لە ڕاپۆرتێکدا کە لە لایەن دەنگی ئەمەریکاوە ئامادە کراوە، هاتووە کە لێکۆڵەرە ئەمنی و ئاسایشیەکان مانۆڕە سەربازییەکانی دوو مانگی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان شی کردۆتەوە و بە "بێ وێنە" ناودێریان کردووە.
لێکۆڵەرە ئاسایشیەکان بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاندووە مانۆڕە سەربازییە بەرفراوانەکان کە لە دوو مانگی ڕابردوودا خەریکە بەڕێوەدەچن و ئامانجیان ڕاگرتنی هێرشە ئەگەرییەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکایە، لە قۆناغی کۆتایی نزیکبووەتەوە.
بە وتەی ئەو شارەزایانە مانۆڕەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا کۆتایی پێبێت، بریتین لە کۆمەڵێک سیستەمی چەک کە مەترسی بۆ سەر ئەمەریکا و ئیسرائیل دروست دەکەن و هەندێک چەکی دیکە کە لاوازییەکانی تواناکانی ڕێگریی حکومەتی ئێران ئاشکرا دەکەن.
بێهنام تالێبلو، توێژەر لە دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسیەکان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە "خێرایی و چڕی و گشتیی بوونی ئەم مەشقانە بێ وێنەیە".
فەرزین نەدیمی لە ئینستیتیوتی واشنتن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک کە لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا لە بواری سەربازی کۆماری ئیسلامی ئێران لێکۆڵینەوەی کردووە، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە تا ئێستا نەیبینیوە کۆماری ئیسلامی لە ماوەیەکی وا کورتدا ئەوەندە مانۆڕ ئەنجام بدات.
میدیاکانی دەوڵەتی ئێران بڵاویان کردەوە کە ئەو مانۆڕانە لە 28ی مانگی دوازدەوە بە بەشداریی هێزی جۆراوجۆری سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی و ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەو وڵاتە دەستی پێکردووە.
مەشقەکانی بەرگری ئاسمانی سوپای پاسداران و سوپا لە نزیک دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نەتەنز و فۆردۆ و ڕیاکتۆری ئەراک لە خەنداب بەشێک بوون لەم زنجیرە مانۆڕە سەربازییە.
مانۆڕی دەریایی سوپای پاسداران لە کەنداو، خولی دووەمی مانۆڕی زەمینی سوپای پاسداران لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران و مانۆڕی سوپا لە باشووری ئێران و ئاوەکانی کەنداوی عومان و باکووری زەریای هیندی بەشێکی دیکە بوون لە مانۆڕە سەربازییەکان کە لەم چوارچێوەیەدا ئەنجام دراون.
کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران و میدیای دەوڵەتی ئەو مانۆڕانەیان بە چەند ئامانجێک وەسف کردووە، لەوانە بەرزکردنەوەی مۆڕاڵی گشتی، بەهێزکردنی توانای بەرگری و هێرشبەری، یەکخستنی هێزە سەربازییەکان و کەڵک وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای ڕەسەن بۆ ڕێگریکردن لە هەڕەشە دەرەکییەکان.
نەدیمی باس لەوە دەکات کە حکومەتی ئێران بە ڕوونی شاهیدی زیادبوونی هەڕەشە سەربازییەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکایە.
لەدوای گەڕانەوەی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆشکی سپی، ئەمەریکا هۆشدارییەکانی بۆ کۆماری ئیسلامی چڕتر کردووەتەوە سەبارەت بە لێکەوتەکانی بەرزکردنەوەی ئاستی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ ئاستی چەکی ناوکی. تاران لە مێژە هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەدات، هەرچەندە دەڵێت مەبەست لە چالاکییە ناوکییەکانی ئاشتیانەیە و بۆ بۆمبی ناوکی نییە.
ترامپ لە میانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانی هاوبەشەکەی ئەم دواییەی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتی "ئەوان ناتوانن چەکی ئەتۆمییان هەبێت و ئەگەر پێموایە پێچەوانەی ئەوەی من وتم، چەکی ئەتۆمییان ببێت، پێموایە ئەوە زۆر دەبێتە مایەی داخ بۆیان."
ناتانیاهۆ هەروەها لە دیداری ئەم دواییەی لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ئۆرشەلیم ئاماژەی بەوەدا کە ئیسرائیل لە ماوەی 16 مانگی ڕابردوودا "گورزێکی گەورە"ی لە میحوەری تیرۆری کۆماری ئیسلامی ئێران داوە.
هێرشەکانی ئیسرائیل یەکەم هێرشی ئاسمانی گەورەی ئەو وڵاتە بۆ سەر پێگەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوخۆی ئەو وڵاتە بوو.
لە وەڵامی داواکاری دەنگی ئەمەریکا بۆ لێدوان سەبارەت بە مانۆڕە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە وڵاتەکە "هەڵسەنگاندنی بارودۆخی بەردەوام ئەنجام دەدات بۆ دڵنیابوون لە ئامادەیی بۆ کۆمەڵێک سیناریۆی بەرفراوان، چ بەرگری و چ هێرشبەری".
وتەبێژی نەتانیاهۆ لە وەڵامی پرسیاری دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی حکومەتی ئیسرائیل بۆ مانۆڕە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک بدات.
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وەڵامی لێکۆڵینەوەکانی دەنگی ئەمریکای سەبارەت بەو مانۆڕانە نەدایەوە.
لەنووسینی مایکڵ ڵیپین لە دەنگی ئەمەریکا