Accessibility links

فڕۆکە جەنگییەکانی کۆریای باشوور لە کاتی مانۆڕی سەربازی بە هەڵە ناوچەیەکی مەدەنی خۆیان بۆردومان دەکەن


دوو فڕۆکەی جەنگی کۆریای باشوور ڕۆژی پێنجشەممە 6ی مانگی سێ لە میانی مانۆڕێکی هاوبەش لەگەڵ سوپای ئەمەریکا بە هەڵە ناوچەیەکی مەدەنی خۆیان بۆردومان کرد و بەهۆیەوە هەشت کەس بریندار بوون.

بەگوێرەی ئاماری فەرمانگەی بەڕێوەبردنی فریاکەوتنی ئەو وڵاتە، لە ڕووداوەکەدا شەش هاووڵاتی مەدەنی و دوو سەرباز برینداربوون و لە ئێستادا لە نەخۆشخانە چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە چوار بریندارەکە کە سەرجەمیان هاووڵاتی مەدەنین، باری تەندروستییان ناجێگیرە. هاوکات دوو هاووڵاتی بیانی لە تایلەند و میانماریش بریندار بوون.

هەروەها سێ خانووی نیشتەجێبوون و کڵێسایەک زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام پێناچێت بۆمبەکان ڕاستەوخۆ بەر ئەو بینایانە کەوتبن.

ڕووداوەکە لە شاری پۆچیۆن ڕوویداوە کە دەکەوێتە نزیک سنووری کۆریای باکوور کە بە توندی پاسەوانی دەکرێت.

هێزی ئاسمانی کۆریای باشوور لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە هەشت بۆمب لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە لە دەرەوەی ناوچەی مەشقەکە فڕێدراونەتە خوارەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هێزی ئاسمانی، لیژنەیەک پێکدەهێنرێت بۆ بەدواداچوون بۆ هۆکاری ڕووداوەکە و هەڵسەنگاندنی ڕادەی زیانەکان.

بەرپرسێکی هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە بە ڕۆژنامەنووسانی ناوخۆیی ڕاگەیاندووە فڕۆکەوانی یەکێک لە فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری KF-16 بە هەڵە چووەتە ناو شوێنێک کە بۆ ناوچەی بۆردومان دەستنیشان نەکراوە. جگە لەوەش بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریش ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوەی زیاتر پێویستە بۆ ئەوەی بزانرێت بۆچی بۆمبەکانی فڕۆکەی جەنگی دووەم لە ناوچەیەکی مەدەنی کەوتوونەتە خوارەوە.


بایک یۆنگ هیون، سەرۆکی شارەوانی شاری پۆچئۆن بۆردومانەکەی بە "ترسناک" ناودێر کرد و داوای لە سوپای وڵاتەکەی کرد کە مانۆڕە سەربازییەکانی لە شارەکەدا ڕابگرێت تا ئەو کاتەی ڕێوشوێنی کاریگەر دەگیرێتەبەر بۆ ئەوەی ڕووداوی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.

دوابەدوای ئەو ڕووداوە، سوپای کۆریای باشوور ڕایگەیاند کە سەرجەم مانۆڕەکانی ئەو وڵاتە ڕاگیراون.

سەرچاوە/AP

XS
SM
MD
LG