Accessibility links

ناردنی بارێکی پارە لە ڕووسیاوە بۆ سوریا؛ ڕۆیتەرز دەڵێت نیشانەی باشتربوونی پەیوەندییەکانە


بەرپرسێکی حکومەتی سوریا ڕۆژی پێنجشەممە 6ی مانگی سێ بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە حکومەتی ئەو وڵاتە بارێکی نوێی دراوی سوریای وەرگرتووە کە لە ڕۆژی چوارشەممە 5ی مانگی سێ لە ڕووسیا چاپکراوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز نووسیویەتی لە داهاتوودا چاوەڕوانی باری زیاتر لە ڕووسیاوە بۆ ناو سووریا دەکرێت وئەمەشی بە نیشانەیەکی نوێ بۆ باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و فەرمانڕەوا نوێیەکانی سووریا ناودێر کردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە سەرچاوەیەکی ئاگاداری سوریایی هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەو بارە ئاسمانییە ڕۆژی چوارشەممە گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی دیمەشق و بە کاروانێکی چەند بارهەڵگرێک بۆ بانکی ناوەندی سوریا گواستراوەتەوە.

دوای ئەوەی گرێبەستی پێشووی دیمەشق لەگەڵ لقێکی بانکی ناوەندی نەمسا بەهۆی سزاکانی ئەوروپا کە لە شەڕی 13 ساڵەی ناوخۆی سوریادا سەپێنرابوو هەڵوەشایەوە، حکومەتی ئەو وڵاتە بە گرێبەستێکی چەند ملیۆن دۆلاری ڕووسیای بۆ چاپکردنی دراوەکەی هەڵبژارد.

تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا گرێبەستەکە ئێستا بە هەمان مەرجەکان بەردەوامە یان نا. بەڵام سەرچاوەیەک بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات لە شوێنی خۆیدا ماوەتەوە.

ڕووسیا لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سوریا کە 13 ساڵە بەردەوام بوو، پشتیوانی حکومەتی بەشار ئەسەدی کرد.

ڕژێمی ئەسەد ساڵی ڕابردوو لە دوای ئۆپەراسیۆنی گرووپێکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی بە سەرۆکایەتیی هەیئەت تەحریر شام ڕووخێنرا.

لە ئێستادا ڕووسیا بەردەوامە لە بەکارهێنانی بنکەی دەریایی تارتوس و بنکەی ئاسمانی حەمیمیم.

سەرچاوە/رۆیتەرز

XS
SM
MD
LG