوای وتاری ساڵانەی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرێس کە شەوی سێشەممە 4ی مانگی سێ پێشکەشکرا، سیناتۆری دیموکرات ئەڵیسا سڵاتکین لە ویلایەتی میشیگان لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا وەڵامی پارتی دیموکراتی بۆ وتارەکەی سەرۆک ترامپی کۆماری خستەڕوو.

سڵاتکین ڕەخنەی لە پلانەکانی دانۆڵد ترامپ گرت، لەوانەش سەبارەت بە ئابووری و کۆچبەری و سیاسەتی دەرەوە و تۆمەتباری کرد بەوەی هەنگاوەکانی بە زیانی چینی مامناوەندی ئەمەریکا و لە بەرژەوەندی دەوڵەمەندەکانی نزیک لە خۆی هەڵگرتووە.

سیناتۆری دیموکراتەکان وتی ئەمەریکاییەکان سێ بیروباوەڕی بنەڕەتییان هەیە: چینی مامناوەندی هێزی بزوێنەری ئەمەریکایە؛ ئاسایشی نیشتمانی بەهێز، ئەمەریکا لە زیان دەپارێزێت و سێیەمیش ئەوەیە کە دیموکراسی ئەمەریکایی هەرچەندە هەندێکجار پشێویی تێدەکەوێت، بەڵام ناوازەیە و شایەنی ئەوەیە شەڕ بۆ پاراستنی بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد گۆڕانکاری پێویستن، بەڵام ئەو گۆڕانکاریانەی تا ئێستا لەلایەن بەڕێوبەرایەتی دانۆڵد ترامپ و ئیڵان ماسکەوە کردوویانە، ئاژاوەگێڕییان دروستکردووە و بەشێک لە فەرمانبەرانی حکومەت کە سەرەتا لەکارەکانیان دوورخراونەتەوە و لە بوارەکانی وەک ئەتۆمی و سەلامەتی فڕۆکەوانی و توێژینەوەی شێرپەنجە کاریان کردووە، "دوای دوو ڕۆژ" بانگهێشت کراونەتەوە سەر کارەکانیان. وتیشی هەر بەڕێوەبەرێک ئەم کارە بکات دەبوو لە کارەکەی دووربخرێتەوە.

سڵاتکین لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەمەریکا گۆڕانکاری پێویستە، بەڵام ڕێگەیەکی بەرپرسیارانە هەیە بۆ گۆڕانکاری و ڕێگەیەکی بێباکانە.

سیناتۆری دیموکراتەکان وتی پێویستە نرخی ئەو شتانە کەم بکەینەوە کە زۆرترین پارەیان بۆ دەدەین؛ خۆراک، خانووبەرە، چاودێری تەندروستی. ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ئەمەریکا بەرهەمی زیاتر لە ئەمەریکا بەرهەمبهێنێت، لەگەڵ هەلی کارێکی باشی سەندیکاکان، هەروەها پێویستە حکومەت زنجیرە دابینکردنەکانی لە وڵاتانی وەک چینەوە بگەڕێنێتەوە بۆ ئەمەریکا.

وتیشی پێویستە متمانە بە بازرگانانی ئەمەریکایی بکەین بۆ وەبەرهێنان و ڕەخساندنی هەلی کار لە داهاتوودا، هەروەها پێویستمان بە سیستەمێکی باج هەیە کە دادپەروەرانە بێت بەرامبەر بەو کەسانەی کە ملیاردێر نین.

ئەڵیسا سڵاتکین ئاماژەی بەوەشکرد سەرۆکی ئەمەریکا "ئیدیعای گەورەی کردووە" سەبارەت بە ئابووری، بەڵام هەمیشە گرنگە وردەکارییەکان بپشکنرێت. بە وتەی ئەو، پلانەکانی ترامپ یارمەتی ئەمەریکاییەکان نادات بۆ پێشکەوتن.

