Accessibility links

ئەمەریکا 20 میلیۆن دۆلار دەداتە هەر کەسێک زانیاری لەسەر دوو بەرپرسی ئێران بدات


لە سەروبەندی هەژدەهەمین ساڵوەگەڕی دیارنەمانی هاووڵاتی ئەمەریکایی، ڕابێرت لڤینسۆن لە ئێران، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا خەڵاتی تا 20 ملیۆن دۆلاری داناوە بۆ هەر کەسێک کە زانیارییەکانی ببێتە هۆی دەستگیرکردنی دوو کارمەندی ئیتلاعاتی ئێرانی کە گومانی تێوەگلانیان لەسەر هەیە لە ڕفاندنی ڕابێرت لڤینسۆن.

بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەری کە لقێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکایە، ڕۆژی چوارشەممە5ی مانگی سێ وێڕای بڵاوکردنەوەی وێنەی دوو بەرپرسی باڵای وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ناوەکانی "محەممەد باسری" و "ئەحمەد خەزایی"، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دوو کەسە "گومان دەکرێت دەستیان هەبووبێت لە ڕفاندن و دەستبەسەرکردن و ئەگەری گیانلەدەستدانی لڤینسۆن ".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە لە لایەن ئەو پرۆگرامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەرچووە، هاتووە "ئەگەر زانیاریتان هەیە لەسەر محەمەد باسری، ئەحمەد خەزایی، وەزارەتی ئیتلاعات، یان هەر تاکێک یان قەوارەیەکی تر کە تێوەگلاون لە دیارنەمانی لیڤینسۆن، تکایە زانیارییەکان بۆ پرۆگرامی پاداشت بۆ دادپەروەری بنێرن."

ڕابێرت لڤینسۆن، هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی و بریکاری خانەنشینکراوی ئێف بی ئای هەژدە ساڵ لەمەوبەر لە مانگی سێی ساڵی 2007 لە کاتی گەشتێکی بازرگانیدا بۆ دوورگەی کیش لە ئێران ڕفێندرا.

مانگی ڕابردوو نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریکا (FBI) ڕاگەیاندراوێکی هاوشێوەی بڵاوکردەوە و تیایدا پاداشتی تا پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ هەر زانیارییەک کە دەبێتە هۆی بەدواداچوون و گەڕانەوەی لیڤینسۆن ڕاگەیاند.
بەرپرسی بەشی دژە تیرۆری ئێف بی ئای لە واشنتن ڕایگەیاندووە لێکۆڵینەوە بەرفراوانەکانی ئێف بی ئای لەم بابەتە بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی زانیاری نوێ و ئەوان هەموو بژاردەکان دەگرنە بەر بۆ لێپرسینەوە لە هەر بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی ئێران کە تێوەگلاوە لە ڕفاندنی لیڤینسۆن.

ئێف بئ ئای دەڵێت سەرەڕای دەرکردنی فەرمانی ڕفاندن و دەستبەسەرکردنی ڕابێرت لیڤینسۆن، کۆماری ئیسلامی ئیران بۆ ماوەی نزیکەی 18 ساڵ ڕەتیکردەوە هیچ زانیارییەکی لەبارەی شوێنی ئەو هاووڵاتییە ئەمەریکاییەوە هەبێت و هەوڵیدا بە دەستپێکردنی هەڵمەتی زانیاری ناڕاست، سەرنج لە ڕۆڵی خۆی لەو کردەوەیە لابدات.

لە مانگی دوازدەی ساڵی 2020، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی دەرەکیی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، سزای سەپاندە سەر ئەو دوو کەسایەتییە هەواڵگرییە کۆماری ئیسلامیەی ئێران بە تۆمەتی ڕۆڵیان لە ڕفاندنی لێڤینسۆندا.

بەگوێرەی بەیاننامەی وەزارەتەکە، باسری لە چالاکییەکانی "دژە هەواڵگری" لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران و هەروەها "لێکۆڵینەوە هەستیارەکان"ی پەیوەست بە پرسەکانی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەوە دەستی هەبووە، هەروەها ڕاستەوخۆ هاوکاری لەگەڵ بەرپرسانی هەواڵگری وڵاتانی دیکە کردووە بۆ زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG