ئەمەریکا سزا دەخاتە سەر حەوت سەرکردەی حوسییەکانی یەمەن و هاووڵاتییەکی مەدەنی و وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە 5ی مانگی سێ ڕایگەیاند کە ئەم کەسانە کەرەستەی سەربازی و سیستەمی چەکیان بە قاچاخ بردووە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان و هەروەها گفتوگۆیان لەگەڵ ڕووسیا کردووە بۆ کڕینی چەک بۆ حوسییەکان.
لەبەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هاتووە هاتووە ئەمەریکا سزای بەسەر ئۆپەراتۆرێکی حوسی و کۆمپانیاکەی داوە کە خەڵکی سڤیلی یەمەنیان بۆ شەڕکردن بۆ ڕووسیا لەدژی ئۆکرانیا دامەزراندووە و داهاتیان بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆپەراسیۆنە چەکدارەکانی حوسییەکان دەستکەوتووە.
ئەم بەیاننامەیە ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە واشنتن حوسییەکانی یەمەن وەک "گرووپێکی تیرۆریستی بیانی" دەستنیشان کرد.
بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن چوار ساڵ لەمەوبەر ئەو گرووپەی لە لیستی تیرۆریستی ئەمەریکا لابرد، ئەمەوش بە ئامانجی ئاسانکاری بۆ هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی یەمەن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "لەهەموو ئامرازەکانی بەردەست بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی حوسییەکان کەڵک وەردەگرین و لەگەڵ حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن کاردەکەین بۆ لەناوبردنی تواناکانی حوسییەکان."
ئاماژەی بەوەشکردووە حکومەتی ئەمەریکا پابەندە بە لێپرسینەوە لە حوسییەکان لە بەرامبەر هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی چەک و پارچەی چەک لە کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕووسیا و چین بە ئامانجی هەڕەشەکردن لە ئاسایشی دەریای سوور.
ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە گرووپی میلیشیای یەمەنی ئەنسار اللەی ناسراو بە حوسییەکان کە کۆماری ئیسلامی پشتیوانیی دەکات، بە "رێکخراوی تیرۆریستی بیانی" دەستنیشان کرد.
مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەو هەواڵەی ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کارە یەکێک لە یەکەم بەڵێنەکانی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا جێبەجێ دەکات.