سیناتۆری دیموکراتەکان وتی "نرخی خۆراک و خانووبەرە بەرز دەبێتەوە نەک داببەزێت و تا ئێستا هیچ پلانێکی باوەڕپێکراو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسانەدا نەخڕاوەتەڕوو. باجی گومرگی لەسەر هاوپەیمانەکانی وەک کەنەدا دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی وزە و دار و ئۆتۆمبێل و شەڕێکی بازرگانی دەستپێدەکات کە زیان بە بەرهەمهێنەران و جووتیاران دەگەیەنێت. پارەی بیمەی تەندروستی و دەرمان گرانتر دەبن، چونکە حیساباتی پلانەکانی ترامپ بەبێ کەمکردنەوەی چاودێری تەندروستی کارناکات. قەرزی نیشتمانی بەرز دەبێتەوە نەک داببەزێت و ئەگەر وریا نەبین، ئەوا ئەم دۆخە دەتوانێت پاشەکشەی ئابووریمان بۆ دروست بکات".

ئاماژەی بەوەشکردووە "ڕەنگە دانۆڵد ترامپ دەستکاری لە یارمەتییەکانی خانەنشینی ئەمەریکاییەکان بکات، لەوانە بیمەی تەندروستی بۆ بەساڵاچووان و کەمداهاتەکان و ئاسایشی کۆمەڵایەتی،ئەمەش بۆ ئەوەی پارە بۆ پلانەکانی دابین بکات." سڵاتکین وتی "ترامپ بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو کارە ناکات، بەڵام ئیڵان ماسک ئەو یارمەتیانەی بە 'گەورەترین پلانی ساختەکاری هەرەمی لە مێژوودا' ناوبردووە".

سیناتۆری دیموکراتەکان هەروەها لەبارەی پرسی کۆچبەری ڕایگەیاند ئەمەریکا وڵاتێکی کۆچبەرانە و پێویستی بە سیستەمێکی کارامەی کۆچبەری هەیە کە لەگەڵ پێداویستییە ئابوورییەکانی ئەمەریکا بگونجێت و ڕێگە بە خەڵکی ڕێگەپێدراو بدات بە شێوەیەکی یاسایی لە ئەمەریکا کاربکەن، هەر بۆیەش چاوەڕێی پلانی سەرۆکە لەو ڕووەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد دونیای ئەمڕۆ بە قووڵی بەیەکەوە گرێدراوە و هیچ وڵاتێک ناتوانێت بە تەنها کێشەکانی کۆچبەری و هەڕەشەی ئەلیکترۆنی و زیرەکی دەستکرد و تێکدانی ژینگە و تیرۆر چارەسەر بکات و ئەمەریکا پێویستی بە دۆست هەیە لە هەموو گۆشەیەکی جیهاندا، ئاسایشی ئەمەریکاش بەندە بەوانەوە.

سڵاتکین وتی "ترامپ حەز دەکات بڵێت 'ئاشتی لەڕێگەی هێزەوە'، دەستەواژەیەک کە "لە ڕاستیدا لە ڕۆناڵد ڕیگانی دزیوە، بەڵام با پێتان بڵێم دوای نمایشەکەی هەفتەی ڕابردوو لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ، ڕیگان ئەگەر زیندوو دەبوو، لە تووڕەییدا لە گۆڕەکەی خۆی دەلەرزا." ئەو سیناتۆرە ئاماژەی بە دەمەقاڵەی نێوان ترامپ و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە کۆشکی سپی کرد.

سیناتۆری دیموکراتەکان وتی "هەموومان دەمانەوێت کۆتایی بە شەڕ لە ئۆکرانیا بهێنرێت، بەڵام ڕیگان دەیزانی کە دەسەڵاتی ڕاستەقینە پێویستی بە تێکەڵێکە لە لێهاتوویی سەربازی و ئابووری ئەمەریکا لەگەڵ ئەخلاق، بەڵام ئەو دیمەنەی لە ئۆفیسی سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی بینیمان، پوختەیەک بوو لە ڕوانگەی ترامپ بۆ جیهان."

ئەڵیسا سڵاتکین وتی "ئەمەریکا هەموو شتێکی تەواو نییە، بەڵام من لەگەڵ زۆرینەی ئەو ئەمەریکایانەدام کە پێیان وایە وڵاتەکەمان ناوازە و بێ هاوتایە و من هەر ڕۆژێک لە هەفتەدا پێم باشە لەلایەن ئەمەریکاوە سەرکردایەتی بکرێم نەک چین یان ڕووسیا، چونکە ئەمەریکا شتێکی باشتری پێشکەش بە نەوەکان کردووە کە ئەویش ئاسایش و خۆشگوزەرانی و هەروەها دیموکراسییە، ئەو سیستەمە حکومەتەی کە ئیلهامبەخش بووە بۆ جیهان."

XS
SM
MD
LG