Accessibility links

تورکیا بەنیازە دیوارێک لەسەر سنووری وڵاتەکەی لەگەڵ یۆنان دروست بکات


تورکیا بەنیازە دیوارێک لەسەر سنووری خۆی لەگەڵ یۆنان دروست بکات بۆ ئەوەی ڕێگری لە چوونی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ یەکێتی ئەوروپا بکات.

یونس سەزەر، پارێزگاری پارێزگای ئێدیرنەی تورکیا ڕۆژی سێشەممە 4ی مانگی سێ ڕایگەیاند لە قۆناغی یەکەمدا، دروستکردنی 8.5 کیلۆمەتری دیوارەکە لەمساڵدا دەست پێدەکات.

پارێزگای ئێدیرنە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای تورکیا و هاوسنوورە لەگەڵ دوو وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، یۆنان و بولگاریا. بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ بەشی یەکەمی دیوارەکە تەواو بکرێت و بەشی زیاتریش بەدوادا دێت.

سەزەر هەروەها ڕایگەیاندووە بڕیارە لە داهاتوودا بەشێکی زیاتری دیوارەکە بەدرێژایی سنووری وشکانیی نێوان تورکیا و یۆنان بە درێژایی 200 کیلۆمەتری دروست بکرێت.

تورکیا و یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی 2016 ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی ڕێژەی ئەو کۆچبەرانەیە کە لە ڕێگەی تورکیاوە دەچنە ناو یەکێتی ئەوروپا.

لەگەڵ ئەوەشدا کۆچبەران بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە یۆنان لە ڕێگەی تورکیاوە، بە تایبەت لە ڕێگەی دەریاوە. ئەم ڕێگایە مەترسیدارە چەندین جار بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی پەنابەران.

لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، 105 هەزار و 437 کۆچبەر لە دەریاکانی تورکیادا ڕێگرییان لێکراوە و ژمارەیەکی زۆریان لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی کەناراوەکانەوە ڕزگارکراون.

داتاکان دەریانخستووە کە زۆرترین ژمارەی کۆچبەرانی نایاسایی لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا خەڵکی ئەفغانستان بوون و لە دوای ئەویش سوورییەکان بوون. ڕەوتی کۆچبەران تەنیا بۆ وڵاتانی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە و کۆچبەرانی وڵاتانی ئەفریقاش پێیان باشترە تورکیا وەک شوێنک بۆ گەیشتن بە ئەوروپا لە هەندێک حاڵەتدا بەکاربهێنن.

بە پێی داتاکانی تورکیا تەنها لە ساڵی ڕابردوودا 23 هەزار و 330 کەس لە نوقمبوون لەئاوەکانی نێوان تورکیا و یۆنان ڕزگارکراون و 41 تەرمی کۆچبەرانیش بەخنکاوی دەرهێنراون. هێشتا تەرمی یازدە کەس لە دەریادا بێسەروشوێنن.

لە ساڵانی ڕابردوودا تورکیا زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر دیواری سنووری بە درێژایی سنوورەکانی لەگەڵ ئێران و سووریا دروست کردووە.

ئامانج لەم ڕێوشوێنانە ڕێگریکردنە لە هاتنی نایاسایی کۆچبەران بۆ ناو خاکی تورکیا و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان لە نزیکەوە. ئێستا وادیارە دروستکردنی دیوارێک لەسەر سنووری یۆنان پیشاندەری هەوڵە نوێیەکەی ئەنکەرەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەڕینەوەی نایاسایی کۆچبەران بۆ ئەوروپا.

سەرچاوە/دەیڵی سەباح

XS
SM
MD
LG