کرێملین دەڵێت بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێک دەبێت لە دانوستانەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا و شارەزایانی ڕووسیاش بە ئاماژەدان بە بەشداری ستیڤ ویتکاف نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دانوستانەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا سەبارەت بە ئۆکرانیا پێیان وایە کە پرسەکانی ئۆکرانیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 'وەک پاکێجێک' باسیان لێوە دەکرێت.
دیمیتری پیسکۆڤ وتەبێژی کرێملین ڕۆژی چوارشەممە 5ی مانگی سێ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە لە ڕوانگەی ڕووسیاوە، چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی هەنووکەیی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ڕێگای سیاسی-دیپلۆماسییەوە باشترین چارەسەرە.
ناوبراو وتیشی "ئێمە پێمان وایە کە پۆتانسێلێکی لەو شێوەیە بوونی هەیە، چونکە ئێران هاوبەش و هاوپەیمانی ئێمەیە، وڵاتێکە کە ئێمە پەیوەندیی هەمەلایەنە و قازانجی هاوبەشمان لەگەڵدا هەیە، ئێمەش لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر ئەو پەیوەندییانە فراوانتر دەکەین."
پێسکۆڤ جەختی لەوە کردەوە کە "مۆسکۆ ئامادەیە هەموو هێزی خۆی بەکاربهێنێت و واشنتنیش ئاگاداری ئەم هەڵوێستەیە".
ڕۆژێک پێش ئەم قسانەی وتەبێژی سەرۆک کۆماری ڕووسیا، بلومبێرگ نیوز لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە حکومەتی ڕووسیا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر "یارمەتیدان"ی دانۆڵد ترامپ لە پەیوەندیکردن لەگەڵ ئێران سەبارەت بە پرسگەلێکی وەک بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و چالاکییە ناوچەییەکان.
دوای ڕاپۆرتەکەی بلومبێرگ برایان هیوز، وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند بەڕێوبەرایەتی ترامپ "لە پێگەی بەهێزەوە" لەگەڵ دۆست و دوژمن سەبارەت بە ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا قسە دەکات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە، کە نەیویستوە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەیامنێری دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە "ڕووسەکان پێشنیاریان کردووە نێوەندگیری ئەمەریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکەن،ئەمەش لەکاتێکدایە ئەوان داوایان لێ نەکراوە ئەم ڕۆڵە بگێڕن".
برایان هیوز هەروەها لە وەڵامەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە دانۆڵد ترامپ "بە درێژکردنەوەی فەرمانی زۆرترین فشار بۆ سەر ئێران تەنها چەند ڕۆژێک دوای دەستبەکاربوونی لە خولی دووەمی خۆیدا، بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە ئەمەریکا تەحەمول ئەوە ناکات ئێران چەکی ئەتۆمی دەستکەوێت یان پاڵپشتی لە تیرۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە سەرانسەری جیهاندا بکات.
دوای ئەوەی کەناڵی تەلەفزیۆنی سەر بە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە زاری پێسکۆڤ بڵاویکردەوە کە مۆسکۆ و واشنتن گفتوگۆ لەسەر بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران دەکەن، ئاژانسی هەواڵی تاس بە پشتبەستن بە هەمان بەرپرسی ڕووسیا نووسیویەتی "نا، گفتوگۆی لەو شێوەیە نەکراوە". پێسکۆڤ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تاس ڕوونی کردەوە "بە شێوەیەکی گشتی گوتوومە کە ڤلادیمێر پوتن هەمیشە جەختی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی ئەتۆمی ئێران بە شێوەیەکی ئاشتیانە کردووەتەوە و ڕووسیاش وەک هاوپەیمان و هاوبەشی ئێران ئامادەیە لەم پرۆسەیەدا هاوکاری بکات."
پێسکۆڤ ڕۆژی چوارشەممە لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "پرسی ئێران تاوتوێ کراوە، بەڵام بە بێ وردەکاری." ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەم بابەتە بەگشتی لە بەرنامەی کاردایە".
بەگوێرەی ڕاپۆرتی بلومبێرگ، بە پشتبەستن بە سەرچاوە ڕووسیەکان کە نەیانویستووە ناوەکەیان ئاشکرا بکرێت، لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی مانگی ڕابردوودا لە نێوان سەرۆک ترامپ و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕازی بووە بە "نێوەندگیری" لە دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێراندا، هەروەها ئەو پرسە دوو هەفتە لەمەوبەر لە یەکەم وتووێژی نێوان بەرپرسانی باڵای ڕووسیا و ئەمەریکا تاوتوێ کراوە.
لە بەیاننامەی فەرمی کرێملیندا، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران وەک یەکێک لە تەوەرەکانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان سەرۆک کۆماری ڕووسیا و ئەمەریکا باس کرا.
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە سروشتییە وڵاتان هاوکاری پێشکەش بکەن.
هەفتەی ڕابردوو عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەردانەکەی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بۆ تاران ئیدیعای کردبوو کە هاوتا ڕووسییەکەی "پەیامێکی دیاریکراوی لە ئەمەریکاوە پێنەبووە"، بەڵام سەرچاوە ئاگادارکراوەکان بە بلومبێرگیان ڕاگەیاندووە کە لاڤرۆڤ وردەکاریی دانوستانەکانی لەگەڵ شاندی ئەمەریکایی لە سعودیە لەم سەردانەدا لەگەڵ لایەنی ئێرانی هاوبەش کردووە.
لاڤرۆڤ لە تاران ڕایگەیاند کە "پێویستە کەرەستەی دیپلۆماسی بەبێ هیچ هەڕەشەیەکی هێز و فشار بەکاربهێنرێت". ناوبراو وتیشی "ڕۆژئاوا بەرپرسە لە قەیرانی ئەم دواییە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نەک تاران."
لاڤرۆڤ کە بەردەوام ڕەخنەی لە ڕۆژئاوا و "بەتایبەت" ئەمەریکا گرتووە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەستەواژەی "ڕۆژئاوا"ی تەنها بۆ ڕەخنەگرتن لە یەکێتی ئەوروپا بەکارهێناوە و لە گۆڕانکارییەکی بەرچاودا لە هەڵوێستی پێشووی، ئەمەریکای بە "هێزێکی بنیاتنەر" ناوبردووە.
سەرچاوەکان/دەنگی ئەمەریکا/ڕادیۆ فەردا