سەرۆکوەزیرانی پاکستان ڕایگەیاند دەستگیرکردنی محەممەد شەریفوڵا، بەرپرسی سەرەکی هێرشی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان لە ساڵی 2021، لەئەنجامی هاوکاری دژە تیرۆری وڵاتەکەی و ئەمەریکا بووە.
محەممەد شەریفوڵا تیرۆریستی سەرەکی پشت تەقینەوە و هێرشە کوشندەکەی مانگی هەشتی ساڵی 2021ی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابول بووە کە لە کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان ڕوویداوە. ناوبراو دوای ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بە درێژایی سنووری پاکستان و ئەفغانستان دەستگیر کراوە.
لە کاتی تەقینەوەکەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابول نزیکەی 170 هاووڵاتی ئەفغانی و 13 سەربازی ئەمەریکایی کە ئەرکی پاراستنی ناوچەکەیان لە ئەستۆ بوو کوژران.
سوپای پاکستان ئۆپەراسیۆنێکی بەدرێژایی سنوورەکانی لەگەڵ ئەفغانستان بۆ گرتنی محەمەد شەریفوڵا، فەرماندەی باڵای گرووپی چەکداری دەوڵەتی ئیسلامی خۆراسان ئەنجامداوە.
هەواڵی دەستگیرکردنی محەممەد شەریفوڵا شەوی سێشەممە لە میانی وتارەکەی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرێس ڕاگەیەندرا.
سەرۆک ترامپ وتی تیرۆریستی سەرەکی کە لە کاتی "کشانەوەی زۆر خراپ"ی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، سەربازانی ئەمەریکای کوشتووە، گیراوە و سوپاسی حکومەتی پاکستانی کرد کە "ئەم ئەهریمەنە"ی گرتووە و ڕایگەیاند ئەو کەسە لە ڕێگادایە بۆ ئەمەریکا.
شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان دوای چەند کاتژمێرێک لە وتارەکەی ترامپ وتی "ئێمە بەردەوام دەبین لە کاری نزیک لەگەڵ ئەمەریکا بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا."
هەروەها سوپاسی سەرۆکی ئەمەریکای کرد کە باسی لە ڕۆڵی پاکستانی کرد لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پێزانینی خۆی دەربڕی.
سەرچاوە/رۆیتەرز
پاکستان: دەستگیرکردنی محەمەد شەریفوڵا لە ئەنجامی هاوکارییەکانی دژە تیرۆر لەگەڵ ئەمەریکا بووە
