ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕۆژی چوارشەممە داوای لە هێزەکانی تورکیا و چەکدارانی پەکەکە کرد لە باکووری ئەو وڵاتە بکشێنەوە ئەگەر پرۆسەی ئاشتی نێوان ئانکەرە و پەکەکە بە سەرکەوتووانە جێبەجێ بکرێت.
قاسم ئەلئەعرەجی بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت " ئێمە ئەمانەوێت نە پەکەکە و نە لەشکری تورکیاش لەسەر خاکی ئێمە بمێنن. عێراق دەیەوێت هەمویان بکشێنەوە."
گوتیشی " تورکیا زیاتر لە جارێک ڕایگەیاندووە کە هیچ تەماحێکی خاکی لە عێراقدا نییە".
ڕاگەیاندنەکەی ئەلئەعرەجی لە کاتێکدایە ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدوڵا ئۆجەلان هەفتەی ڕابردوو پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی بڵاو کردەوە و تیایدا داوای لە پەکەکە کرد خۆی هەڵبوەشێنێتەوە لە چوارچێوەی هەوڵێکی نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەکی درێژخایەن کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس لە ماوەی نزیکەی 40 ساڵی ڕابردوودا.
ئۆجەلان ڕۆژی پێنجشەممە لە پەیامێکدا لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی گوتی پێویستە پارتی کرێکارانی کوردستان یان پەکەکە کۆنگرە ببەستێت و بڕیاری هەڵوەشاندنەوە بدات.
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا کە لەلایەن شاندی دەم پارت بڵاو کرایەوە بە پەکەکەی ڕاگەیاند "کۆنگرەی خۆتان بکەن و بڕیار بدەن، دەبێت هەموو گروپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە".
گوتیشی " ئەو چارەسەرانەی لەسەر بنەمای نەتەوەپەرستیی توندڕەو بنیاتنراون، وەک دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی جیاواز، یان فیدراڵی، یان ئۆتۆنۆمی، یان چارەسەری کولتووری، پێداویستییەکانی مافە کۆمەڵایەتییە مێژووییەکانی کۆمەڵگە دابین ناکەن.